مام و برازایه‌ك رفێندران

هەواڵ / کوردستانی :: 07/07/2019‌ :: 1951‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن


دواى ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا له‌ سنوورى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا، چه‌كدارانى داعش مام و برازایه‌كیان رفاند، له‌ ئێستادا له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنیان داواى پاره‌یه‌كى زۆر ده‌كه‌ن و رفێندراوه‌كانیش یه‌كێكیان نابیسته‌ و ئه‌وى دیكه‌شیان نه‌خۆشى دڵى هه‌یه‌. 


(رۆژی 26ى حوزه‌یرانى 2019) له‌ گوندى ئیسڵاحى سه‌ر به‌ناحیه‌ى جه‌له‌ولا له‌ كاتى رۆیشتیان بۆ سه‌ر كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كان، داعش مام و برازایه‌كى رفاند. 

ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، خزمى نزیكى رفێندراوه‌كان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "چه‌كدارانى داعش ماوه‌ى 11 رۆژه‌ دوو كه‌سى بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌ ناوى (لوئه‌ى موشرف) ته‌مه‌ن 29 ساڵ و (عه‌بدولڕه‌حمان عه‌ودا موشرف) ته‌مه‌ن 12 ساڵ كه‌ مام و برازان رفاندووه‌". 

وتیشى: "بۆ ئازادكردنیان دوو رۆژه‌ چه‌كداره‌كان په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردوین، داواى پاره‌یه‌كى زۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌كو كه‌سوكارى رفێندراوه‌كان ته‌نیا توانیومانه‌ 20 هه‌زار دۆلار كۆبكه‌ينه‌وه‌، به‌ چه‌كداره‌كانمان وتووه‌، له‌وه‌ زیاتر ناتوانین هیچ پاره‌یه‌كى تر كۆبكه‌ینه‌وه‌ ئیتر رفێندراوه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ پاره‌كه‌تان پێده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ریش ده‌یانكوژن هیچ ده‌سه‌ڵاتێکمان نییه‌". 

ئه‌حمه‌د ئیسماعیل ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "لوئه‌ى ته‌مه‌ن 29 ساڵ نابیسته‌ و عه‌بدولڕه‌حمانى ته‌مه‌ن 12 ساڵیش نه‌خۆشى دڵى هه‌یه‌، چه‌كداره‌كانى داعش به‌ بیانووى ئه‌وه‌ رفاندوویانن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ چه‌كدارانى سه‌حوه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و دوو كه‌سه‌ سه‌رقاڵى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارین و هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ هیچ گروپ و هێزێكى ئه‌منى يان چه‌كداره‌وه‌ نییه‌". 

گوندى ئیسڵاح له‌ نێوان كه‌لار و جه‌له‌ولا یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌ گه‌وره‌ فراوانه‌كانى ناوچه‌كه‌، له‌ دواى كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئێستادا بارودۆخى ئه‌منى زۆر خراپ بووه‌، ناوبه‌ناو چه‌كدارانى داعش كرده‌وه‌ى تیرۆریستى تێیدا ئه‌نجامده‌ده‌ن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند:  "دواى تێپه‌ربوونى زیاتر له‌ 11 رۆژ به‌سه‌ر رفاندنى ئه‌و دوو هاووڵاتییه‌دا، له‌ ئێستادا چه‌كدارانى داعش له‌ شوێنێكى نادیاره‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌سوكارى رفێندراوه‌كانه‌وه‌ كردووه‌ و بۆ ئازادكردنى هه‌ردووكیان داواى پاره‌یه‌كى زۆر ده‌كه‌ن". 

وتیشى: "چه‌كدارانى داعش ماوه‌یه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ جموجۆڵیان زیادى كردووه‌ و له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى دارایى په‌یداده‌كه‌ن، له‌ رفاندنى كه‌سانى دیكه‌ش سه‌ره‌تا داواى پاره‌ى زۆریان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر به‌ 40 هه‌زار و 50 هه‌زار دۆلار كه‌سه‌كانیان ئازاد كردووه‌". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "پێشتر كه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش له‌ ناوچه‌كه‌دا بوونیان هه‌بوو، به‌رده‌وام و به‌تایبه‌تى شه‌وانه‌ كه‌مینیان داده‌نا، چه‌ندینجاریش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ توانیویانه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان بكه‌نه‌ ئامانج، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و گروپانه‌ نه‌یانده‌وێرا روو له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شه‌وان هیچ هێزێكى ئه‌منى ڕوو له‌ سنووره‌كه‌ ناكه‌ن چه‌كداره‌كان به‌ ئاره‌زووى خۆیان هاتوچۆ دەکەن و كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجامده‌ده‌ن". 

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ چه‌كدارانى داعش داواى 200 هه‌زار دۆلاریان كردووه‌ بۆ ئازادكردنى هه‌ردوو رفێندراوه‌كه‌. 

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure