"حكومه‌تى عێراق به‌مه‌به‌ست هاوكارى له‌ كه‌مپه‌كانى كوردستان بڕیوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2019‌ :: 331‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

حکومەتی عێراق نزیکەی ساڵێکە هاوکارییە داراییەکانی لە کەمپی ئاوەرەکانی گەرمیان بڕیوە و ئەو پەنابەرانەی لەوێ نیشتەجێبوون رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، بەرپرسێکیش دەڵێت: "حکومەت بەمەبەست ئەو کارە دەکات".


بێستون ژاڵه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروباره‌ مرۆییه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ى نزیكه‌ى یه‌ك ساڵه‌ وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق هاوكارییه‌كانی له‌ كه‌مپى ئاواره‌كان بڕیوه‌ و هیچ یارمه‌تى و پێداویستییه‌كیان بۆ ره‌وانه‌ ناكات. 

وتیشى: "له‌ هه‌ردوو كه‌مپى تازه‌دێ و قۆره‌توو زیاتر له‌ سێ هه‌زار ئاواره‌ ده‌ژین كه‌ زۆربه‌یان عه‌ره‌بی خه‌ڵكى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عێراقن و نزیكه‌ى 200 كه‌سیشیان كوردن و به‌ پاڵپشتى و هاوكارى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌ ناویاندا یونسێف پێداویستییه‌كانیان بۆ دابین دەکرێت". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: حكومه‌تى عێراق به‌مه‌به‌ست هاوكارییه‌كانیان له‌ كه‌مپه‌كان راگرتووه‌ بۆئه‌وه‌ى چیتر نه‌وترێت كوردستان ئارامه‌ و ژماره‌یه‌كى زۆر ئاواره‌ی تێیدا ده‌ژی. ده‌یانه‌وێت ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانى خۆیان و كه‌مپه‌كان دابخرێن". 

بێستون ژاڵه‌یی ئاماژەی بەوەشدا: ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌كان فشار له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق درووستنه‌كه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ى هاوكارى و پێداویستییه‌كان، ئه‌وا ره‌وشى ئاواره‌كان له‌ داهاتوودا زۆر خراپ ده‌بێت. 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure