باڵدار-ی خەمخۆری منداڵانی كورد و خوێندەواریی

هەواڵ / که‌لتور :: 11/07/2019‌ :: 208‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ئیبراھیم ئەمین باڵدار، ساڵی ١٩٢٠ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەكی ناودار‌ لەدایكبووە و لە حوجرەوە دەستی بەخوێندن كردووە.


خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندیی لە سلێمانی تەواوكردووە، پاشان چووەتە بەغدا و (خانەی مامۆستایانی لادێ)ی خوێندووە. ساڵی ١٩٤٠ کراوە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە پارێزگای سلێمانی و لە گەلێک شار و دێھاتەکانی كوردستان مامۆستایی کردووە.


مامۆستا باڵدار، لە ناوەڕاستی ساڵانی چل-ی سەدەی رابوردووەوە نەخشە و پرۆژەی (ئەلف و بێ‌ ی نوێ‌)ی بۆ فێرکردنی منداڵان بە رێنووسی زمانی کوردی هەبووە و لە كۆتایی چلەكان و سەرەتای پەنجاكاندا تەواوی كردووە و  پرۆژەكەی لەلایەن پەروەردەی سلێمانی و وەزارەتی مەعاریفی عێراق و رێكخراوی یونسكۆ-ی نێودەوڵەتیشەوە پەسەند كراوە.


ئەلف و بێ‌ نوێكەی باڵدار بە شێوازی (رستە)یی دەوترایەوە نەک دەنگی (پیت و تاکە وشە) واتا نەك (حونجەكردن). هەردوو هونەرمەند (ترودی میتلمان‌ و بەدیع باباجان) خۆشنووسی ‌و وێنە رەنگاوڕەنگەكانی كتێبەكەیان كێشاوە. ئەم كتێبە كە لەو كاتەوە نەوە بە نەوەی فێری خوێندەواری و نووسین و پەروەردە كردووە، چاپی یەكەمی لە بەغدا و لە دووتوێی 98 لاپەڕەدا بۆ كراوە و دواتر دەیانجار چاپكراوەتەوە بۆ فێركردن و پەروەردەكردنی منداڵانی  كورد.


هەر بەو ئامانجە، ئیبراهیم باڵدار، كتێبی (ئەلفوبێ‌ بۆ گەوران)یشی گەڵاڵەكردووە و ئەویشی لە دووتوێی 78 لاپەڕەدا بەچاپ گەیاندووە كە لە دەوامی ئێوارانی قوتابخانەكاندا دەخوێنرا.


باڵدار-ی خەمخۆری منداڵانی كورد و خوێندەواریی، كۆلیژی ئابوری و بازرگانیی زانكۆی بەغدای تەواوكردووە و دواتریش بڕوانامەی ماستەری لە بواری پەروەردە لە زانكۆی سانفرانسیسكۆ-ی ئەمریكا  بەدەستهێناوە و ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و لە زانكۆكانی سلێمانی و سەلاحەدین و موستەنسریەی بەغدا وانەی وتووەتەوە.


مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە 11ی تەموزی ساڵی 1998 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كردووە. لەسەر وەسێتی خۆی هێنراوەتەوە بۆ كوردستان و لە گردی سەیوان-ی شاری سلێمانی بەخاك سپێردراوە.


ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید
پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure