هۆکارەکانی خراپیی ئینتەرنێت و گرانیی نرخەکەی ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / عێراق :: 10/07/2019‌ :: 184‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

موشرق عەباس کە نوسەرێکی عێراقییە و پێشکەشکاری بەرنامەی (جواب)ە لەسایتی ناس، باس لە هۆکارەکانی گرانیی نرخ و خراپیی کوالێتی ئینتەرنێت لە عێراق دەکات.


لەوبارەیەوە ناوبراو تیشک دەخاتەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامەی چاودێری کە بوونەتە هۆکاری خراپبوونی ئەو خزمەتگوزارییە کە بەخراپترین تۆڕی ئینتەرنێت دادنرێت لە جیهاندا.

ناوبراو لە بەرنامەکەی باس لە ساڵی 2010 دەکات کاتێک هەوڵدراوە گەورەترین پرۆژەی ئینتەرنێت بگەیەندرێتە چوار ملیۆن ماڵ لە عێراق و کۆمەڵێک بەڵگەی خستووەتەڕوو کە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بە بەهای دوو ملیار دۆلار ئەو خزمەتگوزارییە بەشێوەیەکی زۆر خراپ کەوتووەتە خزمەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بەپێی راپۆرتێکی ئابووری کە بەمدواییە دەرچووبوو، دەرکەوت کە نرخی ئینتەرنێت لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی زۆر بەرزە و خراپترین کوالێتیشی هەیە.

دامەزراوەی ئاکامی تایبەت بە دیاریکردنی خێرایی ئینتەرنێت ئاشکرایکرد کە  لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر 185 وڵات کردووە و عێراق لەڕیزبەندی 179دایە لە خراپیی خێرایی و داگرتن و ئەفغانستان لە پلەی 167 و سودان-یش لە پلەی 173دایە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە سەرەڕای ئەوەی کوالێتی ئینتەرنێت لە عێراق زۆر خراپە، نرخەکەشی زۆر گرانە و خەڵکی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە.

وە: ئاکۆ زەنگەنە

پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure