تیۆرى كوده‌تا له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێراندا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


بۆ تێگه‌یشتن له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگەیه‌ك و شێوازى بیركردنه‌وه‌ى باشتر وایه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووى ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه‌ به‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌یه‌وه‌ واته‌ هه‌م مێژووى ڕووداوه‌ ڕاسته‌قینه‌كان هه‌م ناوه‌ڕۆكى ئه‌فسانه‌كانیش. 


ئه‌مه‌ بۆچونێكى زانستییه‌ كه‌ زانسته‌كانى سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌سه‌ندیان كردووه‌، هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌توانین هه‌ڵسوكه‌وتى سیاسى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك تێبگه‌ین ستراتیجێكى گونجاو دابڕێژین بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا. 

ئامانجى راپۆرته‌كه‌مان وڵاتى ئێرانه‌ كه‌ مێژوویه‌كى شارستانى هه‌یه‌ پڕه‌ له‌و ڕووداوانه‌ى كه‌ ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ره‌فتارى كۆمه‌ڵگە و سیاسه‌ت و كه‌لتورى ئه‌و وڵاته‌.

مێژوو پێمان ده‌ڵێت: "ئێران به‌ چه‌ندین ڕووداو و كاره‌سات و كاریگه‌رى سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ له‌ مه‌وداى چه‌ندین سه‌ده‌دا كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دیاریكردنى شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى ئێران له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا پێگه‌ ستراتیجییه‌كه‌ى ئێران واى كردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ به‌ره‌به‌یانى مێژووه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژى ئه‌مڕۆمان ببێته‌ ئامانجى گه‌وره‌ی هێزه‌كان كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ بیخه‌نه‌ ژێر ركێفى خۆیانه‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ كاریگه‌رى مه‌زهه‌بى شیعه‌ له‌سه‌ر ره‌فتارى سیاسى ئێراندا كاریگه‌رى قوڵ و فراوانه‌ و له‌ دواى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ له‌ ساڵى 1979دا بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى بیركردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى ئێران".

فه‌ڕش چنین به‌ده‌ست كه‌ پیشه‌یه‌كى دێرین و ڕه‌سه‌نى ئێرانه‌ زۆرجار گوزارشته‌ له‌وه‌ى كه‌ ئێرانییه‌كان پشوودرێژن له‌ هه‌موو شتێكدا و ئه‌مه‌ش به‌ ئاشكرا له‌ هه‌موو دانوستانه‌كاندا ده‌ركه‌وت جگه‌ له‌وه‌ش نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێرانى زۆر وریا و سڵكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى دیكه‌، سروشتى ده‌وڵه‌تى ئێران و مرۆڤى ئێرانى به‌ جۆرێكه‌ كه‌ متمانه‌ به‌ گه‌وره‌ هێزه‌كانى جیهان ناكات ترس له‌ ده‌ره‌وه‌ یاخود زینۆفۆبیا پوخته‌ى هه‌ڵوێست و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ره‌هه‌نده‌ گرنگه‌كانى ئه‌م سیاسه‌ته‌ بڕوابوونه‌ به‌ تیۆرى كوده‌تا.

نه‌به‌رده‌ مێژووییه‌كانى ئێران به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌ شانامه‌ى فیردۆسیا تۆمار كراون هه‌روه‌ها گه‌نجینه‌ دینییه‌كه‌ى ئێران له‌ پێش ئیسلام و دواى ئیسلامه‌وه‌ كارێكیان كردووه‌ كه‌ سیاسه‌تى ئێران و خه‌یاڵى سیاسى ئه‌و وڵاته‌ به‌ جۆرێكى تایبه‌ت بێت و هه‌وڵدانێكى به‌رده‌وام بێت بۆ دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌زموونانه‌ى كه‌ زۆر كه‌وتن له‌سه‌ر ئێران. 

ساڵى 2007 كۆمه‌ڵه‌ى فڕه‌نسى بۆ توێژینه‌وه‌ ئێرانییه‌كان كۆڕێكى له‌ شارى تاران ساز كرد له‌ژێر ناونیشانى (ترس له‌بیانى له‌ كه‌لتورى ئێرانیدا) و كرۆكى هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌نجامگیرییه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ په‌یوه‌ندى ئێرانییه‌كان به‌ وڵاتانى بیانییه‌وه‌ هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ ساردى و بێ متمانه‌یی پێوه‌یه‌، هۆكارى ئه‌م ترس و بێ متمانه‌ییه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووى كۆنه‌وه‌ تاوەكو ئه‌مڕۆ ئێران به‌رده‌وام هێرشى نه‌كراوه‌ته‌ سه‌ر، ئێمه‌ كه‌ باسى ئێران ده‌كه‌ین باسى شارستانییه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ هه‌زاران ساڵى تێپه‌ڕاندووه‌ و زۆر ئه‌زموون و په‌ند و عیبره‌تى وه‌رگرتووه‌ و ئه‌و ئه‌زموون و په‌ند و عیبره‌تانه‌ش ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگەدا هه‌م له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و هه‌م له‌ شێوازى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ سنوورى سیاسى ئێران تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌.

ناسنامه‌ى هاووڵاتى ئێرانى له‌ ناوه‌ڕۆكدا بریتیه‌ له‌ یادگه‌ و بیره‌وه‌رییه‌ مێژووییه‌كان و پاڵه‌وانییه‌تییه‌كانى ناو ئه‌فسانه‌كان و له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌توانین بونیادى ناسنامه‌ و كه‌لتورى كۆمه‌ڵگەى ئێرانى دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر سێ قۆناغدا:

1. قۆناغى پێش ئیسلام كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ شارستانى ئێرانى كۆنه‌وه‌.
2. قۆناغى پاش ئیسلام كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌لتورى ئیسلامه‌وه‌.
3. قۆناغى سێ په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌لتورى هاوچه‌رخه‌وه‌ كه‌ به‌ كورتییه‌كه‌ى واته‌ ده‌ستوه‌ردانى خۆرئاوا له‌ كاروبارى ئێراندا.

لێپرسراوانى ئێران به‌ ئاشكرا پاڵه‌وانى ناو ئه‌فسانه‌ كۆنه‌كان ده‌شوبهێنن به‌ گه‌نجانى ئێستاى وڵات كه‌ باوه‌ڕى پته‌ویان هه‌یه‌ به‌ شۆڕشى ئێران و به‌هاكانى گه‌نجینه‌ى كه‌لتورى ئێران له‌ هه‌موو رەهه‌نده‌ جیاجیاكاندا پشتى به‌ستووه‌ به‌و دوالیزمه‌یى كه‌ هه‌موو شتێكى دابه‌شكردووه‌ به‌سه‌ر چاكه‌ و خراپه‌دا، واته‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ى كه‌ سه‌رده‌شت گوزارشتى لێكرد له‌ نێوان ئاهورامه‌زدا و ئه‌هریمه‌ندا ئه‌قڵى ئێرانى كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌وه‌ و ئه‌مدوالیزمه‌ بووه‌.

یه‌كێك له‌ پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤى ئێرانى لاى ئه‌وان ئاهورامه‌زرا گه‌ردوونى دروست كردووه‌ و ئه‌هریمه‌ن خراپه‌ى چاندووه‌.

باسكردنى بابه‌تى ترسى ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ مه‌به‌ست لێى شاره‌زایى په‌یداكردنه‌ له‌ وێستگه‌ مێژووییه‌ گرنگه‌كاندا چ كۆن بن و چ هاوچه‌رخ، كرۆكى شانامه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بتوانین بڵێین سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانه‌ كتێبێكه‌ زۆر به‌ وردى باسى شه‌ڕه‌كانى ئێران ده‌كات له‌گه‌ڵ تورانیه‌كاندا واته‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كان، ئه‌و وڵاته‌ى كه‌ ئێستا پێىده‌ڵێن چین، هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌كانیش له‌گه‌ڵ ڕۆمدا ئه‌فسانه‌كه‌ ده‌یه‌وێت وێنه‌ى كه‌سایه‌تى شا ئیره‌ج وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى میانڕه‌و به‌رجه‌سته‌ بكات و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ئێران ده‌یه‌وێت ڕووبه‌ڕووى خورهه‌ڵات و خۆرئاوا ببێته‌وه‌. له‌ شانامه‌دا مرۆڤى بیانى هه‌میشه‌ پیلان و نه‌خشه‌ى پێیه‌ بۆ به‌ ئامانجگرتنى ئێران، كه‌سایه‌تى زوحاك له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا بووه‌ته‌ كه‌سایه‌تییه‌كى ئه‌هریمه‌نى و تاقه‌ كه‌سى بیانى بووه‌ كه‌ له‌و قۆناغه‌دا توانیویه‌تى له‌ دوورگه‌ى عه‌ره‌بیه‌وه‌ بجوڵێ بۆ كۆنتڕۆڵًكردنى ئێران. له‌ ئه‌فسانه‌كه‌دا لایه‌نێكى تر له‌ ناخى مرۆڤى بیانیدا ده‌بینرێت كه‌ ده‌توانرێت سوودى لێ وه‌ربگیرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ دژى ئێران ده‌جوڵێن.

له‌ مێژووى هاوچه‌رخیشدا كه‌ له‌ سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات ده‌بینین ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانى وه‌ك فڕه‌نسا و بڕیتانیا و ڕوسیا و له‌م دواییه‌شدا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌میشه‌ پیلانیان دژى ئێران گێڕاوه‌، بۆیه‌ هه‌تا ئێستاش ئێران له‌ غه‌یره‌ ئێرانى ده‌ترسێت ڕوسیا له‌ باكوره‌وه‌ و بڕیتانیا له‌ باشوره‌وه‌ و ده‌وڵه‌تى عوسمانى له‌ خۆرئاواوه‌ هه‌میشه‌ مایه‌ی ترس و هه‌ڕه‌شه‌ بوون بۆ سه‌ر ئێران. به‌ جۆرێك كه‌ ته‌نانه‌ت محه‌مه‌د ڕه‌زاشاى ئێرانیش زۆر گومانى هه‌بووه‌ له‌ بڕیتانیا و پێى وابووه‌ به‌رپرسیارى هه‌موو رووداوه‌كانى ناو ئێرانه‌. خۆ هه‌ڵوێستى ڕوسیاش شاراوه‌ نیه‌ كه‌ هه‌ر له‌ زه‌مانى پیترۆى گه‌وره‌وه‌ مۆسكۆ ویستویه‌تى كۆنتڕۆڵى ئاوه‌ گه‌رمه‌كانى كه‌نداو بكات.

به‌ كورتییه‌كه‌ى نه‌ له‌ ڕابوردووى ئه‌فسانه‌دا و نه‌ له‌ مێژووى هاوچه‌رخدا هه‌رگیز په‌یوه‌ندى ئێران به‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ دۆستانه‌ و له‌سه‌ر بناغه‌ى ڕێز له‌یه‌كگرتن نه‌بووه‌.

ئێستاشى پێوه‌ بێت بیركردنه‌وه‌ى سیاسى ئێران  ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان ئاهورامه‌زرا و ئه‌هریمه‌ندا ئه‌و ئه‌هریمه‌نه‌ى كه‌ دواتر خرایه‌ چوارچێوه‌ى دروشمى شه‌یتانى هه‌ره‌ گه‌وره‌وه‌، چونكه‌ تائێستاش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر بوونى ئێران.

 

سه‌رچاوه‌ : ئه‌لمه‌یدان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure