عێراق نه‌وت هه‌نارده‌ى ئوردن و سوریا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 78‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ


سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند: بڕیارمانداوه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وت بۆ ئوردن و سوریا، ده‌شڵێت: "ئه‌نجومه‌نى دژه‌ گه‌نده‌ڵى به‌دواداچونه‌كانى به‌رده‌وامن بۆ بابه‌تى به‌قاچاخبردنى نه‌وت".

عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "به‌ مه‌به‌ستى هه‌مه‌جۆركردنى رێگاكانى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى عێراق بڕیارمانداوه‌، نه‌وت هه‌نارده‌ى ئه‌رده‌ن و سوریا بكه‌ین، چونكه‌ عێراق هه‌مه‌جۆرى له‌ رێگه‌كانى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتدا له‌ده‌ستداوه‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "حكومه‌ت سه‌رقاڵى داڕشتنى پلانى تایبه‌ته‌، به‌ دۆزینه‌وه‌ى جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ رێگه‌كانى هه‌نارده‌ نه‌وتى، له‌ ئه‌گه‌رى داخران یان دروستبوونى كێشه‌ بۆ گه‌رووى هورمز".

له‌باره‌ى پرسى به‌ قاچاخبردنى نه‌وت عادل عه‌بدولمه‌هدى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نى دژه‌ گه‌نده‌ڵى له‌ عێراق چه‌ندین فایلى تایبه‌تى كردونه‌ته‌وه‌، به‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات".

پێشتر جه‌بار لعێبى، وه‌زیرى پێشووى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاندبوو: "عێراق به‌ نیازه‌ رێژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى تا كۆتاى ساڵى 2019 بگه‌یه‌نه‌ته‌ 7 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌، رێژه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتیشى  بگه‌یه‌نه‌ته‌ 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2021 دا سوتانى گازى سروشتى له‌ پاشماوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت ده‌وه‌ستێت".

عێراق دووه‌م وڵاتى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وتى ئۆپیك-ه‌، له‌دواى سعودییه‌وه‌، زۆربه‌ى نه‌وته‌كه‌ى هه‌نارده‌ى ئاسیا ده‌كرێت، زۆربەی داهاتەکەشی لە دابینکردنی بوودجەدا خەرجدەکات.

ئا: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە