دوای ته‌قینه‌وه‌یه‌ك داعش رووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 130‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ ناحیه‌ى جه‌له‌ولا چه‌كدارانى داعش ئۆتۆمبیلێكى بارهه‌ڵگر ده‌ته‌قێننه‌وه‌ و تائێستا شۆفێره‌كه‌ى نادیاره‌ و له‌ كاتێكدا هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ چه‌كداره‌كان به‌ قه‌ناس ته‌قه‌یان لێكردوون و چوار هاووڵاتى و سه‌رباز برینداربوون.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشی جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دره‌نگانى شه‌وى رابوردوو له‌ گوندى ئیسلاحى نێوان جه‌له‌ولا بۆ كه‌لار بۆمبێكى چێندراو به‌ ئۆتۆمبیلێكى بارهه‌ڵگردا ته‌قییه‌وه‌ و دواى ته‌قینه‌وه‌كه‌ شۆفێره‌كه‌ى تائێستا نادیاره‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ش تێكشكاوه‌. 

وتیشى: "له‌ كاتێكدا دوو هاووڵاتى گونده‌كه‌ نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ نێو باخه‌كانى ده‌وروبه‌رەوه‌ به‌ قه‌ناس ته‌قه‌ له‌ هه‌ردوو هاووڵاتییه‌كه‌ كراوه‌ و هه‌ردووكیان برینداربوون". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: دواتر هێزێكى سوپاى عێراق چونه‌ته‌ نزیك ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌ و له‌لایه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ ته‌قه‌ش له‌وان كراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى نیو كاتژمێر شه‌ڕ و پێكدادان به‌رده‌وامى هه‌بوو، له‌ ئاكامدا دوو سه‌رباز برینداربوون و چه‌كداره‌كانیش دووركه‌وتنه‌وه‌ و هه‌ڵاتن.

چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ سنوورى جه‌له‌ولا چه‌كدارانى داعش جموجۆڵیان زیادى كردووه‌ و زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ و كوشتن و ڕفاندنى هاووڵاتیانیان ئه‌نجامداوه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure