لێدانی بیره‌ نه‌وتێك لەگه‌رمیان كێشه‌ دروست ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 10/07/2019‌ :: 425‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ سنوورى كفرى كۆمپانیایه‌كى ده‌رهێنانى نه‌وت سه‌رقاڵى لێدانى بیرێكى نوێى نه‌وته‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و دانیشتوانی گوندێكیش كه‌ بیره‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووره‌كه‌یانه‌وه‌ داواى گۆڕینى ڕێگەى بیره‌ نه‌وته‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆمپانیاکە ئاماده‌ نییه‌ رێگەكه‌ى بگۆڕێت. 

له‌ ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵاى سه‌ر به‌ قه‌زاى كفرى سێ بیره‌ نه‌وت له‌ ئێستادا هه‌یه‌ و كۆمپانیاى گازپرۆمى ڕوسى سه‌رقاڵى لێدانى بیرى چواره‌مه‌ له‌ گوندى كارێزه‌. 

رامیار عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ كۆمپانیاى گازپرۆمى روسى كه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌رهێنانى نه‌وت له‌ سنووره‌كه‌ ده‌كات، سه‌رقاڵى دامه‌زراندنى ئامێر و كه‌لوپه‌ل و دروستكردنى رێگەیه‌ بۆ لێدانى بیره‌ نه‌وتى چواره‌م كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى گوندى كارێزه‌وه‌.

وتیشى: "دانیشتوانى گونده‌كه‌ داوا ده‌كه‌ن كۆمپانیاكه‌ رێگەى هاتوچۆكردنیان بۆ ئه‌و بیره‌ نه‌وته‌ بگۆڕن و پێیانوایه‌ ئه‌و رێگەیه‌ زیانى زۆر له‌ زه‌وییه‌كانیان ده‌دات". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌رچه‌نده‌ كۆمپاناى ناوبراو به‌ دانیشتوانى گونده‌كه‌ى وتووه‌ كه‌ ئه‌وان له‌برى زه‌وییه‌كانیان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌ و هاوكات خه‌ڵكى سنووره‌كه‌ش له‌ كۆمپانیاكه‌ له‌ڕووى هه‌لى كاره‌وه‌ سوودمه‌ند ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى رێگەكه‌ بگۆڕدرێت و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ قه‌ره‌بوویان ناوێت. 

رامیار عه‌بدوڵا راشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى جێبه‌جێكارى بیره‌ نه‌وتى چواره‌م گفتوگۆیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگەى هاتوچۆى ئه‌و بیره‌ نه‌وته‌ بگۆڕن، به‌ڵام ئه‌وانیش ڕازى نه‌بوون و ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌وان پلان و كارنامه‌ى خۆیان داڕشتووه‌ و رێگەكه‌یان رێكخستووه‌ و ناكرێت ئه‌و رێگەیه‌ بگۆڕن كه‌ ته‌نیا رێگەیه‌كى گڵ و تێكه‌ڵڕێژكراوه‌. 
 
له‌ سنوورى گه‌رمیان ژماره‌یه‌ك بیره‌ نه‌وت هه‌ن كۆى به‌رهه‌مى نه‌وتى رۆژانه‌یان له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 35 هه‌زار به‌رمیله‌ و له‌ڕێگه‌ى تانكه‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌كرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure