ده‌نگده‌رانى دهۆك له‌ پارتى و یه‌كێتی نیگەرانن

هەواڵ / کوردستان :: 07/07/2019‌ :: 195‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك


بڵاوبوونه‌وه‌ى لیستى ناوى كاندیده‌كانى یه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم كاردانه‌وه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

(ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 6ى ته‌مموز)، یه‌كێتى له‌پاش كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، ناوى كاندیده‌كانى به‌ رەسمى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كان دابه‌شكرابوو، ته‌نیا كاندیدى ناوچه‌ى دهۆك-ى تێدا نه‌بوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌ڵبه‌ندى چوارى یه‌كێتى له‌ دهۆك  به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كێتییه‌كانى دهۆك پشتیگرى ئه‌م لیسته‌ ناكه‌ن، چونكه‌ تێیدا هیچ حسابێك بۆ ده‌نگه‌كانى یه‌كێتی له‌ دهۆك نه‌كراوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ (سبه‌ى دووشه‌ممه‌ 8ى حوزه‌یران)، مه‌ڵبه‌ندى چوار به‌ ره‌سمى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ڵوێستى خۆى راده‌گه‌یه‌نێت".

سه‌باره‌ت بە پشتگوێخستنى دهۆك له‌ لیسته‌كه‌دا ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌  ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "یه‌كێتیه‌‌كانى دهۆك نه‌بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ باڵباڵێنى ناو یه‌كێتى، بۆیه‌ هیچ باڵێك پشتگیرى خۆى بۆ یه‌كێتییه‌كانى دهۆك پیشان نه‌داوه‌".

له‌ كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، خالید دۆسكى، له‌سه‌ر لیستى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌ دهۆك بووه‌ وه‌زیرى  رۆشنبیرى.

له‌ هه‌ڵبژارده‌نه‌كانى 30ی ئه‌یلولى 2018دا بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، پارتى دیموكراتى كوردستان له‌كۆى 45 كورسى، له‌ دهۆك 23 كورسى به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و ناوانه‌ى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى  نا رەسمى بڵاوبوونه‌ته‌وه‌،‌ هیچ كه‌سێك له‌ دهۆك كاندید نه‌كراوه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى باڵاى حكومى.

له‌و باره‌یه‌وه‌ خالید ئه‌حمه‌د، كارگرێرى لقى یه‌كى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ دواڕۆژ وتى: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ دهۆك رازی نابێت كه‌ دهۆك له‌ پۆسته‌ حكومییه‌كان بێبه‌ش بێت، چونكه‌ نیوه‌ى كورسییه‌كانى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌نگى خه‌ڵكى دهۆك به‌ده‌ستهێنراون".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure