بەشیر حەداد: بۆ بودجەى ساڵی داهاتوو پێویستمان بە رێككەوتنی نوێ هەیە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 7040‌ جار بینراوە
بەشیر حەداد

دواڕۆژ، سامان قوبادی

ئاڵۆزبوونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ترسی لای هاووڵاتییانی هەرێم دروستكردووە، بەتایبەت لە بڕینی بەشە بودجەدا، بەڵام د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا، دڵنیایی دەدات لەوەی تا چەند مانگێكی تر بەشە بودجە جێگیرە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو پێویستە رێككەوتن بكرێت، دەشڵێت: "ئەوەی هەندێك نوێنەری كورد دەیكات بۆ پشك و مووچەی هەرێم، بۆ وروژاندنی هاوتا عەرەبەكانیانە".


دواڕۆژ: هاووڵاتیانی هەرێم ترسیان لە ئاڵۆزبوونی نێوانی هەرێم و ناوەند هەیە بەتایبەت لەسەر كێشەی نەوت و بودجە، هەندێك پەرلەمانتاریش لەمبارەیەوە لێدوانی جۆراوجۆ دەدەن، ئەوەی دەوترێت راستە؟

بەشیر حەداد: هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی بەغدا دەیانەوێت لە راگەیاندنەكانەوە خۆیان دەربخەن، یاخود لەبەر موزایەدەی سیاسی و وروژاندنی پەرلەمانتارە عەرەبەكانە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند تێك بچێت، بەشی هەرێم لە بودجەی 2019ی عێراق بە یاسا جێگیركراوە، بەهیچ كەسێك نابڕدرێت و دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، ئەو چەند مانگەی لەمساڵدا ماوە ترسی لەسەر نییە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو پێویستمان بە رێككەوتنی نوێ هەیە.

دواڕۆژ: كەواتە پێتوایە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق بەشی هەرێم وەك خۆی دەمێنێتەوە؟ 
بەشیر حەداد: هەوڵەكانی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا، دانوستاندنەكان لە ئاستێكی باشدان و لێكتێگەیشتن هەیە، گفتوگۆكانیش لەسەر كۆی پرسە ئابوری و سیاسییەكانە، تەنیا نەوت و بودجە نییە، بەڵكو بەشێكە لە دۆسییەك كە ئێستا كراوە بە یەك پاكێج بۆ دانوستاندن لەگەڵ ناوەند، تەنانەت شایستە دارایی و ئەو قەرزانەی هەرێم لای عێراقن لەخۆدەگرێت، دەبێت ئەمانە ساغ بكرێتەوە ئایا بەغدا قەرزاری هەرێمە یان بە پێچەوانەوە، هاوكات چارەسەركردنی گرفتی ناوچە كێشە لەسەرەكان كە گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانە بەشی سەرەكیین لە دۆسیەكان، لەسەر بنەمای رێككەوتنی هەردوولاش بودجەی ساڵی 2020 دادەنرێت و بەشی هەرێم جێگیردەكرێت.

دواڕۆژ: بەڵام بەرپرسانی بەغدا تەئكید لەوە دەكەنەوە ئەو 250 هەزار بەرمیلەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، هەرێم پێوەی پابەندنییە، كەواتە بۆ ساڵی داهاتوو چۆن ئەو پرسە یەكلادەبێتەوە؟
بەشیر حەداد: كێشەی هەردوولا زۆر گەورەترە لەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە، دۆسیەكە فراوانە لەنێوشیاندا رێگەچارە بۆ پرسی نەوت دەدۆزرێتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وەفدێكی باڵا سەردانی بەغدا دەكەن، گەشبینم بەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا بەرەو باشتر بڕوات. 

دواڕۆژ: چەند ساڵێكە نەتوانراوە پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بكرێت بە یاسا، ئایا گەر ئەوە رووبدات كێشەی وزە لەنێوان هەرێم و ناوەند چارەسەردەكات؟
بەشیر حەداد:
زۆربەی كێشەكان چارەسەردەكات، چونكە ئەم پرسە دەكەوێتە چوارچێوەیەكی یاساییەوە و هەموو عێراق دەگرێتەوە، لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانیشە و پێویستە پێوەی پابەندبێت، رێگەی پێدەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا نەوت دەربهێنێت و بیفرۆشێت، هاوكات بەشی هەرێم و ئەو ناوچانەی نەوتی لێدەردەهێنرێت زامن دەكرێت، بۆیە لەهەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو یاسایە دەربكرێت، بەڵام خەڵكانێك هەن لە بەرژەوەندییان نییە، رەنگە رێگری لێبكەن.

دواڕۆژ: كەی مووچە و ئیمتیازاتی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەرێم دەخرێتە سەر بەغدا؟
بەشیر حەداد: لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بەتایبەت ئەندامە كوردەكان كاری باشیان بۆ كردووە، ئێمەش پشتگیریمان كردوون، زۆر نزیكە لەوەی بڕیار بدرێت مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەرێم بخرێتە سەر بەغدا.

دواڕۆژ: ئەو پەرتەوازەییەی لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكاندا هەیە لە بەغدا، تاچەند پەیوەندی بە ناكۆكییەكانی ناو هەرێمەوە هەیە بەتایبەت لەنێوان یەكێتی و پارتیدا؟
بەشیر حەداد:
ئەو پەرتەوازییەمان كەمكردووەتەوە، تاڕادەیەك هەماهەنگی هەیە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان، تەنیا چەند ئەندام پەرلەمانێك نەبێت كە تەنانەت لە فراكسیۆنەكەی خۆشیان رای جیاوازیان هەیە و لێدوان دەدەن، ئەو نارێكییەشی كە دەبینرێت لە ئەنجامی خراپیی پەیوەندیی نێوان حزبەكانە لە هەرێمی كوردستان.

دواڕۆژ: لیژنەیەك بۆ كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان پێكهێنراوە، ئایا بە لیژنەیەك چارەسەردەكرێت، یان پێویستە لە ئاستی باڵای هەردوولا یەكلایی بكرێتەوە؟
بەشیر حەداد: لیژنەكە كاری باشی كردووە، نوێنەری لە ئاستی باڵا لە هەردوولا تێدایە، تەنانەت هەموو پێكهاتەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانیشی تێدایە، ئەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە دەبێتە هەوێنی گفتوگۆی هەرێم و بەغدا.

دواڕۆژ: ئایا دواتر دەتوانرێت ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن و هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟
بەشیر حەداد: راسپاردەكانی ئەو لیژنەیە دەدرێتە هەردوو حكومەت، بەڵام جارێ نازانرێت رازی دەبن بە گەڕانەوەی پێشمەرگە یان نا.

دواڕۆژ: بەپێی پڕۆژەیاسای خزمەتی شارستانی مووچەی پلەنزمەكان زیاد دەكرێت، بەڵام بۆچی مووچە و ئیمتیازانی پلەبەرزەكان كەمناكرێتەوە؟
بەشیر حەداد:
بۆ نزیككردنەوەی مووچەكانە، هەروەها كەمكردنەوەی ئەو مەودایەی لەنێوان كەمترین و زۆرترین مووچەدا هەیە، مەرج نییە، چونكە كار بۆ ئەوە دەكرێت مووچە بەرزەكانیش كەمبكرێتەوە و نزمەكان زیادبكرێت، لەگەڵ زۆر شتی تر، بەڵام ئەم پڕۆژەیاسایە زۆر خاڵی سلبی تێدایە، پێشبینی ناكەم بە ئاسانی تێپەڕێت.

دواڕۆژ: ئایا مووچەی سەرۆك كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارەكانیش كەمدەكرێتەوە؟
بەشیر حەداد:
بەپێی پڕۆژەیاساكە رێژەیەكیان بۆ دادەنرێت، ئێستا مووچەی پەرلەمانتار كەمكراوەتەوە كە بڕی 7 ملیۆن و 200 هەزار دینارە، لە كابینەی پێشوو 50%ی مووچەكانیان كەمكرایەوە، پێویستە رێژەیەك دابنرێت جیاوازی مووچە لەنێوان پلەبەرز و نزمەكاندا كەمبكرێتەوە.

دواڕۆژ: چەند پۆستێكی وەك بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر لە بەغدا هەیە كە لە پشكی كورد نییە، بەڵام هەندێك لەو كەسانە زیاتر لە 10 ساڵە لەو پۆستانەدان وەكو فەرمانبەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بۆچی ناكرێن بە پشكی كورد؟
بەشیر حەداد:
هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەرتەوازەییەی لەنێو ماڵی كورددا هەیە، تەنانەت بووەتەهۆی ئەوەی زۆر بەشی ترمان لە بەغدا بخورێت و خەڵكی تر بەكاریبهێنن، ئێستا یەكێتی و پارتی لە بەغدا كەوتوونەتە خۆ بۆ ئەوەی ئەو پۆستانە سەر لەنوێ دابەشبكرێنەوە تا كورد بەشی خۆی وەربگرێت.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure