عێراق داواى كاركردن به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 11/07/2019‌ :: 249‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، وازهێنان له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران به‌ كاره‌ساتێك ده‌زانێت كه‌ كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانى دراوسێى ئێران ده‌بێت.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "به‌كر فه‌تاح نوێنه‌رى هه‌میشه‌یى عێراق له‌ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تیى وزه‌ى ئه‌تۆم، به‌شداریى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایى ئاژانسه‌كه‌ى كردووه‌ كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌ تۆمییه‌كه‌ى ئێران و له‌ ڤیه‌ننا به‌ڕێوه‌چووه‌".

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وه‌ك به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق روونیكردووه‌ته‌وه‌، به‌كر فه‌تاح پشتگیریى عێراقى بۆ پلانى كارى گشتگیریى هاوبه‌ش (JCPOA) دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌: "پێویسته‌ كارى ئه‌و پلانه‌ به‌رده‌وام بێت چونكه‌ ده‌ستكه‌وتێكى دیپلۆماسیى هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌ و وازلێهێنانى ره‌نگه‌ كاره‌ساتێكى ترسناك به‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانى دراوسێى ئێراندا بهێنێت".

نوێنه‌ره‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ى عێراق له‌ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تیى وزه‌ى ئه‌تۆم داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى كردووه‌ بۆسه‌ر مێزى گفتوگۆ بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كه‌.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure