چیرۆكی سەركەوتنی كچە كوردێك لە بەدەستهێنانی زەمالەی خوێندن لە ئەمریكا

هەواڵ / که‌لتور :: 09/07/2019‌ :: 1025‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی


چوار ساڵ جارێك ئەمریكا هەلی خوێندن بۆ خوێندكاران دەرەخسێنێت، بەڵام ئەو كەسەی وەردەگیرێت بە پڕۆسەیەكی تاقیكردنەوەی قورسدا تێپەردەبێت، ساڤان سامان دووەم خوێندكارە لەلایەن ئەمریكاوە هەڵبژێردراوە بۆ خوێندن لە زانكۆی واشنتۆن. لەم دیدارەی دواڕۆژدا، ساڤان باس لە چیرۆكی سەركەوتن و مەرجەكان و چۆنیەتی پڕۆسەكە دەكات.


دواڕۆژ: شێوازی دەستپێكردنت بۆ وەرگرتنی زەمالە (كورسی خوێندن)ی خوێندن لە ئەمریكا چۆن بوو؟
ساڤان سامان
: لە كۆتایی 2018 لە پەیجی كونسڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر پۆستێك كرا بۆ زەمالەتی خوێندن لە زانكۆی واشینتۆن، پاش خوێندنەوەی مەرجەكان  فۆڕمەكەم پڕكردەوە، لەسەرەتاوە پەیوەندیم لەگەڵ زانكۆكە دروستكرد، هەمیشە لەڕێگەی ئۆنلاین-ەوە پەیوەندیمان هەبووە، هەروەها كونسڵخانەی ئەمریكا رۆڵێكی گەورەی بینی وەك رێنیشاندەر.

دواڕۆژ: چی وای كرد لەسەر ئاستی عێراق كچێك لە هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرێت؟ مەرجەكان چی بوون؟
ساڤان سامان
: هەر لەسەرەتاوە پڕۆسەكەم بە جددی وەرگرتبوو و كارم بۆ دەكرد، مەرجەكانی زانكۆكە ئەوەیە دەبێت خوێندكارەكە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی تایبەت بە زانكۆكە بكات و ئاستی زمانی ئینگلیزیی بەرز بێت، بڕوانامەی زمانی ئینگلیزیی هەبێت وەك (IELTS, PTE, TOEF) هەروەها دەرەجەی 10 و 11 و 12ی ئامادەیی بنێرێت بۆیان، ئامانج لە پڕكردنەوەی ئەو زەمالەیە و خەونت لە خوێندن لەو زانكۆیە بخەیتەڕوو، ئەمە بەشێكی زۆر گرنگە چونكە قوتابی دەتوانێ خۆی بە زانكۆكە بناسێنێت، كە ئامانجی چییە لە خوێندن لە ئەمریكا و داهاتووی، لەگەڵ ئەوەدا سیڤییەكی زۆر باشم پێشكەش كرد، تێیدا باسم لە بڕوانامە و كار و چالاكییە خۆبەخشەكانم كردووە، ئەمانە بوونە هۆی سەركەوتنم لەم پڕۆسەیەدا، زانكۆكانی ئەمریكا تەنیا جەخت لەسەر نمرەی قوتابی ناكەنەوە، بەڵكو فكرە و توانای خوێندكار زۆر گرنگە بەلایانەوە، پێویستە كەسەكە رۆڵێكی چالاكی هەبێت لەو زانكۆیە، ئەم  مەرجانە لە مندا هەبوون.

دواڕۆژ: لە زانكۆی واشنتۆن چ بەشێك دەخوێنیت؟ 
ساڤان سامان
: سیستمی خوێندن لە ئەمریكا و زانكۆی واشینگتۆن  زۆر جیاوازە لە كوردستان و ئەوروپا، لە بەشی Pre medicine  دەخوێنم، واتە ئامادەكاریی بۆ كۆلێجی پزیشكی گشتی (زانستی مێشك).

دواڕۆژ: چەندەم كەسی لە ئاستی كوردستان تائێستا هەڵبژێردرابیت بۆ خوێندن لە ئەمریكا؟
ساڤان سامان
: ئەم زەمالەیە چوارساڵ جارێك دەدرێتە قوتابییەكی ئاست بەرزی كوردستان، من دووەم قوتابیم كە هەڵبژێردراوم.

دواڕۆژ: پێشتر زیاتر لە چ بوارێكدا كارت كردووە و تا چ قۆناغێك خوێندووتە؟
ساڤان سامان
: تەمەنم 19 ساڵە لە هەولێر لەدایكبووم، قۆناغی 12ی ئامادەیم تەواو كردووە، ئەمساڵ وەكو مامۆستای خۆبەخش لە كەمپی قوشتەپە لە رێكخراوی منداڵە سەوزەكان، بۆ ماوەیەك توانیم لەڕووی دەروونی و وتنەوەی وانەی زمانی ئینگلیزی بە منداڵەكانی سوریا و موسڵ  هاوكارییان بكەم و بەشێك لە خەمەكانیان لەبیربەرمەوە كە بەهۆی جەنگەوە تووشیان بووە.

دواڕۆژ:  بەشێك لە گەنجان پێیانوایە وەرگرتنی زەمالەی خوێندن قورسە بەتایبەت لە ئەمریكا، راستە؟
ساڤان سامان
: بێگومان قورسە، ئەگەرنا هەموو كەس دەیتوانی بیكات، تەنیا ئەو كەسانەی كە باوەڕێكی زۆریان بەخۆیان هەیە و هەوڵدەدەن، دەتوانن سەركەوتوو بن، چونكە كات و ماندووبوونێكی زۆری دەوێت، ئەگەر سوور نەبیت لەسەری ناتوانی بەردەوام بیت، بەتایبەت لە زانكۆكانی ئەمریكا كە داواكاریی و تاقیكردنەوەی زۆریان دەوێت، ئامۆژگاریی من بۆ قوتابیان و گەنجان ئەوەیە كۆڵنەدەن لەو كارەی دەیكەن، ئەمانەش بەشێك بوون لە هۆكاری سەركەوتنم لەم پرۆسەیە. 

دواڕۆژ: پاش تەواوكردنی خوێندن دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ كوردستان، یان دەتوانی لە ئەمریكا بمێنیتەوە؟
ساڤان سامان
:  دەچمە ئەمریكا بۆ ئەوەی بتوانم هەموو ئەو زانستە بخوێنم و فێر بم، تا رۆژێك بێمەوە لە وڵاتەكەی خۆم خزمەت بكەم، هاوكات دەمەوێت ببمە پردێك لەنێوان كوردستان و ئەو زانكۆیەی لێی دەخوێنم، بۆ ئەوەی هاوكاریی قوتابیانی ئاستبەرز بكرێت كە ئارەزووی خوێندنیان هەیە لە ئەمریكا. 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure