كاندیده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 09/07/2019‌ :: 2185‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی له‌ رۆژی له‌دایكبوونی نووسراوه‌، ره‌خنه‌ له‌ كاندیدی وه‌زاره‌تی دادی هه‌رێم دەگیرێت و لەوبارەیەوە ده‌ڵێت: "پێویست ناكات هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك، ببێته‌ جێگه‌ی ته‌نزی سۆشیال میدیا".


(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9ی ته‌ممووزی 2019) سیڤی سه‌رجه‌م كاندیدانی وه‌زاره‌ته‌كان بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر بەهه‌ڵه‌ نووسینی رۆژی له‌دایكبوونی فرسەت ئەحمەد كاندیدی وه‌زاره‌تی داد له‌ سۆشیال میدیاوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌نز ئاسا باسی هه‌ڵه‌كه‌كرا‌وەو دەنگیداوەتەوە.

به‌پێی ئه‌و سیڤییه‌ی بڵاوكراته‌وه‌، فرسه‌ت ئه‌حمه‌د ساڵی 1963 له‌دایكبووه‌و ساڵی 1970 بووەته‌ به‌ڕێوه‌بەری ناحیه‌كانی مزوری باڵا و دۆسكی و رزگاری، له‌كاتێكدا فرسه‌ت ئه‌حمه‌د ساڵی 1946 له‌ دهۆك له‌دایكبووه ‌و ماوه‌ی 21 ساڵ سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و ته‌نزانه‌ی له‌ سۆشیال میدیاوه‌ باسكراوه‌، فرسه‌ت ئه‌حمه‌د كاندیدی وه‌زاره‌تی داد تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌وە هه‌ڵه‌یه‌كی بچووكه ‌و پێویست ناكات ئه‌و هه‌موو ته‌نزه‌ی له‌سه‌ر بنووسرێت".

وتیشی: "هه‌موو كه‌س ئێمه‌ ده‌ناسێت و ده‌زانێت كه‌ توانا و ئاستی ئێمه‌ له‌ڕووی ئیداری و یاساییه‌وه‌ چۆنه‌، پێویست ناكات له‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك ئه‌و هه‌ڵا گه‌وره‌یه‌ دروستببێت".

هاوكات ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌ڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی كاندیدی راسپێردراوی حكومه‌ت كراوه‌و ئێستا له‌ په‌رله‌مان راستكراوه‌ته‌وه"‌.

فرسه‌ت ئه‌حمه‌د، ساڵی 1946 له‌ پارێزگای دهۆك له‌دایكبووه‌ و به‌كالۆریۆسی له‌ یاسا هه‌یه ‌و ماوه‌ی 21 ساڵ سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌و ئه‌ندامی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه ‌و چه‌ندین به‌رهه‌می به‌زمانی عه‌ره‌بی و كوردی بڵاوكردووەته‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure