"هەموو شتێكی خۆش باشە"
كچانی نێرگەلە كێش لەهەرێم روو لەزیادبوونن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 579‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك
لە كافێكانی شاری دهۆك، ژماره‌یەكی زۆر له‌ كچان بۆ كێشانی نێرگه‌له سەردان دەكەن، چاودێرێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ڵێت: "كێشانی نێرگه‌له لە‌ناو كچانی ‌دهۆك دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ كچێكیش بەدەم نێرگەلەكێشانەوە دەڵێت "هەموو شتێكی خۆش باشە".


"دوكەڵ نەیهێشت سڵاوەكەمان وەڵام بداتەوە"

 "ده‌ستێكی بەمۆبایلەكەیەوە بوو به‌ ده‌ستێكی دیكه‌ش نێرگه‌له‌ی ده‌كێشا، ده‌می پڕ بوو له‌ دوكەڵ، نەیتوانی به‌خێرهاتنی تیمی دواڕۆژ بكات، سێ كچی‌ هاوڕێی وەڵامی سڵاوەكەی ئێمه‌ی دایەوە" ئه‌م كچه‌ هێلین سلێمان-ه‌ كاتژمێر 9:00‌ -ی شه‌و له‌ یه‌كێك له‌ كافێكانی دهۆك له‌ناو دوكەڵی نێرگه‌له‌دا چێژی له‌كاتەكەی خۆی ده‌بینی.
"بۆ نەسیحەت هاتووی؟"

 هێلین له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی خۆیەوە پرسیاری ئێمه‌ی گوێ لێبوو، كە بۆچی روو له‌ كافێ‌ و كێشانی نێرگه‌له‌ ده‌كه‌ن؟ یه‌كسه‌ر وتی: "تۆش هاتووی نه‌سیحه‌تمان كه‌ی؟ من ته‌مه‌نم 23 ساڵه‌ خۆ منداڵ نیم، ده‌زانم چی باشه ‌و چی خراپه‌، به‌خوا نێرگه‌له‌ ده‌كێشم تا ده‌مرم".

"هەر شتێك باش بێت خۆشە"
له‌وه‌ڵامی پرساری ئێمه‌دا‌ ئایا ده‌زانێت نێرگه‌له‌ بۆ ته‌ندروستی ئه‌و خراپه‌؟ هێڤی به‌هجه‌ت، هاوڕێی هێلین زووتر وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: "نه‌خێر خراپ نییه‌، هه‌ر شتێك خۆش بێت باشه و به‌پێكه‌نێكی به‌رز ئه‌م چوار كچه‌ ئاماژه‌یان كرد كە نێرگه‌له‌‌كێشان بۆ ئه‌وان خراپ نییه"‌‌.

نه‌ك ته‌نیا ئه‌م چوار كچه‌، له‌ هه‌مان كافێ‌ 13 كچی دیكه‌ خه‌ریكی كێشانی نێرگه‌له‌‌ بوون، زوهێر درباس، خاوه‌نی ئه‌و‌ كافێیه‌‌ بۆ دواڕۆژ وتی: "هاتنی كچان و كوڕان بۆ كێشانی نێرگه‌له له‌ شه‌واندا یه‌كسانه‌‌، زۆر شه‌و به‌ هاتنی كچانی بیانی ژماره‌ی كچان زۆرتره دەبن له‌ كوڕان".

ئه‌گه‌ر چی زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی نێرگه‌له‌ ده‌كێشن  بڕوایان به‌ زیانه‌كانی نێرگه‌له‌ نییە، به‌ڵام به‌پێی توێژینه‌وه‌یەكی به‌شی پزیشكی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ لوبنان له‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی نێرگه‌له‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌، ئاشكرابووه‌ كه‌ كێشانی نێرگه‌له‌ مه‌ترسیی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و جه‌ڵته‌ی دڵ زۆر زیاد ده‌كات، چونكه‌ نزیكه‌ی 4 هەزار مادده‌ی كمیایی مه‌ترسیداری تێدایه‌ وه‌ك "مێركۆری و زه‌رنیخ و قورقوشم و  پێكهاته‌كانی ناوكی".

له‌ ئه‌نجامی ئه‌م توێژینه‌وه‌دا هاتووه‌، كێشانی یەك نێرگه‌له‌، 60 گرام تووتنی ده‌وێت، نزیكه‌ی 120 مایكرۆگرام یۆرانیۆم و رێژه‌یه‌كی زۆری نیكۆتین،  ده‌چێته‌ ناو جه‌سته‌وه‌، به‌وه‌ش مه‌ترسی تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ زۆر زیاد ده‌كات و له‌وانه‌یه‌ كه‌سی نێرگه‌له‌ كێش له‌ ماوه‌ی 7 ساڵ تووشی شێرپه‌نجه‌ بێت.

به‌پێی لێدوانی رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ (رۆژی 31 ئایاری 2019) رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جگەره‌ كێشان و به‌رهه‌مه‌كانی تووتن راگه‌یاندبوو:"زیانه‌كانی كێشانی نێرگه‌له‌ 40 بۆ 60 خوله‌ك به‌رامبه‌ر زیانی كێشانی 100 جگه‌ره‌یه‌".

شڤان دوسكی، كۆمه‌ڵناس لەباره‌ی ئه‌م پرسه‌ ئاماژه‌ی بەوەكرد: "ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ له‌ ناو كچانی دهۆك دروستبووه‌، ئه‌وان چاو له‌ كچانی توركیا و لبنان و میسر ده‌كه‌ن، ئه‌وان نازانن نەخۆشییان هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ دهۆك به‌رده‌وام بێت كۆمه‌ڵگەی ئێمه‌ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگەیەكی نەخۆش و بێ داهێنان".

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسسته‌ڕوو: "ئه‌و كچانه‌ی نێرگه‌له‌ ده‌كێشن، دوای ماوه‌یەك تووشی نەخۆشی ده‌روونی ده‌بن، چونكه‌ توشی ئیدمان ده‌بن، زۆر جار رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی خێزان و توانجه‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ كچانی دهۆك پێویستی به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دیارده‌ مه‌ترسیداره‌ خۆیان به‌دوور بگرن".

هه‌ژار سه‌عدوڵا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پشكنینی كافتیریا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری دهۆك بۆ دواڕۆژ وتی: "له‌ سنووری پارێزگای دهۆك 72 كافێی گه‌شتیاری هه‌ن كه‌ مۆڵەتی گه‌شتوگوزاریان هه‌یه‌، 22 داواكاری دیكه‌ش له‌ به‌ڕێوبه‌ریه‌تی ئه‌وان هەیە كه‌ داوای كردنه‌وه‌ی كافێیان‌ كردووه‌، به‌ڵام بەشێوه‌یه‌كی گشتی كافێكانی دهۆك ئه‌وانه‌ی كه‌ مۆڵەتی ناساندنی گه‌شتیارییان وه‌رنه‌گرتووه،‌ نزیكه‌ی 200 كافێن".

له‌ رێنماییه‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا سه‌باره‌ت بەنێرگه‌لەكێشان ئاماژه‌ به‌ هیچ ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زێك نه‌كراوه‌ كه‌ قه‌ده‌غه ‌بێت نێرگه‌له‌ بكێشن، بۆیه‌ ئێستا هه‌موو كه‌سێك و له‌ هه‌ر شوێنێك بێت زۆر به‌ئاسانی نێرگه‌له‌ ده‌ست دەكە‌وێت و رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ شاری دهۆك كێشانی نێرگه‌له‌ زیاتر ده‌بێت.
 
 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure