ره‌خنه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ده‌گیرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

یاساناسان و فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ره‌خنه‌ له‌ هه‌موارى نوێى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ده‌گرن و پێیانوایه‌ هه‌مواركردنه‌كه‌ بۆ سه‌پاندنى ئه‌جێنداى حیزبە و دژى سیستمى دیموكراسییه‌ له‌ هه‌رێمدا.


رۆژی (23ی حوزه‌یرانی 2018) ته‌مه‌نی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كۆتاییهات  و به‌پێی یاسایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ماوه‌ی سێ مانگی دیکە ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ درێژكرایه‌وه‌ و له‌ 23ی ئه‌یلولی هەمان ساڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ماوه‌ی 90 رۆژه‌كه‌ی ته‌واو بوو.

به‌پێى یاساى ژماره‌ (3)ى ساڵى (2009)ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ده‌بێت له‌ماوه‌ى 90 رۆژدا له‌دواى كۆتاییهاتنى واده‌ى چواره‌مین ساڵى كارى ئه‌نجومه‌نه‌كان، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بكرێت، واته‌ ده‌بوو له‌ ئه‌یلولى ساڵى رابوردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجامبدرایە، به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجامنه‌درا به‌ڵكو یاساكه‌ سه‌ره‌ڕاى نیگه‌رانییه‌كان هه‌مواركرایه‌وه‌.

دووشه‌ممه‌ 8ى ته‌مموزى 2019 په‌رله‌مانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌موارى یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی په‌سه‌ند كرد، به‌ڵام یاساناسان و به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كان دژى چه‌ند مادده‌یه‌كى هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌موارى یاساكه‌، هەڵبژاردنى پارێزگار لە دەرەوەى ئەندامانى ئەنجومەن یاخود لە نێوانیاندا بەزۆرینەى ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەن داده‌نرێت، هه‌روه‌ها ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان درێژده‌كرێته‌وه‌ تا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌بێ ئه‌وه‌ى كاتى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دیاری كرابێت.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێمه‌ دژى هه‌ردوو مادده‌ى هه‌موارى یاساكه‌ین كه‌ باس له‌ دانانى پارێزگاره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن و درێژكردنه‌وه‌ى خولى ئه‌نجومه‌نه‌كان ده‌كات به‌بێ دیاریكردنى كاتى هه‌ڵبژاردن، پێمانوایه‌ هه‌ردوو مادده‌كه‌ دژى بنه‌كانى دیموكراسى و ده‌نگى هاووڵاتیانه‌ و زۆرتر بۆ سه‌پاندنى خواستى حیزبه‌، چونكه‌ پارێزگارێك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كان داده‌نرێت پابه‌ند نابێت به‌هه‌ر رێكارێك كه‌ دژى ده‌گیرێته‌به‌ر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌.

وتیشى: "نه‌ده‌بوو خوله‌كه‌ درێژبكرێته‌وه‌، یاخود له‌كاتى درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌نه‌كان ده‌بوو ماوه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردن دیارى بكرێت، چونكه‌ ئه‌ندامانى ئێستا بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ ده‌نگیان پێدراوه‌، نه‌ك بۆ ماوه‌ى دوو خول و سێ خول".

فراكسیۆنه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و نه‌وه‌ى نوێ دژى هه‌موارى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بوون و ده‌نگیان پێنه‌دا.

كازم فاروق، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌یاساى په‌یوه‌ست به‌ ژیانی خه‌ڵك ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كراوە، بەڵام ناخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كار و له‌به‌رامبه‌ردا په‌رله‌مان ته‌مه‌نی پارێزگاكان درێژده‌كاته‌وه‌ بێ ئەوەی واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاریبكات، هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئەوەدا نین پارێزگار له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كان دیارى بكرێت بۆیه‌ ده‌نگمان پێنه‌داوه‌.

هاوكات عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌زۆرینه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ی فراكسیۆنه‌كانی پارتی و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌یانویست تێپه‌ڕی، به‌ڵام ئێمه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك دژى هه‌مواره‌كه‌ بووین.

له‌باره‌ى هۆكاره‌كانه‌وه‌، عه‌بدولستار مه‌جید وتى: "درێژكردنه‌وه‌ی كاری ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان به‌بێ دیاریكردنی سه‌قفێكی زه‌مه‌نی بۆ كۆتاییهاتنی كار و ده‌سه‌ڵاتیان و دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێ، پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و بێ به‌هاكردنی ئیراده‌ی خه‌ڵكه‌ و ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ به‌م هه‌مواره‌ی ئه‌مڕۆشه‌وه‌، شه‌رعیه‌ته‌كه‌ی له‌كه‌دار و خستووەته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووین له‌ پێناو ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ته‌مه‌نیان ته‌نیا بۆ هه‌شت مانگ درێژبكرێته‌وه‌ نه‌ك به‌و ڕه‌هاییه‌".

وتیشى: "مادده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار له‌ هه‌مواره‌كه‌دا چه‌سپێندراوه‌ كه‌ مافی هه‌ڵبژاردنی پارێزگار له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و ده‌یخاته‌ ده‌ستی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌نگی خه‌ڵك، به‌ سه‌فه‌قاتی حیزبیی پارێزگار دیاریبكه‌ن و دواتر له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ مه‌رسومی ده‌ستبه‌كاربوونی بۆ ده‌ربكه‌ن كه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ سوكایه‌تییه‌ به‌ ده‌نگ و ئیراده‌ی خه‌ڵك و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ و یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ڕێگه‌نادات له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، حیزب كه‌سێك وه‌ك پارێزگار دیاری بكات و به‌سه‌ر پارێزگاكاندا بیسه‌پێنێت".

له‌باره‌ى هه‌موارى یاساكه‌، كاروان خه‌سره‌و پارێزه‌رى راوێژكار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێویسته‌ هاووڵاتیان و یاساناسان و ئه‌ندامانى ناڕازیى په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بێده‌نگ نه‌بن، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ روویدا كوشتنى روحى دیموكراسى و مافى سه‌ره‌تایى هاووڵاتیان بوو.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ داواده‌كات: "به‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى توند رێگه‌نه‌درێت هه‌موارى ئه‌و یاسایە له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ یاساكه‌ رێگه‌ده‌دات پارێزگارى گه‌نده‌ڵ و له‌سه‌رووى یاسا له‌ هه‌رێم دروستببێت".

پێشتر پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن، لە یاداشتێكیدا بۆ پەرلەمانی كوردستان، داواى كردبوو لەكاتی هەمواری یاساكەدا، هەڵبژاردنی پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنەكانەوە وەك خۆی بمێنێتەوە و لە دەرەوەی ئەنجومەنیش كەس مافی خۆ كاندیدكردنی بۆ ئەو پۆستە نەبێت.

پەیمانگەی كوردی ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردبوو: یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پینە و پەڕۆ هەموار ناكرێتەوه‌، هه‌روه‌ها هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە كە دڵخوازی مەكتەب سیاسییەكانن بەبەڵگەی ئەوەی دەنگی راستەوخۆی هاووڵاتیانی بەدەست نەهێناوە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure