لیۆناردۆ دا ڤینشى.. دوو وڵات ده‌دات به‌شه‌ڕ!!

هەواڵ / که‌لتور :: 11/07/2019‌ :: 268‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

فره‌نسا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا و به‌بۆنه‌ى یادى 500 ساڵه‌ى كۆچى دوایى لیۆناردۆ دا ڤینشى (1452-1519) بلیمه‌تى سه‌رده‌مى رێنیسانس-ه‌وه‌، پێشانگه‌یه‌كى ده‌گمه‌ن بۆ به‌شێك له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانى ئه‌و ئایكۆنه‌ جیهانییه‌ بكاته‌وه‌ و له‌ ئێستاوه‌ شوێنێكى تایبه‌تى له‌ مۆزه‌خانه‌ى لۆڤه‌ر-دا بۆ ته‌رخانكردووه‌.



ئه‌م هه‌نگاوه‌ى فره‌نسیه‌كان، ئیتالیه‌كانى تووڕه‌كردووه‌ و كاردانه‌وه‌كانیش هه‌ر له‌ نێوه‌نده‌ هونه‌رى و كه‌لتوورییه‌كه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو گه‌یشتووه‌ته‌ ناوه‌نده‌ حكومییه‌كان و وه‌زیرانى رۆشنبیریى هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ى هێناوه‌ته‌ ده‌نگ.



وه‌زیرى رۆشنبیریى ئیتالیا ده‌ڵێت:"ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك ئه‌و راستییه‌ى لابێت كه‌ لیۆناردۆ دا ڤینشى له‌ ئیتالیا له‌دایكبووه‌ و لێره‌ ژیاوه‌ و لێره‌ په‌ره‌ى به‌ هونه‌ره‌كه‌ى داوه‌".



وه‌زیرى رۆشنبیریى فره‌نسایش ده‌ڵێت:"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت یادى 500 ساڵه‌ى مردنى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بلیمه‌ته‌ به‌رزڕابگرین ئه‌مه‌یش بۆنه‌یه‌كى مه‌زنه‌ و هه‌ق وایه‌ ئیتالیه‌كان شانازیى پێوه‌ بكه‌ن".



شارۆچكه‌ى ڤینشى-یش كه‌ زێدى لیۆناردۆ-یه‌، خرۆشاوه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ى خۆیان به‌ كه‌سوكارى ئه‌و سیمبوله‌ جیهانییه‌ داده‌نێن كه‌ هه‌ر وێنه‌كێش نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌ندازیار و رووه‌كناس و میوزیسیان و په‌یكه‌رتاش و ته‌لارساز و جیۆلۆجیست و زانایه‌كى دیارى نه‌خشه‌-یش بووه‌. 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure