بەندیخانەكانی عێراق خەریكە دەبنە فێرگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی داعش

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/07/2019‌ :: 172‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


بڵاوبوونه‌وه‌ی دوو وێنه‌ی به‌ندیخانه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، كاردانه‌وه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا، چه‌ند رێكخراوێکی تایبه‌تمه‌ندی مافی مرۆڤ و چه‌ندین ده‌زگا و ئاژانسی هه‌واڵی جیهانی هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ری كرد.

 

وێنه‌كان له‌ یه‌كێك له‌ به‌ندیخانه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وادا گیراون‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ژنان و پیاوان و منداڵی به‌ندكراو به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ و دادگایی، له‌ناو قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆردا راگیراون، رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ به‌ كاره‌سات وه‌سفی ده‌كات، هه‌روه‌ك كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ له‌ عێراق، باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بیست به‌ندیخانه‌ی عێراق.

 

هاوكات رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی به‌ راپۆرتێك له‌ژێر ناونیشانی ”وێنه‌یه‌كی دانسقه‌، رۆشنایی ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخێكی ناهه‌موار له‌ به‌ندیخانه‌كانی عێراقدا” كه‌ به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش راگیراون.

 

به‌پێی راپۆرتێكی هیومان رایتس وۆچ، ئه‌و به‌ندیخانانه‌ی له‌ وێنه‌كاندا ده‌ركه‌وتوون، بەهیچ شێوەیەك نا‌گه‌نه‌ ئاستی پێوه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كان، له‌ سێ ده‌زگای پارێزگای نه‌ینه‌وادا وێنه‌كان گیراون كه‌ به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و زۆریی به‌ندییه‌كانه‌وه‌، زه‌وی به‌ندیخانه‌كه‌ دیار نییه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانی له‌خۆگرتووه‌، به‌ده‌یان جانتا و كیسی پێداویستی به‌دیواری به‌ندیخانه‌كه‌دا هه‌ڵواسراون، ئه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، هۆشداریشی داوه‌ له‌وه‌ی ئه‌و به‌ندیخانانه‌ ده‌بنه‌وه‌ هۆی دروستبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌لای ئه‌و به‌ندییه‌ بێده‌سه‌ڵاتانه‌.

 

پێش راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ و راپۆرتی میدیا جیهانییه‌كان، كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، چه‌ندین راپۆرتی له‌سه‌ر خراپیی و قه‌ره‌باڵغیی و ناهه‌مواریی به‌ندیخانه‌كانی عێراق داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

 

هێمن باجه‌لان، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌ك كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، پێش ئه‌وه‌ی هیومان رایتس وۆچ هیچ زانیارییه‌ك بڵاوبكاتەوە‌، زانیاری و نیگه‌رانی خۆمانمان به‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراقی داوه‌، چه‌ندین راپۆرتی تایبه‌تمان هه‌یه‌، له‌ راپۆرته‌كاندا بارودۆخی به‌ندیخانه‌كانمان دیاریكردووه‌، به‌تایبه‌ت به‌ندیخانه‌ی هه‌واڵگری كه‌ زۆرترین كێشه‌ی تیادایه‌".

 

ئاشكراشیكرد: لەژێر رۆشنایی راپۆرته‌كانی ئێمه‌ حكومه‌تی عێراق، لیژنه‌یه‌كی له‌ ئه‌منی نیشتمانی و هه‌واڵگری و كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق پێكهێنا و ئێمەش پێشنیازی خۆمان بۆ چاره‌سه‌ركرنی ئه‌و كێشانه‌ بۆ خستووەته‌ڕوو، یه‌كێك له‌ پێشنیازه‌كانیش كردنەوەی چه‌ند به‌ندیخانه‌یه‌كی دیكەیە، چونكه‌ عێراق خاوه‌نی 25 به‌ندیخانه‌ بوو، ئێستا ته‌نیا 20 له‌و به‌ندیخانانه‌ كارده‌كه‌ن.

 

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ له‌ هه‌موو به‌ندیخانه‌كانی عێراقدا هه‌یه‌، له‌ به‌سره‌، ناسریه‌، حلله‌ و هه‌موو شوێنه‌كان هه‌یه‌، پێشنیازمان كردووه‌، به‌ندیخانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ جارێكی دیکە دورستبكرێته‌وه‌، پێشنیازیشمان كردووه‌، به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغرێب دوای شكاندنی دووبارە دروستبكرێته‌وه‌، له‌ موسڵیش جێگه‌یه‌ك هه‌یه‌، پێی ده‌وترێت (قعات) كه‌ كاتی خۆی دیله‌ ئێرانییه‌كانی تێدابووه‌، ده‌كرێت جارێكی دیکە ئەو بینایەش چاك بكرێتەوە.

 

وتیشی: "ئێمه‌ پێشنیازمان كردووه‌، دەستبەنی ئه‌لیكترۆنی دروستبكرێت كه‌ ئێستا له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان زۆر به‌كاردێت، سزادراو سێ له‌سه‌ر چواری سزاكه‌ی خۆی ته‌واو ده‌كات، چاره‌كی كۆتایی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێـت بێته‌وه‌ ناو خه‌ڵك، ئه‌و دەستبەنە ئه‌لیكترۆنییه‌ی پێوە بكرێت، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ چاودێری ئه‌لیكترۆنی بكرێت".


بەوتەی باجەلان، چه‌ند سزایه‌كی تریشیان پێشنیاز كردووه‌، وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ كه‌ "بێگومان هه‌ندێك تاوانی وه‌ك تیرۆر و تاوانی قورس"یش دەگرێتەوە.

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: تائێستا كێشه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دادی عێراق بوو، كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی باسی چل خاڵه‌كه‌ی گه‌نده‌ڵی كرد، یه‌كێك له‌و سێكته‌رانه‌ی گه‌نده‌ڵی تیادایه‌، به‌ندیخانه‌كانی وه‌زاره‌تی داد-ن‌ كه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر و گه‌وره‌ی تێدایه‌، به‌م ده‌موده‌ست و ئاسانییه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت كه‌ نا دادگه‌رییه‌كی زۆر و پێشێلكردنێكی زۆری مافه‌مانی مرۆڤ هەیە‌.


هێمن باجەلان هیوای ئه‌وه‌ی خواست ئه‌م وه‌زیره‌ نوێیه‌ی وه‌زاره‌تی دادی عێراقی، گورج و گۆڵتر بێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین حكومه‌تی عێراق وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ داواكاری و پێشنیازه‌كانمان "به‌ڵام وه‌زاره‌تی داد پێشتر وه‌زیری نه‌بوو".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، هۆشداریدا له‌زیادبوونی ناهه‌موار و خراپبوونی باردۆخی گیراوانی ناو به‌ندیخانه‌كان، وتی: "ئه‌و به‌ندیخانانه‌ی تر نه‌خرێنه‌وه ‌گه‌ڕ، بارودۆخی به‌ندكراوان زیاتر خراپ ده‌بێت، چونكه‌ وا چاوه‌ڕوانده‌كرێت عێراق تاوانبارانی داعشیش وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كان كه‌ڵكیان نامێنێت، به‌ندیخانه‌ی حلله‌ كه‌ حكومه‌ت ده‌ڵێت ته‌نیا ئاو و كاره‌بای ماوه‌، ده‌بێت په‌له‌ بكرێت له‌ كردنه‌وه‌ی.

 

شیروان دوو به‌ردانی ئەندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "به‌دواداچوونمان بۆ بارودۆخی به‌ندیخانه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا كردووه‌، ئه‌وه‌ی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا باسی كردووه‌، هێشتا كه‌مه‌، له‌ ئاست ئه‌و كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتانه‌ی له‌ به‌ندیخانه‌كاندا هه‌ن".

روونیشیكرده‌وه‌: "دادگا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كاری خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌موكوڕییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی عێراقه‌وه‌یه‌، كه‌ سزادراوه‌كان وه‌رناگرن، نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و به‌ندیخانانه‌دا سزای یاساییان بۆ ده‌ركراوه‌، له‌و به‌ندیخانانه‌دا ماونه‌ته‌وه".

وتیشی: "پارێزگای نه‌ینه‌وا گرفتاره‌ به‌هۆی نه‌بوونی به‌ندیخانه‌ی چاكسازییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی داعش به‌ندیخانه‌ی بادۆشی ته‌قانده‌وه، بارودۆخی به‌ندیخانه‌كان زۆر كاره‌ساتبار و نامرۆییانه‌یه‌، پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری خێرا و به‌په‌له‌یه".

ئاشكراشیكرد: "ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ به‌ندیخانه‌كاندان، زیاتر له‌ شه‌شه هه‌زار كه‌سن، هه‌روه‌ك كێشه‌یه‌كی تریش هه‌یه‌، كه‌ به‌ندیخانه‌ی ژنان و نه‌وجوانان نییه‌، زیاتر له‌ 220 ژن له‌ به‌ندیخانه‌دان، 49 كه‌سیان سزایان بۆ ده‌ركراوه‌، كه‌چی هێشتا له‌و به‌ندیخانانه‌دان، هه‌روه‌ك ژماره‌ی نه‌وجەوانان زیاتر له‌ 1050 كه‌سه‌ و ته‌نها 244 كه‌سیان سزایان بۆ ده‌ركراوه".



پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure