په‌رله‌مانتارێكی عێراق چه‌ندین گه‌نده‌ڵیى ئاشكراده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 12/07/2019‌ :: 360‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

په‌رله‌مانتارێكى سه‌ر به‌ فراكسیۆنى (حیكمه‌)ى ئۆپۆزیسیۆنى عێراق، چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى مه‌ترسیدار ده‌رباره‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێكى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ئاشكرا ده‌كات و به‌ پاشاگه‌ردانى له‌قه‌ڵه‌مى ده‌دات.


مه‌حمود مه‌لا ته‌ڵاڵ، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ سه‌ر لیستى حیكمه‌، كه‌ لایه‌نێكى نه‌یارى حكومه‌تى عێراقه‌، له‌ به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا، چه‌ندین دۆسیه‌ى بێ سه‌روبه‌ره‌یى حكومه‌تى عێراقى ئاشكرا كرد و ده‌ڵێت:"به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با هه‌یه‌ ده‌رچووى ئادابه‌! به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى پلاندانان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌رچووى فیزیایه‌!".

مه‌حمود مه‌لا ته‌ڵاڵ، ده‌پرسێت"له‌ وەزاره‌تى كاره‌بادا كه‌سانێكى به‌توانا و لێوه‌شاوه‌ و شایسته‌ هه‌ن كه‌ چل ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌، ئایا ئه‌مانه‌ بۆ ناكرێنه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر؟" ه‌ڵێت: "لاوازیى وه‌زاره‌تى كاره‌با به‌هۆى ده‌ستێوه‌ردانى سیاسییه‌كانه‌وه‌یه‌ و عه‌بدولمه‌هدى-یش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى به‌سه‌ریاندا نییه‌".

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى حیكمه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ "15 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر به‌ كرێى رۆژانه‌ له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با دامه‌زرێنراون و پاره‌كه‌یشیان له‌و باج و پسووڵانه‌ ده‌درێت كه‌ به‌رامبه‌ر راییكردنى كاروبارى رۆژانه‌ى هاووڵاتیان لێیان وه‌رده‌گیرێت و ده‌بێت بۆ چاككردنه‌وه‌ و خستنه‌وه‌گه‌ڕى ئامێره‌كان به‌كاربهێنرێت".
 
ده‌رباره‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیش په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌ڵێت:"هه‌زاران ته‌ن ته‌ماته‌ و میوه‌یان هاورده‌كردووه‌ و جووتیارانیان بێكار هێشتووه‌ته‌وه‌. هه‌زاران ته‌ن خورما بۆگه‌ن بووه‌ و له‌ولاوه‌ خورما ده‌هێنن.

هه‌رچى زیادبوونى بڕى به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم و دانه‌وێڵه‌یشه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا بۆ زۆریى بارانبارین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ك پلانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ. وه‌زاره‌ت یه‌ك ته‌ن په‌یین به‌ 500 هه‌زار دینار ده‌داته‌ جووتیار، كه‌چى له‌ بازاڕدا به‌ 410 هه‌زار دیناره‌!. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵى 2018دا 609 ته‌ن په‌یینیان وه‌رگرتووه‌ و ته‌نیا 35 ته‌ن-ى گه‌یشتووه‌ته‌ كۆگاكانى وه‌زاره‌ت".

به‌هه‌مان شێوه‌ ته‌ڵاڵ باس له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى پیشه‌سازى و گواستنه‌وه‌ و ئه‌میندارێتیى گشتیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"ناوى وا هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ پۆسته‌ باڵا و تایبه‌ته‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌ستێكى نادیاره‌وه‌ ده‌گۆڕدرێت و ناوێكى تر ده‌خرێته‌ شوێنى كه‌ وه‌زاره‌ت نه‌ك هه‌ر ئاگاى لێ نییه‌، به‌ڵكو نایناسێت!".

به‌پێى وته‌كانى مه‌حمود مه‌لا ته‌ڵاڵ، فراكسیۆنى حیكمه‌ به‌فه‌رمى داواى بانگهێشتكردنى 4 وه‌زیرى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا ئاماده‌ بن.

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure