شیلـلی.. دڵێكی پڕ لە رۆمانسیەت كە ئاگریش نەیسووتاند!

هەواڵ / که‌لتور :: 09/07/2019‌ :: 212‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


پێرسی پیش شیلـلی Percy Bysshe Shelley، یەكێك لە گەورە شاعیرانی رۆمانسیی ئینگلیز و لە دیارترین شاعیرانی لیریك لە زمانی ئینگلیزیدا، رۆژی 4ی ئابی 1792 لەدایكبووە.


ئەویش وەك باقی شاعیرانی قوتابخانە و رێبازی رۆمانسیزم، بەشی هەرە زۆری شیعرەكانی پەیوەستن بە جوانی و سروشت و ئازادیی سیاسی و خەون و خەیاڵەوە، بەڵام ئەوەی شیعرەكانی شیلـلی لە هاوڕێبازەكانی جیادەكاتەوە: هەستی ناسكتر و خواستی بەهێزتری بەرامبەر خۆشەویستین، لەگەڵ گەشبینی و كامەرانی و هیوا و ئومێد، هەروەها رەهەندی فەلسەفییانەی ناوەرۆكەكانیان بەراورد بە شاعیرانی تری رۆمانسی. 

شیلـلی، لە خێزانێكی دەوڵەمەند لەدایكبوو، تەنانەت باوكی ئەندامی پەرلەمان بووە، ئەمەیش دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساند كە بچێتە زانكۆی ئۆكسفۆر، بەڵام لە ساڵی دووەمی خوێندن، لەگەڵ هاوڕێیەكی لە زانكۆ دەركران بە گومانی نووسینی نامیلكەیەك بە ناونیشی (پێویستیی ئیلحاد). 

ئەم شاعیرە رۆمانسییە كە چەندین بەرهەمی ناوازەی هەبووە و ناوبانگێكی گەورەیان پێداوە، بەتایبەت دوای مردنی وەك شاعیرێكی جیهانیی ناسرا، دووجار هاوسەرگیریی كردووە. یەكەمجار لەگەڵ (هاریێت وێستبرۆك) كە لەگەڵیدا نەگونجا و ئەگەرچی جیا نەبووبوونەوە بەڵام (ماری گۆدوین)ی هێنا كە بە (ماری شیلـلی) ناسراوە و نووسەری رۆمانی بەناوبانگی (فرانكشتاین)ە. 

لە ساڵی 1816دا كە ماری رۆمانەكەی و شیلـلی-یش شیعری (ئەلاستۆر)ی نووسی، (وێستبرۆك) لە ئاودا خۆی خنكان و شەش ساڵ دواتر شیلـلی-یش كە هێشتا 30 ساڵ تەمەنی تەواو نەكردبوو،  لە رووداوێكدا هەر لە ئاودا و لە ئیتالیا خنكا. 

رووداوی خنكانەكەی بەهۆی گەردەلوولێكەوە بووە كە لە 8ی تەموزی 1822دا لە كەنداوی سپیتسا-ی داوە و لەوكاتەدا شیلـلی بە بەلەمێكەوە لە دەریادا بووە. دوای چەند هەفتەیەك تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە و بەپێی نەریت دەبوایە لاشەكەی بسووتێنرێت و هەر وایشكرا.

دەوترێت كاتێك خەڵكێكی زۆر لە رێوڕەسمی سووتاندنی تەرمەكەی شیلـلی-دا كۆبوونەتەوە و ئاگر لە جەستەی بەردراوە، هەموو لاشەكەی سووتاوە تەنیا دڵی نەبێت! كە لەناو ئاگرەكەدا ماوەتەوە. هەندێك سەرچاوە دەڵێن"رەنگە! نەسووتانی دڵی لەبەر ئەوە بووبێت كە شیلـلی نەخۆشیی (بەكلسبوونی دڵ)ی هەبووە" و ئاگرەكە بەهۆی كلس-ەوە كاری لە دڵی نەكردووە، بۆیە دڵەكەی لەلایەن (ماری شیلـلی)ی هاوسەریەوە هەڵگیراوە و لە كتێبخانەكەیی خۆیدا پاراستوویەتی.

ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure