ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ى به‌ كوشتنى كچه‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ تۆمه‌تباركرابوو سزادرا

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2019‌ :: 3024‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ى به‌ تۆمه‌تى كوشتنى كچێكى ئه‌ڵمانى تۆمه‌تباركرابوو له‌لایه‌ن دادگاى ئه‌ڵمانیاوه‌ سزاى زیندانى هه‌تاهه‌تایى به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.


عه‌لى به‌شار (ته‌مه‌ن 21 ساڵ) كه‌ له‌ حوزه‌یرانى ساڵى رابوردوو تۆمه‌تباركرا به‌ كوشتنى كچێكى ئه‌ڵمانى ته‌مه‌ن 14 ساڵان به‌ ناوى (سوزانا فیلدمان) و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پاش ده‌ستگیركردنى به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا گه‌ڕێندرایه‌وه‌، سزادرا.

دادگاى شارى فیسبادن له‌ رۆژئاواى ئه‌ڵمانیا (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ى ته‌مموزى 2019) رایگه‌یاند: گه‌وره‌یى ئه‌و تاوانه‌ى بۆ ئاشكرابوو كه‌ تاوانبار ئه‌نجامیداوه‌. ئه‌مه‌ش واتا به‌دوورده‌زانرێت كه‌ ئازادكردنى پێشوه‌خته‌ به‌ده‌ستبهێنێت پاش 15 ساڵ  وەک ئەوەی کە داواکاری گشتی داوایکردووە.

به‌پێى ئه‌و به‌ڵگانه‌ش كه‌ داواكارى گشتى پێشكه‌شیكردووه‌: گه‌نجه‌ 21 ساڵه‌كه‌ كه‌ پێشتر له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر رووى له‌ ئه‌ڵمانیا كردووه‌ ده‌ستدرێژى كردوه‌ته‌سه‌ر سوزاناى ته‌مه‌ن 14 ساڵ و دواتریش كوشتویه‌تى و رووداوه‌كه‌ش له‌ كۆتایى ئایارى ساڵى 2018 له‌ یه‌كێك له‌ دارستانه‌كانى نزیك له‌ شارى فیسبادن روویداوه‌. 

له‌ سه‌ره‌تاى حوزه‌یرانى 2018 ته‌رمى سوزانا دۆزرایه‌وه‌ و پاش ده‌ستگیركردنیشى عه‌لى دانا به‌ تاوانى كوشتنه‌كه‌یدا نا، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستدرێژى سێكسى كردبێته‌سه‌ر.

پێشتر ماڵپه‌ڕى Arabic post لە زاری وتەبێژی داواکاری گشتی بڵاویکردوەتەوە کە دواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تۆمەتبارەکەدا دانى به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ و ده‌ڵێت كه‌ ده‌ستدرێژى سێكسى نه‌كردۆته‌سه‌ر كچه‌كه‌ و تەنها دانی به‌ تاوانى كوشتنه‌كه‌یدا ناوە.

عه‌لى لە لێکۆڵینەوەدا باسی لەوە کردووە كه‌ له‌گه‌ڵ سوزانا ناكۆكى له‌ نێوانیاندا روویداوه‌ و ده‌مووچاوى سوزاناى برینداركردووه‌، سوزانا-ش هه‌ڕه‌شه‌ى لێكردووه‌ كه‌ پۆلیس ئاگادارده‌كاته‌وه‌ و دواى دروستبوونى مشتومڕ له‌نێوانیاندا عه‌لى، سوزاناى خنكاندووه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure