"داعشێکی تەمەن 23 ساڵ بەزۆر دەستدرێژی کردە سەرم"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/07/2019‌ :: 22505‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

کچێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش دەڵێت: "کەسی چوارەم و شەشەمی داعش لەشاری موسڵ دەستدرێژییان کردۆتە سەرم و زیاتر لە 200 حەبی رێگریی لەمنداڵبوونیان پێداوم، بەوتەی ئەو كچە، 8 جاریش کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردووە".

 

سھەیلا دەخیل تەعلو، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا لە گەڕەکی ئازادی سەنتەری قەزای شنگال لەگەڵ خێزان و کەسوکاری ھەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە چیای شنگال، بەڵام بەڕێگەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کرا".

دوای رفاندنی، سهەیلا ھەر زوو لە خێزان و کەسوکاری جیادەکرێتەوە و 8 جار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، کەسی چوارەم و شەشەمی داعش لەشاری موسڵ بۆ خۆیانی دەکڕنەوە و دەستدرێژی دەکەنە سەر، بە قسەی ئەو کچە ئێزدییە بێت، "دەیان جار حەبی منداڵ نەبوونی دەرخوارد دراوە".

سھەیلا بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە "رۆژی ٣-ی ئابی ٢٠١٤ کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیان كە چەکدارانی داعش داخڵی شنگال بوون، ھەوڵماندا خۆمان بگەیەنینە چیاكە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەمان لەکارکەوت و كەوتینە دەستیان".

لولەی کڵاشینکۆفەكەی لەسەر سەرم دانا

ئەو کچە دەڵێت: "ئەو رۆژە تا کاتژمێر ھەشتی ئێوارە لە بینای رەگەزنامەی شنگالدا بووین، لەبەر چاومان بە مۆبایلەکانیان وێنەیان دەگرتین، ھاتنە لامان و وتیان دەبێت لەگەڵمان بێیت، منیش پێموت "لەگەڵتان نایەم، راستەوخۆ لولەی کڵاشینکۆفەكەی لەسەر سەرم دانا و وتی: "ئەگەر نەیەیت دەتکوژین" سهەیلا ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە پێیانوتووە "گەر موسڵمان نەبن ھەمووتان گولـلە باران دەکەین".

باسی لەوەکرد "لە رۆژی یەکەمی رفاندمان لێک جیاکراینەوە و براینە بەعاج و دوای سێ رۆژ بردیانینە قەزای تەلەعفەر و دوو سێ رۆژیش لەوێ ماینەوە و ئینجا لەگرتووخانەی بادۆش جێگیر كراین، خوشک و دایکیشم لەوێ بوون پێشتر لێک جیاکرابوونەوە".

سھەیلا لە بادۆش چیکرد؟

ئەو كچە رزگاربووە دەڵێت: "بیستمان کە چەکدارانی داعش دێنە ناو گرتووخانەکە و کچ دەبەن بۆ خۆیان، ئێمەش ھەستاین جلوبەرگی پیاوانمان لەبەرکرد، کە دەڕۆیشتن جارێکی تر خۆمان دەگۆڕی، هەر بەو شێوەیە دەبووین تا بتوانین رێگەیان لێبگرین".

"رۆژێک بینیم چەکدارانی داعش ھاتن وتیان دەبێت خۆت و خوشکەکەت لەگەڵمان بێن، بەزۆر بردیانینە ھۆڵی گەلەکسی لە شاری موسڵ ھەر لەو رۆژە لێک جیاکراینەوە و براینە ماڵی کەسێکی مەسیح ناوی من و ژمارەیەک کچی تری نووسی و ھەر چەکدارێک ناوێکی بۆ خۆی برد ھەندێک لەو ناوانە مانەوە یەکێکیان من بووم  كە ئەو کاتە تەمەنم ١٣ ساڵ بوو". (سهەیلا وای وت)

بەوتەی ئەو كچە ئێزدییە، كراینە شوان و چاودێری مەڕ و ماڵاتی داعشمان كرد، نزیکەی نۆ مانگ ئەو كارەیان پێكردین، تا ئەو کاتە خۆم لە دەستدرێژی چەکدارانیان پاراستبوو، ھەر کاتێک دەھاتنە لای ئێمە، خۆم دەشاردەوە".

یەکەمجار چەکدارێکی تەلەعفەری دەستدرێژی دەکاتە سەر سھەیلا
ئەو وتی: "دوای نۆ مانگ چەکدارێکی داعش بەناوی (ئەبو مەریەم تەلەعفەری) تەمەنی٢٣ ساڵ بوو منی کڕییەوە، ھەوڵی دا دەستدرێژی بکاتە سەرم، بەڵام رێگەم پێنەدا، دواتر لەمنی دا و زۆر ئەشکەنجەدرام و جلەکانم پارچە پارچە کران و بەزۆر دەستدرێژی کردە سەرم، دوای 45 رۆژ بە (ئەبو تەییبە) فرۆشرام".

ئەو کچە ئێزدییە لەبارەی كڕین و فرۆشتن پێیەوە دەڵێت: "دوو مانگ لای ئەبو تەییبە ماوەتەوە، كە کەسی شەشەمی دەوڵەتی ئیسلامی بووە و هەمیشە لەگەڵ ئەبو بەکر بەغدادی بووە، گەلێک جار دەستدرێژی کردۆتە سەری".

سهەیلا بۆ دواڕۆژ درێژەی بەچیرۆكەكەی دا و وتی: "دوای ئەو هەموو هێنان و بردنە بە (ئەبو نزار) فرۆشرام و دوو مانگ لەلای ئەویش مامەوە و ئەویش بە (ئەبو بەشیر سوری) فرۆشتووە، نزیکەی دوو ھەفتەش لەلای ئەو ماومەتەوە و ئینجا دراوم بە (ئەبو شەھد بەغدادی) تا چوار مانگ و پاشان بە (ئەبو لوئەی) فرۆشرام کە کەسی چوارەمی داعش بوو لە دوای ئەبوبەکر بەغدادی لە عێراق".

ئەوەشی وت: "دوای هەموو ئەو كڕین و فرۆشتنە، گرێبەستی هاوسەرگیریم بۆ بەسترا و ئازادکرام" بەوتەی ئەو كچە، لەناو ئەو داعش ھەر کەسێک (عەقدی زەواج)ی بۆ دروستبکرایە، ھیچ چەکدارێک مافی نەبوو بیکڕێتەوە یان بۆ خۆی ببات".

"لەو ماوەیەی کە لەدەستی چەکدارانی داعشدابووم ھەشت جار کڕین و فرۆشتنیان پێوەكردم و زیاتر لە ٢٠٠ حەبی منداڵ نەبوون بە من درا و جارێک دەمانچەم ھەڵگرت ھەوڵی خۆ کوشتنم دا چەکدارێک منی بینی و لە دەستم چەكەكەی دەرھێنا". ئەوە قسەی كچە رزگاربووەكەیە.

ئەو دەڵێت: "بۆ رزگارکردنم کەسوکارم زیاتر لە دە ھەزار دۆلاریان دانابوو كە لەوکاتە ھێرشی سوپای عێراق بۆ ئازادکردنی شارەکە دەستیپێکردبوو ھیچ شتێک نەبوو بیخۆین، زۆر ھەوڵمدا ھەڵبێم، بەڵام نەمتوانی دواتر رێگایەکمان دۆزییەوە ھەڵھاتین".

سھەیلا دەشڵێت:" تا ئێستا باوکم و سێ برا و کچی برام لە دەستی داعش ماون و ژن برایەکیشم لەگەڵ منداڵەکەی بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە گیانیان لەدەستدا".

رۆژی ٩/٧/٢٠١٧ لەشاری موسڵ دەرچووین و لە ١٠/٧/٢٠١٧ گەیەندرامەوە کۆمەڵگەی شاریا و ئێستاش دەستم بە وێنەکێشان کردووە و دوو پیشانگەم کردووەتەوە و بەردەوام لەسەر وێنە ئیشدەکەم.

 

داڕشتنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure