ئێران بۆردومانی ناوچەیەکی هەرێم دەکات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 923‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

(نیوەڕۆی ئەمڕۆ 10ی تەمموزی 2019) كۆماری ئیسلامی ئێران تۆپبارانی گوند و ئاواییه‌كانی نزیك سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سیده‌كانی کرد، به‌رپرسێكی ناحیه‌ی سیده‌كانیش ده‌ڵێت: "یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ندێك شوێن له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ تۆپباران ده‌كرێن". 

شه‌وكه‌ت برادۆستی، لێپرسراوی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی ناحیه‌ی سیده‌كان به‌ دواڕۆژی وت: "كاتژمێر 12:28 خوله‌كی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ تۆپخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ چڕی تۆپبارانی ژماره‌یه‌ك گوند و ئاوایی ناحیه‌ی سیده‌كانیان كرد و تائێستاش تۆپبارانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ تۆپبارانیش ده‌كرێن زۆر نزیكن لە سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان و هاووڵاتیانی تیادا نیشته‌جێن". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ربزین، سه‌قه‌ر، دێرێ، ته‌لان و بێسێ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ تۆپباران ده‌كرێن و هه‌ندێك له‌و شوێنانه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌لایه‌ن ئێرانەوە تۆپباران ده‌كرێن. 

برادۆستی روونیشیكرده‌وه‌: كه‌ تائێستا هیچ زانیارییه‌كیان له‌باره‌ی زیانه‌ گیانییه‌كانی تۆپبارانه‌كه‌وە به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌ و نازانن ئاخۆ زیانی گیانی هه‌بووه‌ یاخود نا، چونكه‌ تۆپبارانه‌كه‌ تازه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ بۆیه‌ زانیاری ورد و دروستیان لا نیه‌. 

تۆپبارانەکانی ئێران له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا له‌ نه‌رویج له‌گه‌ڵ چه‌ند حیزبێكی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆبونه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێك زانیاریش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن ئێران داوای گفتوگۆی زیاتری له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبانه‌ كردووه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure