"یاسای پارێزگاكان بە پینەوپەڕۆ هەموارناكرێتەوە"

هەواڵ / کوردستان :: 06/07/2019‌ :: 208‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن داوا دەكات لە هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان, هەڵبژاردنی پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنەوە وەك خۆی بمێنێتەوە، نەك لەدەرەوەی ئەنجومەنیش كەسێك مافی كاندیدبوونی بۆ پارێزگار هەبێت، داوای دیاریكردنی رۆژێكیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات.


پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن لە راگەیاندراوێكدا كە وێنەی بۆ دواڕۆژ نێردراوە رایگەیاندووە "پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی خولی پێنجەمی خۆیدا، لەرێككەوتی 6-7-2019، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواركردنی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 2009 ئەنجامدا كە ئەوانیش بریتین لە (درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، رێگەدان بە هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەنیشەوە)".

پەیمانگەی كوردی چەند بۆچوونێكیان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ بریتین له‌ ئامانج لە دەرچوونی یاسای پارێزگاكان قوڵكردنەوەی پرەنسیپی لامەركەزییە لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆجێی پارێزگاكان، بەڵام ئەم هەمواركردنە مافی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی پارێزگار لە هاووڵاتیان دەسەنێتەوە، ئەوەش كوشتنی رۆحی لامەركەزیەتە".

لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە "چەسپاندنی لامەركەزیەتی كارگێڕی پێویستی بە زیاد لە یاسایەكە، تەنیا بە یاسای پارێزگاكان رووماڵ ناكرێت، چجای ئەوەی وەك ئێستا بە پەلەپروزكێ‌ و پینەوپەڕۆ ئەو دوو بڕگەیەی یاساكە هەموار بكرێتەوە. لەبری ئەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژبكرێتەوە، شەرعیەتی یاسایی‌ و دیموكراسی ئەوە دەخوازێت، هەڵبژاردن بۆ خولی سێهەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت".

وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە "هەڵبژاردنی پارێزگار لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەرگا لەسەر دەرچوونی ئەو پاڵێوراوانە دەكاتەوە كە دڵخوازی مەكتەب سیاسی حزبەكانن بەبەڵگەی ئەوەی دەنگی راستەوخۆی هاووڵاتیانی بەدەستنەهێناوە". 

پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە كار لەسەر پرسی لامەركەزی كارگێڕی دەكات و چەندین هەموارنامە و پەیپەری سیاسەتە گشتییەكان و توێژینەوە و راپرسی چەندایەتی و چۆنایەتی ئەنجامداوە.

ئەو پەیمانگەیە پێشنیاری كردووە "لەهەموارەكەدا پارێزگار راستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتیانی پارێزگاوە هەڵببژێردرێت. یاسای پارێزگاكان بەشێوەیەكی سەراپاگیر و لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپی لامەركەزیدا هەمواربكرێتەوە". 

ئەوەشی خستووەتەروو "هەماهەنگی هەبێت لەنێوان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌ و دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەپێناو دەوڵەمەندكردنی چێوەی یاسایی لامەركەزی  كارگێڕی لەهەرێمی كوردستاندا،  حكومەتی هەرێم بەڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان‌ و راپرسی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكات".

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure