قارچكى هه‌رێمى كوردستان ركابه‌رى قارچكى ئێران ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 281‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى كارگه‌ى گوڵى شێر

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

لە ساڵانی رابوردوودا قارچکی ئێرانی بازاڕەکانی کوردستانی تەنیبوو، بەڵام کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قارچک لە هەولێر کێبڕکێی قارچکی ئێرانی دەکات، رۆژانە دوو تۆن بەرهەمی قارچک دەخاتە بازاڕەکانی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق خاوەنی کارگەکەش داوادەکات "حکومەت زەویی گەورەتریان بۆ دابینبکات".

ئەکرەم ئەحمەد، خاوەنی کارگەی قارچکی گوڵی شلێر لە هەولێر، یەکێکە لە گەورەترین کارگەکان لە کوردستان و عێراق، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم کارگەیەمان لە گەشتێكماندا بۆ وڵاتى ئێران لە ساڵی 2012 وه‌رگرت. کە بینیم بەرهەمێکی باشه‌ و سوودی زۆری ئابووریشی هەیە، بۆیە بیرمکردەوە کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنم".

وتیشى: "سەرەتا پێنج هۆڵی بچووکمان بە بلۆک دروستکرد، بەڵام ئێستا لەسەر رووبەری یەک هێکتار زەوی 21 هۆڵی بەرهەمهێنانی قارچکمان بە نوێترین سیستەم دروستکردووە. هەر هۆڵێک شەش مەتر پانییەکەیەتی و 20 مەتریش درێژییەکەیەتی. زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری تێچووە. لە سەرەتای ساڵی 2018-ه‌وه‌ تائێستا رۆژانە بەلایەنی کەمەوە دوو تەن قارچک بەرهەمدێنین، بەڵام لە وه‌رزى هاوین-دا کەمیدەکەینەوە".

وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ دوو جۆر بڕیار دەردەکات، یان باج دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردە یان هاوردەکردنی قەدەغە دەکات، ئەمەش بەمەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ.

خاوەنی ئەو کارگەیە له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ-ه‌وه‌ ده‌ڵێت: "دڵخۆشم بە بڕیاری قەدەغەکردنى هاوردەی قارچکی ئێرانی، هیوادارم ئەو بڕیارە بۆ هەمیشەبێت و هەڵنەوەشێتەوە".

ئەکرەم ئەحمەد، له‌باره‌ى ئه‌و هه‌لى كارانه‌ى كه‌ به‌هۆى كارگه‌كه‌یه‌وه‌ دروستبوون دەشڵێت: "نزیکەی هەشت فەرمانبەری هەمیشەیی کاردەکەن له‌ كارگه‌كه‌مدا. لەکاتی بەرهەم كۆكردنه‌وه‌شدا هه‌لى كاره‌كان زیادده‌كه‌ن، چونكه‌ زیاتر لە 50 ژن دێن بەرهەمەکان کۆدەکەنەوە و رەوانەی بازاڕی دەکەین".

لەبارەی هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەکرەم ئەحمەد، ئاشكرایکرد: "حکومەت بەهیچ جۆرێک هاوکاری نەکردووین. ئێستا ئەو په‌ینه‌ى بۆ بەرهەمهێنانی قارچک پێویستە، لە ئێرانەوە دەیهێنن، بۆ هەر بارێک زیاتر لە یەک ملیۆن دینار گومرگ دەدەین، ئەگەر لێرە زەویمان پێبدەن، دەتوانین خۆمان دروستی بکەین و پارەمان بۆ دەرەوە نەڕوات".

ئه‌و خاوه‌ن كارگه‌یه‌ گله‌یى له‌ كه‌مى شاره‌زا له‌ بوارى كارگه‌كه‌یدا ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات ناچاربووه‌، ئه‌ندازیارێك له‌ وڵاتى ئێران-ه‌وه‌ بهێنێت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى، ده‌شڵێت: "زۆربەی کارگەکانی کوردستان پشت بە ئەندازیار و شارەزای بیانی دەبەستن ئەمەش بەهۆی کەمی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا".

شەفیعی، ئەندازیارێکی خەڵکی تارانە و ماوەی دوو مانگە سەرپەرشتیی کارگەی گوڵی شلێر دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە ئێران ئەو جۆرە پڕۆژانە کۆنن، به‌ڵام لێرە لەسەرەتادان. لە ئێران چەندین جۆری قارچک بەرهەمدەهێنرێت ئەو پڕۆژانە زۆر بەسوودن، هەم لە رووی تەندروستییەوە، هەمیش لە رووی ئابوورییەوە، خواردنی قارچک زۆر تەندروستە، چونکە وەک گۆشت پڕۆتینی بەرزە و کۆلیستڕۆڵی تێدانییە".

لەبارەی سوودە ئابوریەكانى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ دەڵێت: "لە بازاڕەکانی کوردستان قارچک بازاڕ و فرۆشی زۆرە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵک گرنگیی بە خواردنی قارچک دەدەن، بۆیە دامەزراندنی کارگەی قارچک، وادەکات پارەی وڵات نەچێتە دەرەوە، دەستی کاریش لە وڵات بەردەوام هەبێت و بێکاری کەمبێتەوە".

حوسێن حەمە کەریم، بەڕێوەبەری دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی راگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە بەهیچ شێوەیەک رێگەنەدراوە بە هاوردەکردنی قارچک مەگەر بە قاچاغ هاتبێت".

حوسێن حەمە کەریم، باسی لەوەشکرد: "هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی قارچکدا پێشکەوتووە و پێویستی بە قارچکی هاوردە نییە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە قارچکی کوردستان دەچێتە خوار و ناوەڕاستی عێڕاق".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "تا ساڵی 2017 هاوردەکردنی قارچک بەردەوامبوو، بەڵام بۆ هەر کیلۆیەک 1000 دینار باجی لەسەر بوو کە زانیمان بەرهەمی ناوخۆ پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە کە ساڵانە کوردستان پێویستی بە نزیکەی 2000 تۆن قارچکە ئەوا هاوردەکردنمان راگرت".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان خاوەنی 6 کارگەی بەرهەمهێنانی قارچکە بەرهەمی ئەم کارگانە ساڵانە دوو هەزار و 290 تۆن قارچکە، هەر بەپێی داتاکان دوو کارگەی دیکەش سەرقاڵی مامەڵەی دامەزراندنن بەدامەزراندنی ئەو دوو کارگەیە رێژەی بەرهەمی قارچک زیاتر دەبێت.

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure