(كۆتایى ئه‌ده‌بى ئه‌مریكا)

هەواڵ / که‌لتور :: 10/07/2019‌ :: 147‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پێش چه‌ند ساڵێكى كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، زاراوه‌یه‌كى نوێ له‌ ئه‌مریكا هاته‌ئاراوه‌ و به‌ باڵاى واقیعێكى نه‌ژادى-دا بڕا كه‌ رۆژانه‌ له‌ زیادبوون و په‌ره‌سه‌ندندایه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ ره‌چه‌ڵه‌كێكى تێكه‌ڵیان هه‌یه‌.


ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتر له‌ بواره‌كانى سینه‌ما و میدیا و سیاسه‌ت و وه‌رزش و نمایش و مۆده‌-دا ده‌بینرێن، له‌ نموونه‌كانى میگان مێركڵ-ى ئه‌مریكایى و شازاده‌ى بریتانیا، ڤین دیزڵ ئه‌كته‌ر و به‌رهه‌مهێن و ده‌رهێنه‌رى سینه‌مایى، هونه‌رمه‌ندان لیزا بۆنیت و جێسیكا ئه‌لبا و گه‌لێكى تریش.

جه‌ماوه‌رێتى ئه‌مانه‌، به‌شێكى زۆرى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ناتوانرێت ره‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژادیان دیاریى بكرێت، ئاخۆ ره‌ش یان سپى-ن و یاخود تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ نه‌ژاده‌ جیاجیاكان. 

ئه‌م زاراوه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و كه‌سانه‌ى ره‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژادى دیاریكراویان نییه‌ و تێكه‌ڵه‌ و ئاوێته‌یه‌كن له‌ دوو نه‌ژاد، به‌ (نه‌ژادنادیاره‌كان) یاخود (نه‌ژادونه‌كان) ناوده‌برێن.

ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م به‌رهه‌مى ساڵانى هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابوردووه‌، واتا ئه‌و كاتانه‌ى كه‌ دیارده‌ى هاوسه‌رگیریى له‌ نێوان ره‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژاده‌ جیاوازه‌كاندا زۆر په‌ره‌یسه‌ند و شاره‌ گه‌وره‌كانى ئه‌مریكاى گرته‌وه‌ كه‌ فره‌پێكهاته‌ و فره‌كه‌لتوورن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ سنووره‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان تێپه‌ڕیوه‌ و به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ببێته‌ دیارده‌یه‌كى نیمچه‌ جیهانى به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپا و خۆرئاوادا.

منداڵه‌كانى ئه‌و هاوسه‌رانه‌ گه‌وره‌ بوون و زۆر بوون و ئیدى خه‌ریكه‌ وه‌ك دیارده‌ى كه‌مایه‌تیه‌كى نوێ ده‌رده‌كه‌ون كه‌ به‌رهه‌مى نه‌ژادى ئاوێته‌ و تێكه‌ڵن و ناتوانن خۆیان له‌سه‌ر نه‌ژادێك ساغ بكه‌نه‌وه‌. 
      
به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ سه‌رژمێریه‌كى ساڵى 2010دا نۆ ملیۆن هاووڵاتیى ئه‌مریكى خۆیان به‌ نه‌وه‌ى نه‌ژادجیا یاخود كه‌لتووره‌ جیاواز و تێكه‌ڵه‌كان تۆماركردووه‌. ئه‌مه‌یش بۆخۆى دیارده‌یه‌كى دیموگرافیه‌ و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ناڵێكى جیهانیى وه‌ك ناشناڵ جیۆگرافیك بڵێت"له‌ماوه‌ى چل ساڵى داهاتوودا هه‌موو ئه‌مریكیه‌كان ده‌بن به‌ (نه‌ژادنادیار)".

سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى (ئه‌لێر)یش ده‌ڵێت:"پێش نزیكه‌ى ده‌ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رێژه‌ى80%ى به‌رگى گۆڤاره‌كان ته‌رخان ده‌كرا بۆ ئه‌و ژنه‌ مۆده‌ و نمایشكارانه‌ى كه‌ یه‌كنه‌ژاد بوون، به‌ڵام ئێستا هه‌موو گۆڤاره‌كان روویان له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ نه‌ژادجیاواز و تێكه‌ڵه‌ن".

توێژه‌ره‌ ناوداره‌كانیش پێیانوایه‌"نه‌ژاد هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ حاڵه‌تێكى ده‌ستكرد و دروستكراو ته‌نیا بۆ هه‌ڵاوێرى و جیاكردنه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان دانراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ باوى نامێنێت و كه‌س ئه‌وه‌نده‌ گرنگیى پێنادات".

كۆچ و كۆچبه‌رى و په‌نابه‌ریى رۆڵى یه‌كه‌مى گێڕاوه‌ له‌ ده‌ركه‌وتن و زیادبوونى ئه‌م دیاده‌ و گۆڕانكارییه‌ دیمۆگرافیه‌دا.

دیارده‌یه‌ك كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى خێراى له‌ ئه‌ده‌بى ئه‌مریكیدا هه‌یه‌ و ره‌وتێكى نوێى نووسین سه‌رچاوه‌ى لێوه‌ گرتووه‌ كه‌ له‌ دوو گرێى دوایى هه‌زاره‌ى دووه‌مه‌وه‌ سیماكانى به‌ده‌ركه‌وتوون. ئه‌م ره‌وته‌ هه‌موو نه‌ژاده‌ جیاوازه‌كان ئاوێته‌ ده‌كات و سه‌ره‌داوى گڵۆڵه‌ى بابه‌ته‌كان له‌ ناو كه‌لتووره‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌پێكێت.

ئه‌وه‌تا گریگۆرى س. جه‌ى، مامۆستاى ئه‌ده‌بى ئه‌مریكى له‌ زانكۆى ویسكنسۆن، له‌ وتارێكدا ئه‌م دیارده‌یه‌ باس ده‌كات و ته‌نانه‌ت له‌و وتاره‌یدا باس له‌ نه‌مانى ئه‌ده‌بى ئه‌مریكى ده‌كات، چونكه‌ وتاره‌كه‌ى به‌ناونیشانى (كۆتایى ئه‌ده‌بى ئه‌مریكا) نوسیوه‌ و "به‌ره‌و پیاده‌كردنى فره‌كه‌لتوورى" ده‌وروژێنێت.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure