پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر كارنامه‌ی حكومه‌ت رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 08/07/2019‌ :: 519‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

دوای زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ لەنێوان هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و گۆڕان و یه‌كێتی بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت، دوێنێ ره‌شنووسی كارنامه‌كه‌ لەلایه‌ن نوێنه‌ری هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ په‌سه‌ندكرا.


پێشتر زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان نوێنەری هەر سێ‌ لایەنی به‌شداربوو بۆ پێكهانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانى کوردستان، دانا عەبدولكەریم بەرپرسی ژووری حكومەت و په‌رله‌مانی بزوتنەوەی گۆڕان، شەعبان چالی لێپرسراوی مه‌كته‌بی مه‌سرور بارزانی ئەنجامدرا.

پاش كۆبوونەوەكە و نوسینه‌وه‌ی كارنامەی نوێی كابینەی حكومه‌ت، به‌رنامه‌كه‌ په‌سه‌ندكرا و راده‌ستی كاندیدی راسپێردراو بۆ حكومه‌ت كراوە.

دواڕۆژ زانیویه‌تی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان داڕێژراوە و به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌تیش سه‌قفی زه‌مه‌نییان بۆ دانراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ چاكسازی.

عەلی حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "به‌شێكی گه‌وره‌ی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت له‌ چاكسازی پێكهاتووه‌ به تایبه‌ت له‌ بوای شه‌فافیه‌ت له‌ سێكتەرەكانی دارایی و نه‌وت".

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، گرنگ كارنامه‌كه‌ نییه،‌ به‌ڵكو ره‌شنووسی ئه‌و كارنامه‌یه‌ گرنگه‌ كە هه‌ر سێ لایه‌ن له‌سه‌ری رێككه‌وتوون جێبه‌جێبكرێت له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو.

ئامادەکردنى کارنامەى حکومەت لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانى، کاندیدى راسپێردراو ناوى کاندیدانى کابینەکەى رادەستى پەرلەمان کرد و بڕیارە رۆژى چوارشەممە پەرلەمان دانیشتنى متمانەپێدانیان ئەنجامبدات.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure