زەحمەتكێشان داوای كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە شیوعی دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 293‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر كاركردنی نوێنەری حیزبی شیوعی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەك سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئێستا حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەیەوێت بۆ وادەی درێژكراوەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، نوێنەرەكەی ئەو پۆستە وەربگرێت، بەرپرسێكی حیزبی شیوعیش رایدەگەیەنێت: لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ زەحمەتكێشان دەكەن، حیزبی سۆشیالیستیش پشتگیری زەحمەتكێشان دەكات. 


حیزبەكانی (سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، شیوعی، زەحمەتكێشان) بەلیستی (هاوپەیمانی نیشتمانی) بەشدارییان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد كە لە (رۆژی 30ی نیسانی 2014) بەڕێوەچوو، بەپێی رێككەوتنەكەیان، هەر حیزبێك یەكەم بوو بۆ دوو ساڵی یەكەم كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوە دەبات، براوەی دووەمیش دوو ساڵی دووەم كورسییەكە بەڕێوە دەبات، ئەگەر پۆستێكی كارگێڕیشیان پێدرا براوەی سێیەم پۆستەكە وەردەگرێت.

لەهەڵبژاردنەكەدا حیزبی سۆشیالیست براوەی یەكەم بوو، بۆیە د.فەرهاد تۆفیق بۆ دوو ساڵی یەكەم بووە سەرۆكی فراكسیۆن لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پاشان لەهاوینی 2017وە تائێستا كاسترۆ مەعروف، وەك كاندیدی حیزبی شیوعی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیە.

لەساڵی رابوردووەوە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی هاتووە، بەڵام سەرەتا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ماوەی سێ مانگ وادەكەیان درێژكرایەوە و مانگی 11ی ساڵی رابوردوو وادەكە كۆتایی هات، بەڵام دوێنێ 8ی تەمموزی 2019 پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەدرێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ماوەی ساڵێك.

سەعد خالید، هاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆیان لەگەڵ برادەرانی حیزبی سۆشیالیست كردووە و پێیان راگەیاندوون كە ئەوان پابەندبن بەو رێككەوتنەی نێوان سێ لایەنەكەیە، پێیانوایە لەو بارەیەوە حیزبی شیوعیش هیچ گرفتێكیان نییە.

ناوبراو وتی: "ئەوەی دەمێنێتەوە لەسەر كۆبوونەوەی سێ لایەنەكەیە، ئێمەش لەو رووەوە گرفتمان نییە و ئەو نوێنەرانەی لە چوار ساڵی رابوردوو لەئەنجومەن بوون بەنوێنەری هەموانمان زانیون، بۆیە پابەندبووین بەو رێككەوتنە كاری پێدەكرێت و لەلایەن هیچ لایەكەوە كێشەی تێدا نییە".

سەبارەت بەوەی ئەوان دەیانەوێت بۆ ماوەی درێژكراوەی ساڵی داهاتوو پۆستەكە  وەربگرنەوە، سەعد خالید روونیكردەوە: "لەو رووەوە كۆبوونەوەی خۆمان دەكەین و بڕیاری كۆتایی دەدەین، بەڵام گرنگ ئێمە دڵنیابووینەتەوە لەوەی ئەو دوو لایەنەی دیكە كێشەیان نییە لە وادەی خۆیدا نوێنەری ئێمە دەستبەكار ببێت، هەرچەندە تائێستا هیچ بڕیارێك لای ئێمە نییە، بەڵام  لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو بابەتە قسەی لەسەر دەكەین و بڕیاری لێدەدەین".

لەبەرامبەردا ئەبو كاروان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: پەیوەندییەكی زۆر باش لەنێوان هەر سێ لایەنەكەدا هەیە، هەر بوارێكیش هەبێت بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی زەحمەتكێشان درێغی ناكەن، بەپێی رێككەوتنەكەشیان ئەو لایەنەی دەنگی یەكەمی هێنا یەكەمجار كورسییەكە بۆ ئەو لایەنە بووە، براوەی دووەمیش بۆ دووەمجار كورسییەكەی لادەبێت.

ناوبراو روونیكردەوە: بەڵام لەڕێككەوتنەكە باسی سێیەم و چوارەم نەكراوە تا گۆڕانكاری بەسەردا بكەن، پاشان دەبێت پۆستێكی كارگێڕی بدرێتە زەحمەتكێشان، لەڕووی پاڵێوراوەكانیش باسی یەكەم و دووەم كراوە، بەڵام باسی ئەوە نەكراوە ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژكرایەوە بۆ سێیەم بێت، ئەوە دۆسیەیەكی دیكەیە.

ئەبو كاروان وتی: "لەهەموو حاڵەتێكدا لەگەڵ هاوڕێیانی زەحمەتكێشان گفتوگۆ دەكەین و باوەڕم وایە سەركردایەتی حیزب بۆ هاوكاری حیزبی زەحمەتكێشان ئەگەر بواری یاسایی و بواری دیكەشی تێدا بێت درێغی ناكات، بەڵام هێشتا گفتوگۆی نێوان شیوعی و زەحمەتكێشان لەو بارەیەوە نەكراوە".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر زەحمەتكێشان داوای كورسییەكەیان بكەن، ئەوان پێیان دەدەن، بەرپرسەكەی حیزبی شیوعی روونیكردەوە: "لەگەڵ حیزبی زەحمەتكێشان گفتوگۆ دەكەین و لەنێو خۆشماندا قسە دەكەین، بەڵام لەم بابەتەدا قەزیەیەكی بۆ زەحمەتكێشانیش تێدایە، بەڵام ناتوانم لەوە زیاتر روونیبكەمەوە". 

وتیشی: "ئێمە سەركردایەتی كۆدەبینەوە و باوەڕم وایە بەشێكی زۆری سەركردایەتی لەگەڵی ئیجابین، بەڵام دواجار كۆمیتەی ناوەندی بڕیار دەدات".

حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان پشتگیری لەوەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكەن ئەوەش بەمەبەستی دروستكردنی متمانەی زیاتر لەنێوان لایەنەكان.

بەختیار كەریم، وتەبێژی حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەبەرئەوەی ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و هەڵبژاردن نەكراوەتەوە و ماوەی یاسایی ئەنجومەنەكانیش درێژكرایەوە، بۆیە پێیانوایە دەكرێت ئەو لایەنانە جارێكی دیكە پێداچوونەوە بەو پڕۆسەیەدا بكەن.

ناوبراو وتی: "ئێمە وەكو رەهەندی ئەخلاقی سازشمان بۆ حیزبی شیوعی كرد كە ئەو دوو ساڵە پۆستەكە وەربگرێت، ئێستاش حیزبی شیوعی دەتوانێت بۆ یەكڕیزی ئەو سێ لایەنە و بۆ دروستكردنی متمانەی زیاتر، بۆ ماوەی درێژكراوەی ئەنجومەن، ئەو كورسییە بدرێتە زەحمەتكێشان".

دەربارەی ئەوەش كە بەپێی رێككەوتنەكەیان دەبوو پۆستی كارگێڕی بەزەحمەتكێشان بدرێت، نەك كورسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەختیار كەریم روونیكردەوە: "ئەوە راستە، هەرچەندە لەسنووری پارێزگای سلێمانی 66 پۆستی كارگێڕی هەیە و دەبوو پۆستی كارگێڕی وەربگرین بەڵام وەرنەگیراوە، بۆیە دەكریت لە بری پۆستی كارگێڕی، جێگۆڕكێ بەنوێنەرەكەی ئەنجومەنی پارێزگا بكرێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure