پێشنیار دەکرێت هەر ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ فراكسیۆنه‌كه‌ی وازی هێنا حیزبەکەی بۆی هەبێت بیگۆڕێت

هەواڵ / عێراق :: 09/07/2019‌ :: 472‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان كۆبووەوه‌و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن هه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ قه‌واره‌ سیساییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ بۆی هه‌یه‌ بیگۆڕێت و كه‌سێكی تر دابنێت".

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموزی 2019، سه‌لیم شوشكه‌یی سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێی ئه‌وه‌ كرا، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك له‌ فراكسیۆنه‌كه‌ چووه‌ ده‌رێ، بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ هه‌یه‌ بیگۆڕێت یان نا".

وتیشی: "له‌ئێستادا زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دان، بۆ سه‌قامگیری سیاسی و جێگیركردنی زیاتری بارودۆخی سیاسی، هه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌ن دوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ئه‌نجومه‌ن، له‌ قه‌واره‌ سیساییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌و رۆیشته‌ فراكسیۆنێكی تر، ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ بۆی هه‌یه‌ بیگۆڕێت و كه‌سێكی تر دانێت".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گفتوگۆكان له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كان و په‌یڕوكردنی سانتلیگۆ و میكانیزمی هه‌ڵبژاردن بووە.

لەباری كه‌ركوك، سه‌لیم شوشكه‌یی وتی: "له‌ دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت لەو پارێزگایە یان ناكرێت".

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی حه‌لبوسی و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان، باسی له‌وه‌كرد: هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون، بارودۆخی سیاسی شاره‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌، ئه‌وكات هه‌ڵبژاردنی تیادا بكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ پێی باش نه‌بوو دواڕۆژ ناوەكه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌، هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد: زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن له‌ ئێستادا هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوكدا نه‌كرێت، هه‌روه‌ك توركمانه‌كانیش پێیانباشه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگای كه‌ركوكدا نه‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لایه‌نه‌كان پێیانباش نییە له‌و بارودۆخه‌ عه‌سكه‌رتارییه‌ی كه‌ركوكدا هه‌ڵبژاردن بكرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure