ئافره‌تێك به‌ تۆمه‌تى رفاندنى منداڵێك ده‌ستگیركرا

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2019‌ :: 2560‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


له‌ قەزای كه‌لار به‌ تۆمه‌تى رفاندنى منداڵێكی ته‌مه‌ن پێنج ساڵ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌ ئافره‌تێك ده‌ستگیركرا.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى كه‌لار كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "شه‌وى رابوردوو له‌ گه‌ڕه‌كى گازینۆى شارى كه‌لار ئاگاداركراینه‌وه‌ له‌ دیارنه‌مانى منداڵێك، له‌كاتى چاودێركردنى كامێراكانى چاودێرى ده‌ركه‌وت ئه‌و منداڵه‌ له‌ لایه‌ن ئافره‌تێكه‌وه‌ براوه‌ كه‌ پورى باوكى منداڵه‌كه‌یه‌". 

وتیشى: "له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا ئافره‌ته‌كه‌ وتویه‌تى منداڵه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى بۆ ماڵێكى خزمیان بردووه‌ و نه‌یڕفاندووه‌، به‌ڵام كه‌سوكارى منداڵه‌كه‌ باوه‌ڕیان به‌ قسه‌كانى نییه‌ و هه‌روه‌ها هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش گومانیان له‌ رووداوه‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ تۆمه‌تى رفاندنى ئه‌و منداڵه‌ ده‌ستگیركراوه‌". 

سەرچاوەکەی دواڕۆژ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "پێده‌چێت ئافره‌ته‌كه‌ زانیبێتى ئاسایش به‌ چڕوپڕى له‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌، له‌ كامێراى چاودێریشه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و منداڵه‌كه‌ى بردووه‌، بۆیه‌ منداڵه‌كه‌ى هێناوه‌ته‌وه‌". 

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ "ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌نى پێنج ساڵه‌ و ناوى (ف، ك، ح)ه‌".  

به‌ پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى گه‌رمیان له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابوردووى ئه‌مساڵدا پێنج حاڵه‌تى رفاندن له‌ سنووره‌كه‌ ئه‌نجامدراون. 

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure