عەبدولمەهدى رێککەوتنێک لەگەڵ پێشمەرگە ئاشکرادەکات

هەواڵ / عێراق :: 09/07/2019‌ :: 1616‌ جار بینراوە
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

دواڕۆژ

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت: لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان.


عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق (ئەمڕۆ سێشەممە 9ی تەمموزی 2019) لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند: رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق واژۆکراوە.

وتیشی: "رێککەوتنەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە لە ناوچە جێناکۆکەکان دروست بووە".

هەفتەى رابردوو وەفدێکی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە سەربازگەی کەیوان کۆبونەوە و سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبونەوەکەش بە دواڕۆژی راگەیاند: کۆبونەوەکان بەسەرپەرشتی ئەمریکیەکانە و هەینی رابردویش فەرماندەیەکی ئەمریکی لە بارەگای لیوای 1ی پیادە لە قەرەهەنجیر لەرێگەی فڕۆکەوە ئینزالی کردوە و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبوەتەوە.

وتیشی: "لە کۆبونەوەکاندا هەوڵدەدرێت رێککەوتنێک بکرێت تاوەکو دوو فەوجی پێشمەرگە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا بازگەکانی کەرکوک بپارێزن، هاوشێوەی پێش ساڵی 2014 کە هێزێکی هاوبەش بەناوی شێری ئاڵتونی هەبوو".

لەلایەکى ترەوە دەربارەى بارگرژییەکان لە گەروى هورمز، عەبدولمەهدى رایگەیاند: ترسمان هەیە لەوەى لە گەروى هورمز روودەدات بەهۆى کاریگەرى لەسەر ئابورى عێراق.

ئەوەشى خستەڕوو: دەوڵەت کۆنتڕۆڵى ئاسایشى وڵاتى کردووە و تیرۆر لە گەمارۆدایە.

ئا: ن. ر
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure