پەرلەمان متمانەی بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەخشی

هەواڵ / کوردستان :: 10/07/2019‌ :: 375‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

(کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەمموزی 2019) دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێکرد بۆ متمانەدا بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.


مەسرور بارزانی بەكۆكردنەوەی 88 دەنگ بووە سەرۆكی حكومەتی نوێی هەرێم، لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی بە 73 دەنگ توانی ببێتە جێگری سەرۆكی حكومەت.

هەر لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا بە 84 دەنگ فرسەت ئەحمەد بووە وەزیری داد، پاشان شۆڕش ئیسماعیل بە كۆكردنەوەی 73 دەنگ توانی ببێتە وەزیری پێشمەرگە لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هاوكات لە دانیشتنەكەدا رێبەر ئەحمەد خالید توانی بە 76 دەنگ ببێتە وەزیری ناوخۆی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب-یش بە 81 دەنگ توانی پۆستی وەزارەتی دارایی و ئابووری وەربگرێت.

سامان بەرزنجی-ش بە 81 دەنگ توانی ببێتە وەزیری تەندروستی و ئالان حەمە سەعیدی-ش بە 81 دەنگ وەزارەتی پەروەردەی وەرگرت.

دانا عەبدولكەریم بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەش توانی بە 80 دەنگ پۆستەكە وەربگرێت و لەهەمانكاتدا ساسان عەونی-ش بووە وەزیری شارەوانی بە 85 و ئارام محەمەدیش بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە كۆكردنەوەی 76 دەنگ توانی پۆستەكە وەربگرێت.

لەسەر دەنگدانیش بە د. دارا محەمەد وەك وەزیری پلاندانان توانی 76 دەنگ كۆبكاتەوە و كوێستان محەمەدیش بۆ پۆستی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی توانی ببێتە وەزیر و 73 دەنگی كۆكردەوە.

هاوكات حەمەی حەمە سەعید بە 75 دەنگ و زۆرینە توانی ببێتە وەزیری رۆشنبیری و عەبدوڵا حاجی مەحمودیش بە كۆكردنەوەی 85 دەنگ پۆستی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی وەرگرت.

لەكۆبوونەوەكەدا بێگەرد تاڵەبانی-ش توانی بە كۆكردنەوەی 83 دەنگ ببێتە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كەمال موسلیمیش توانی بە زۆرینەی دەنگ و بە كۆكردنەوەی 85 دەنگ ببێتە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی.

ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیحیش توانی بە 80 دەنگ ببێتە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و پشتیوان سادق بە 77 دەنگ كرایە وەزیری ئەوقاف بۆ چوار ساڵی داهاتوو، هەر لە دانیشتنەكەدا كەمال محەمەد ساڵح توانی متمانەی پەرلەمان بەدەست بێنێت و بە 85 دەنگ بووە وەزیری كارەبای هەرێم.

هاوكات خالید شوانی توانی بە 68 دەنگ ببێتە وەزیری هەرێم لەكابینەی نوێ و ئایدن مەعروف سەلیم-یش توانی ببێتە وەزیری هەرێم لەكابینەی نوێ بە كۆكردنەوەی 78 دەنگی پەرلەمانتاران، هاوكات د. ڤاڵا فەرید بە كۆكردنەوەی 83 دەنگ توانی ببێتە وەزیری هەرێم.

هەر لەدانیشتنەکەی ئەمڕۆدا متمانەدان بە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەردەوامبوو، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان سوێندی یاساییان خوارد.

دوابه‌دواى تەواوبوونی دانیشتنی پەرلەمان-یش هەریەک لە فراكسیۆنه‌كانى نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی رایانگەیاند دەنگیان بە کابینەی نوێی حکومەت نەداوه‌ و چاودێریەکی ورد کابینەی نوێ دەکەن.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو وتی: ئەو کارنامەیەی لەلایەن حکومەت خرایەڕوو تەنها نوسراوی سەر کاغەزە، بۆیە چاودێر دەبن لەسەر کارەکانی حکومەت.

کاوە عه‌بدولقادر، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتی: ئەوان متمانەیان بەو حکومەتە نیە و دەنگیشیان پێنەداوە. وتیشی: "لەزۆربەی بەڵێنەکانی پێشوتری ئەو حیزبانە باسی خزمەتکردن کراوە، بەڵام تەنها قسەبووە، بۆیە لەم خولەی پەرلەمان تیمێکی کارا دەبن".

هاوگات عه‌بدوبستار مه‌جید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ رایگەیاند:  لەمڕۆ بەدواوە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک و چاونەترس کاردەکەن. وتیشی: "تەواوی وەزیرەکان سوێندیان خوارد کە دڵسۆزبن، بۆیە هیوادارین ئەو ئەرکە قورسەی سەرشانیان بەدڵسۆزی جێبەجێ بکەن و خزمەت بکەن". 

ئا: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە