محه‌مه‌دئه‌مین زه‌كى به‌گ پسپۆڕێكى سه‌ربازیى و سیاسه‌تمه‌دارێكى زیره‌ك

هەواڵ / که‌لتور :: 10/07/2019‌ :: 106‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

مێژوونووس و سیاستمه‌دارى كورد، محه‌مه‌دئه‌مین زه‌كى به‌گ، ناوى ته‌واوى محه‌مه‌دئه‌مین ئه‌وڕه‌حمان مه‌حمود-ه‌، ساڵى 1880 له‌ شارى سلێمانى له‌دایكبووه‌.
 

سه‌ره‌تا لاى مه‌لا و پاشان سه‌ره‌تایى و دواتریش چووه‌ته‌ قوتابخانه‌ى روشدیه‌ى سه‌ربازیى و پاشان بۆ خوێندنى بوارى سه‌ربازیى چووه‌ته‌ به‌غدا، له‌وێیشه‌وه‌ بۆ خوێندنى باڵا له‌ ئیستانبوڵ كه‌ به‌پله‌ى ئه‌فسه‌ر ده‌رچووه‌. 

گه‌نجێكى ده‌ركه‌وتوو و لێهاتوو بووه‌ و چه‌ندین ئه‌ركى ئیداریى سه‌ربازیى راپه‌ڕاندووه‌، بۆ خوێندنى زیاتر  نێردراوه‌ته‌ فره‌نسا. هه‌ر له‌به‌ر زیره‌كى و لێوه‌شاوه‌یى نازناوى (زه‌كى)ى پێدراوه‌.

محه‌مه‌دئه‌مین زه‌كى، به‌ زمانه‌كانى كوردى و عه‌ره‌بى و توركى، به‌رهه‌مه‌كانى ده‌رباره‌ى مێژوو و سیاسه‌ت و جه‌نگ به‌ چاپ گه‌یاندووه‌ و به‌هره‌ى ئه‌ده‌بى و خۆشنووسى و وێنه‌كێشان-یشى هه‌بووه‌ و زمانه‌كانى فارسى و ئینگلیزى و ئه‌ڵمانى و فره‌نسى-یشى زانیوه‌.

له‌سه‌رده‌مى پاشایه‌تیدا وه‌ك نوێنه‌رى سلێمانى به‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردراوه‌ و له‌ساڵى 1925دا بووه‌ته‌ وه‌زیر. به‌نووسراو پاشاى ئه‌وكاته‌ى عێراقى له‌ دۆخ و كێشه‌كانى ناوچه‌كانى كوردستان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت جێبه‌جێنه‌كردنى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ كورد-یان داوه‌.

ئه‌م كه‌سایەتییه‌ى كورد خاوه‌نى زیاتر له‌ 10 كتێبه‌، له‌وانه‌: 
ـ خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان - بەشی یەکەم ساڵی ١٩٣١ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٣٧.
ـ تاریخ السلیمانیه‌‌ و ولایتها - ١٩٣٩.
ـ مشاهیر الأکراد - بەشی یەکەم ساڵی ١٩٤٥ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٤٧.
ـ تاریخ الدوله‌‌ و الامارات الکردیه‌‌-١٩٤٥.

محه‌مه‌دئه‌مین زه‌كى به‌گ، له‌ 10ى ته‌مموزى ساڵى 1948 له‌ شارى سلێمانى كۆچى دوایى كردووه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure