ساڵانە بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانکاری ناوماڵ هاوردەی هەرێم دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 09/07/2019‌ :: 206‌ جار بینراوە

تاگ :: بازرگانی

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

ساڵانە بڕێکی زۆر شوشەوات و جوانکاری لە وڵاتانی چین و تورکیا و ئێرانەوە هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەوتەی بازرگانێکیش قەبارەی ئەو بازرگانییە ساڵانە دەگاتە 600 ملیۆن دۆلار.


وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هیچ ئامارێكیان نەبوو لەبارەی بڕ و بەهای كاڵای جوانكاریی نێو ماڵ و ئەو شوشەواتەی كە بازرگانان هاوردەی دەكەن، چونكە بە وتەی خۆیان ئەوان لە بەخشینی مۆڵەتدا ناچنە نێو وردەكاریی كاڵای هاوردەكراوەوە، بەڵام بەوتەی بازرگانان، بەپێی خواستی بازاڕ، ساڵانە بایی نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانكاریی نێوماڵ لە وڵاتانی چین، توركیا، ئێران و ئیمارات و هەندێک وڵاتی دیكەوە هاوردە دەكەن، ئەم كاڵایانە بەشێكی لە هەرێمی كوردستان ساغ دەكرێنەوە، بەشەكەی دیكەشی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت.

نەوزاد جەمیل بازرگانێكی شاری هەولێرە، ساڵانە بایی نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار شوشەوات لە چین و توركیا، ئێران و ئیماراتەوە هاوردە دەكات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق خواستێكی زۆر لەسەر كڕینی شوشەوات و جوانكاریی نێوماڵ و پێویستییەكانی مەتبەخ هەیە، بۆیە كێبڕكێیەكی زۆر لەنێو بازرگانان هەیە، هەر بازرگانێك دەیەوێت لەڕێی دیزاینی جوانەوە سەرنجی كڕیار بۆ لای خۆی رابكێشێت".

دەشڵێت: "تەنیا ئەمساڵ بایی 2.5 ملیۆن دۆلار لەو كاڵایانەم لە ئێران هاوردە كردووە، لە چینیش بایی 1.5 ملیۆن دۆلار و لە توركیاش بایی 300 هەزار دۆلار".

نەوزاد ئەوەش دەخاتەڕوو: چین و ئێران لە پێویستییەكانی مەتبەخ، توركیا و ئیماراتیش لە جوانكاریی نێو ماڵ زۆر بەهێزن، بازرگانان ساڵانە تەنیا لە چین و ئێرانەوە بایی زیاتر لە 400 تاوەكو 500 ملیۆن دۆلار شوشەوات و پێویستییەكانی مەتبەخ هاوردە دەكەن، لە توركیا و ئیماراتیشەوە بڕێكی زۆر جوانكاریی نێوماڵ و شوشەوات هاوردە دەكرێت، بۆیە مەزەندە دەكەم ساڵانە بایی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانكاریی و پێویستییەكانی مەتبەخ هاوردە بكرێن".

بەهۆی كاڵای جۆراوجۆرەوە، هەر بازرگان و پێشانگەیەك بووەتە بریكاری چەند كارگەیەك لە چین و ئێران و توركیا و بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیاریش، دیزانی تایبەت بە خۆیان هەیە.

"خەڵكێكی زۆر بەم بازرگانییەوە خەریكن، كۆمپانیا هەیە لە هەولێر تەنیا لە چین ساڵانە بایی 65 تا 100 ملیۆن دۆلار شوشەوات و پێویستیەكانی مەتبەخ هاوردە دەكات"، ئەمە وتەی بازرگانێکی دیکەیە.

رزگار خۆرانی، بازرگانێكی دیكەی شوشەوات و جوانكاریی نێوماڵە، ساڵانە بایی یەك ملیۆن دۆلار كاڵای جۆراوجۆر لە توركیاوە هاوردە دەكات و 75%ی كاڵاكانی بە پێشانگەكانی هەرێمی كوردستان و 25%ی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکات.

ڕزگار خۆرانی باس لەوە دەکات: بێجگە لە بازرگانی بچووك و خاوەن پێشانگەكان كە زۆرجار خۆیان كاڵا لە توركیا دەهێنن، 25 تاوەكو 30 بازرگانی گەورەش لە هەولێر هەن تەنیا لە توركیا كاڵا هاوردە دەكەن، بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار شوشەوات و جوانكاری و پێویستییەكانی نێو ماڵ لە توركیاوە هاوردە دەكرێت.

پێشانگەكانی فرۆشتنی شوشەوات و جوانكاریی نێو ماڵ رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان لەزیادبووندایە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان، لەنێو شاری هەولێر زیاتر لە 450 پێشانگەی تایبەت بە فرۆشتنی شووشەوات و جوانكاریی نێو ماڵ هەیە، جگە لەو فرۆشیارانە، لە سوپەرماركێت و مۆڵەكانیش ئەم كاڵایانە دەفرۆشرێن.

حاجی موحسین، فرۆشیارێکی شوشەواتە لە شاری سلێمانی بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات "ئەمساڵ فرۆشمان بەراورد بە ساڵانی پێش قەیران زۆر باش نییە، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە بایی نزیكەی 200 هەزار دۆلار كاڵای جوانكاریی نێوماڵم تەنیا لە توركیا هاوردە كردووە، بەشی زۆریشیم فرۆشتووە".

ئەوەشی ئاشکراکرد: زۆربەی ئەو شوشەواتانەی دێنە کوردستان 80%ی لە وڵاتی چین هاوردە دەکرێن. دواتر توركیا و ئێران دێن، بەشێکی کەمیش لە ئیماراتەوە هاوردە دەکرێت.

حاجی موحسین باس لەوەش دەکات: لەڕووی جوانی و شێوەی کاڵاکانی تورکیا لە وڵاتانی دیکە سەرنجڕاکێش و جوانترە، بەڵام گرانترە و کڕیاری کەمە و قازانجیشی زۆرترە.

کاتێک سەردانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەی لە فەیسبوک و ئینستاگرام و تۆڕەکانی تر زۆرترین رێکلامی کاڵاکان دەبینی، ئەمەش بازاڕێکی گرنگن بۆ فرۆشیاران.

حاجی موحسین کە بەردەوام کاڵاکانی لە فەیسبوک و ئینستاگرام نمایش دەکات وەک خۆی دەڵێت: "زۆرترین فرۆشمان لە رێگەی ئۆنلاینەوەیە، لەم رێگەیەوە توانیومانە كاڵاكانمان بە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق بفرۆشین".

لە بەرامبەردا نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەوەی خستەڕوو: رۆژانە هەزاران جۆر کاڵا هاوردە دەکرێن، بەڵام زۆر زەحمەتە بەو وردەکارییەوە کار لەگەڵ ژمارەی ئەو کاڵایانە بکرێت کە هاوردە دەکرێن.

رونیشیکردەوە: کاڵای زۆرمان هەیە دێتە کوردستان و بە وردی تۆمار ناکرێن، ئەمە جگە لەوەی بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت گومرگەکان داتا و ئامارمان بدەنێ بەڵام پابەندنین، بۆیە زۆربەی ئەو شتانەی هاوردە دەکرێن نازانین ژمارەیان چەندە.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure