پڕۆژه‌ى به‌ستنى پێوه‌رى زیره‌كى كاره‌با جێبه‌جێده‌كرێت و پاره‌ش له‌ هاووڵاتیان وه‌رناگیرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 224‌ جار بینراوە

تاگ :: کارەبا

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاره‌بای "دزراوی" نیشتمانی، وه‌زاره‌تی كاره‌با پڕۆژه‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك جێبه‌جێده‌كات و رۆژانه‌ له‌ هه‌ولێر زیاتر له‌ 100 سندوق بۆ هاوڵاتیان ده‌به‌سترێت، وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ده‌ڵێت: "بۆ به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیان وه‌رناگیرێت".


بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی 30%ی كاره‌بای دزراوی نیشتمانی، وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم پڕۆژه‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك له‌سه‌ر هه‌ر پێنج پۆلی كاره‌با (هاوڵاتیان، حكومی، كشتوكاڵ، بازرگانی و پیشه‌سازی) جێبه‌جێده‌كات.

به‌پێی سیسته‌مێكه‌، ئامێری پێوه‌ری زیره‌ك بۆ ماڵان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و كارگه‌كان داده‌نرێت به‌ئامانجی رێگریكردن له‌ سه‌رپێچییه‌كان و پێوه‌ره‌كه‌ش له‌ سه‌ره‌وه‌ی عه‌مودی كاره‌با ده‌به‌سترێت و له‌ژێر ده‌ستی هاوڵاتیان نابێت.

ژیار عه‌بدولعه‌زیز، به‌رپرسی تیمی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "پڕۆژه‌كه‌ به‌ باشی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌ره‌تا له‌ گه‌ڕه‌كی راستی ده‌ستیپێكراوه‌ و رۆژانه‌ زیاتر له‌ 100 سندوق ده‌به‌سترێت كه‌ بۆ هه‌ر سندوقێك دوو تاوه‌كو شه‌ش پێوه‌ری تێدایه"‌.

وتیشی: "تیمه‌كان به‌چڕی كار له‌سه‌ر پڕۆسەكە ده‌كه‌ن و تاكه‌ گرفت كه‌ دێته‌ پێشمان، بوونی وایه‌ری زۆره‌ له‌سه‌ر ستونه‌كان كه‌ هی موه‌لیده‌ی ماڵان و هێڵی ئینته‌رنێته‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕێك راكێشراون و ئه‌مه‌ واده‌كات نه‌توانین سندوقه‌كان له‌و ستوونانه‌ ببه‌ستین كه‌ ئه‌و جاڵجاڵۆكه‌ وایه‌رانه‌ی پێوه‌ شۆڕبۆته‌وه‌، ئه‌م گرفتەش زیاتر له‌ گه‌ڕه‌كه‌ میللییه‌كان دێنه‌پێش، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش ده‌بێ خاوه‌ن موه‌لیده‌كان هاوكارمان بن له‌ لێكردنه‌وه‌ی ئه‌و وایه‌رانه‌‌".

هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ بڕیار له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌ دراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست، كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می پێوه‌ری زیره‌ك بۆ پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان راگیرابوو.

جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ له‌سه‌ر داخوازی بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ره‌وه‌ رێگری له‌هه‌موو جۆره‌كانی سه‌رپێچی و دزی له‌ كاره‌بای نیشتمانی ده‌كرێت.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی دواڕۆژ، زیاتر له‌ 30%ی كاره‌بای نیشتمانی ده‌دزرێت كه‌ به‌شێكیان به‌هۆی ده‌ستكاریكردنی كاتژمێری كاره‌بای ماڵانەوەیە‌.

پێشتر وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم چه‌ند هێزێكی له‌ پارێزگاكان پێكهێنا بۆ رێگری له‌ دزینی كاره‌بای نیشتمانی و بڕینی سه‌رپێچییه‌كانی كاره‌با، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ رێگری له‌ كاره‌كانیان‌ كراوه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌ت بڕیاری به‌ستنی پێوه‌ره‌ زیره‌كه‌كه‌ی داوه‌.

حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "پێوه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر عه‌مودی كاره‌با ده‌به‌سترێت بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك نه‌توانێت ده‌ستكاری بكات و كاره‌باكه‌ بدزرێت یاخود له‌ڕێگه‌ی شێوازه‌كانی دیكه‌وه‌ سه‌رپێچی له‌سه‌ر تۆڕی نیشتمانی بكات".

وتیشی: "به‌پێی راپۆرته‌كانی ئێمه‌، پێوه‌ره‌كه‌ له‌هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵ به‌شێوه‌یه‌كی باش كارده‌كات، بۆیه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم ده‌ستكراوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی".

له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ هاوڵاتیان، حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامی وتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیان وه‌ربگیرێت، چونكە پێوه‌ره‌كه‌ به‌ خۆڕاییه‌".

له‌باره‌ی پارەی ئەو شاشەیەی كه‌ بۆ نیشاندانی کارەبای بەکارھاتوو دانراوە، حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامی وتی: "هاوڵاتیان سەربەستن لە کڕین و نەکڕینیدا، چونكە لەڕێگەی ئەو شاشەیەوە بەشداربوو ھەر کاتێک بیەوێت بە بەکارھێنانی ئینتەرنێت، دەتوانێت بزانێت چەند پارەی کارەبا قەرزدارە و چه‌ندی خه‌رجكردووه‌ و چه‌ندی ماوه".

له‌باره‌ی گرانكردنی نرخی كاره‌بای نیشتمانی دوای به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با وتی: "لە 10 بەشی تێچوونی كاره‌با، ته‌نیا تێچووی یەک بەش لە ھاوڵاتیان وەردەگیرێتەوە، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك بڕیار نییه‌ كه‌ پاره‌ی كاره‌با دوای به‌ستنی پێوه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان گرانبكرێت".

له‌ ئێستادا بۆ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار به‌شداربوو، سێ هه‌زار و 600 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مدێت، به‌ڵام له‌ مانگی ته‌ممووزدا خواستی هاوڵاتیان بۆ كاره‌با دەگاتە زیاتر له‌ چوار هه‌زار مێگاوات، بۆیه‌ ته‌نیا ده‌توانرێت 17 تاوه‌كو 18 كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاوڵاتیان بدرێت و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌ڕێگه‌ی مۆلیده‌ی ئه‌هلییه‌وه‌ قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور‌
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure