كوشتنی گەنجانی كورد لەسوید و وڵاتانی تری ئەوروپا گومانى دروستكردووە

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 4365‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵ 11 گه‌نجی كورد له‌ سوید كوژراون و سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری په‌نابه‌رانیش ده‌ڵێت: "كوشتنی گه‌نجانی كورد له‌ سوید و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا جێگه‌ی گومانه‌".

ئاری جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لە چەند رۆژی رابوردوودا لەناوچەی (بلاك بێرگ)ی باكووری رۆژئاوای ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، گەنجێك بەناوی رۆژ شەماڵ تەمەن 23 ساڵ، لەبەردەم ماڵەكەی لەلایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێكرا و كوژرا. 

رۆژ گۆرانیبێژ بووە و راپەر بووە، بەپێی وتەی ئەندامانی خێزانەكەشی هیچ پەیوەندییەكی بەكاری توندوتیژییەوە نەبووە و تائێستاش هۆكاری كوشتنی كوڕەكەیان نازانن.

وتیشی: "دیدەن كە گەنجێكی كورد بوو بەهەمانشێوەی رۆژ، مانگی رابوردوو لەلایەن گرووپێكەوە لە سوید كوژرا، ئەگەرچی هاوڕێ و بەشێك لە ناسیاوەكانی ئەو گەنجە دەڵێن لەكاری چەتەگەرییەوە تێوەگلابوو، بەڵام ئەندامانی خێزانەكەی ئەوە رەتدەكەنەوە".

ئاری جه‌لال، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بەپێی ئامارێكی پۆلیسی سوید، تەنیا ئەمساڵ لە ستۆكهۆڵم 9 كەیسی كوشتنی گەنجان تۆمار كراوە، بۆیه‌ كوشتنی گه‌نجانی كورد له‌ سوید و وڵاتانی ئەسكەندەنافیا جێگەی گومانە".

هەر هه‌فته‌ی رابوردوو، دوو گه‌نجی دیكه‌ی كورد له‌ سوید كوژران كه‌ یه‌كێكیان خه‌ڵكی هه‌ولێر و ئه‌وی دیكه‌شیان خه‌ڵكی باكووری كوردستان بووه‌.

سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه‌، راشیگه‌یاند "لە سوید كوشتن بەدەستی گروپە چەتەكان بەردەوامە و پۆلیسی ئەو وڵاتە ئامارێكی نوێ لەبارەی زۆربوونی حاڵەتەكانی كوشتن بڵاودەكاتەوە، تەنانەت فینلەندا و چەند وڵاتێكی تری ئەسكەندەنافیای گرتۆتەوە.

ئاری جه‌لال، ده‌شڵێت: "ئەگەرچی كوشتنی گەنجە بیانییەكان لە سوید زیاتر دەبینرێت‌، بەڵام ئێستا ئەو رووداوانە لە وڵاتانی دراوسێی سویدیش بەرەو زیادبوون دەچن، لەوانەش نەرویج و فینلەندا كە تەنیا لەماوەی مانگی رابردوودا، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانی گەنجی تازەپێگەیشتوو لە فینلەندا تۆماركراون كە بەشێكیان جێی گومانن". 

رۆژی 25ی نیسانی ئەمساڵ گۆرانیبێژێكی كورد بەناوی ئاری قەرەداغی لەشاری هیلسنكی بە رووداوی هاتوچۆ مرد، بەڵام هەندێك لە كوردی ئەو وڵاتە گومانیان لە رووداوەكە هەیە.

لە كۆتایی ساڵی رابردوودا گەنجێكی تری كورد بەناوی شایان لە ستۆكهۆڵم لەلایەن گرووپێكەوە كوژرا، ئەمەش چالاكڤانانی ئەو وڵاتەی هێنایە سەرشەقام و بڕیاریاندا پێكەوە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە ببنەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure