نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ تورکیا گران ده‌بێت

هەواڵ / ئابوری :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 386‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی زریان محه‌مه‌د

له‌ئێستادا نرخی بلیتی فڕۆکه‌ بۆ وڵاتی تورکیا زیادیکردووه‌ و خواستیش له‌سه‌ری زۆره‌، هاووڵاتییەکی زۆریش گه‌شت بۆ ئەو وڵاتە دەکەن.

کارینا کارزان، به‌ڕێوه‌به‌ری زێڕین ڤاگه‌یشن له‌ سلیمانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "دیاریکردنی نرخی تکتی فڕۆکه‌ به‌رده‌وام گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت به‌پێی وه‌رزه‌کان و کاتی گه‌شتکردن جیاوازه‌، هه‌ندیکجاریش بلیتەکان لە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی پێش مانگێک یان دوو مانگ ده‌کڕین و له‌سه‌ر ئێمه‌ ده‌بێت به‌ماڵ، پاشان ده‌یفرۆشینه‌وه‌ که‌ هه‌ندێکجار قازانج ده‌که‌ین، به‌ڵام هه‌ندێکجاریش ده‌بێته‌ زه‌ره‌ر بۆمان، بۆیه‌ تکتی فڕۆکه‌ به‌رده‌وام نرخێکی جێگیری نیه‌ به‌ رۆژ و کات گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت". 

وتیشی: "له‌مانگی پێنج و شه‌شدا نرخی تکتی فڕۆکه‌ بۆ پێنج ڕۆژ ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ 300 دۆلار تا 400 دۆلار بووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ 30/7 بۆ 13/8 نرخی تکتی فڕۆکه‌ له‌ سه‌ر سیستم دیاریکراوه‌ به‌ 608 دۆلار، ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت بۆ نمونه‌ له‌ 12/7 گه‌شتبکات تا 18/7 ئه‌وا نرخی تکته‌که‌ی 695 دۆلاره‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: رۆژانه‌ 40 که‌سیان هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌شت ده‌که‌ن و له‌ سلێمانیش هه‌فته‌ی سێ گه‌شتیان هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام 40 که‌س گه‌شت ده‌کات.

ئاوات که‌یوان، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی گه‌شتیاری له‌ سلێمانی بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "نرخی تکت به‌رده‌وام جیاوازه‌ به‌پێی کاتی گه‌شتیاری گران ده‌بێت و له‌ ئێستاشدا نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌ جه‌ژنی قوربان  خه‌ڵک خۆی ئاماده‌ ده‌کات بۆ گه‌شتکردن، داوای گروپی گه‌شتیاری ده‌که‌ن یان هه‌یه‌ خۆی تکت ده‌بڕێت و ده‌ڕوات". 

ده‌شڵێت: "له‌ئێستادا به‌ هۆی کۆتاییهاتنی وه‌رزی خوێندن و پشووی مامۆستایان، داواکاری هه‌یه‌ بۆ گه‌شت له‌م مانگه‌دا تا مانگی هه‌شت که‌ ده‌که‌وێته‌ جه‌ژنی قوربان هه‌ر بۆیه‌ خواست له‌سه‌ر گه‌شت زۆر بووه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبونەوەی نرخی تکتی فڕۆکە که‌ له‌ ئێستادا له‌ 570 دۆلارەوە تا 610 دۆلار بۆ‌ کۆتایی مانگی 7 دیاریکراوه، له‌ئێستاشدا به‌ هێڵی تورکیش ئەیەرلاین تکت به‌ 650 دۆلار زیاتره‌".‌

له‌شاری سلیمانی هێڵی تورکیش ئەیەرلاین، ئه‌تڵه‌س گڵۆباڵ، ئونور، فری بێرد هه‌فتانه‌ و رۆژانه‌ گه‌شتیان هه‌یه‌ بۆ وڵاتی تورکیا.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە