كۆكردنه‌وه‌ و سووتانى خۆڵ و خاشاك سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كیى نه‌خۆشییه‌ مرۆژه‌ڵیه‌كانن

هەواڵ / چاوی تۆ :: 06/07/2019‌ :: 131‌ جار بینراوە

  د. شاڵاو عارف ڕەشید*
خۆڵ و خاشاک لەجیهاندا بووه‌تە بابەتێک ساڵانە سەدان کۆنگرەی ناوخۆی و نێودەوڵەتیی لەبارەی مەترسییەکان و ڕێگەکانی ڕزگاربوون لە دەرئەنجامەکانی دەبەسترێت، لە هەرێمی کوردستان-یشدا کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و چارەسەرنەکردنی بەشێوەیەکی زانستی لەڕێگەی ڕیسایڵکردنی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ ژینگە و تەندروستی هاووڵاتی. 

کۆکردنەوە و مۆڵکردنی ئەو پاشەڕۆیانە، سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مرۆژەڵیەکانن، ئەویش لەڕێگەیی سەگ و پشیلە و مشک و باڵندە و مێش و مێشوولە و تەنانەت جووڵەی ئاسایی هەواوه‌.

یەکێک لەو نەخۆشیانە کرمی شریتی  Taenia saginatه‌ کە ماوەکانی ڕابوردوو جێگەی باس و خواس بوو، یەکێکی دیکە لەو نەخۆشیانە کە هەڕەشەن، نەخۆشیی توورەکەی ئاوی echinococusه‌، ئەمە جگە لەوەی ئەو ناوچانەی کە شوێنی کۆکردنەوە و مۆڵکردنی خۆڵ و خاشاکن، کانگای گونجاوی گەشە و بڵاوبوونەوەی ملیارەها سپۆڕی بەکترین و دواتر ده‌بنه‌ بەکتریا. بە نموونە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کەزاز لەڕێگەیی بەکتریای clostridium tetani وه‌ گەشە و بڵاوبوونەوەی بەکتریای E.coli  و sallmonela، یەکێکی دیکە لە پێکهاتەی ئەو پاشەڕۆیانەی کە مۆڵ دەکرێن، پاشماوەی دەرمان و دەرزیی بەکارهاتوون لە ماڵان. 

دەرزیی بەکارهاتووی کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەر، هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی B , C Hepatitis disease ، هەروەها نەخۆشیی نەمانی بەرگریی ناسراو بە ئایدز، هاوکات بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مشەخۆریەکانی نموونەی نەخۆشی پشیلە Toxoplasma  لەڕێگەیی پاشەڕۆی پشیلەوه‌، یان Liptospira   کە نەخۆشییەکە پەیوەندیی بە میزی مشک-ەوە هەیە و دەبێتە هۆی هەوکردنی پەردەی مێشک و تێکشکاندنی گورچیلە، ئەمە وەک نموونەیەکن بۆ ئەو نەخۆشیانەی هەڕەشەن بۆ تەندروستی مرۆڤەکان.

جا ئەگەر باسی سووتانی ئەو پاشەڕۆیانە بکەین کە زۆرجار هۆکاری سووتانەکەی خۆییە، سووتانی ئه‌و پاشەڕۆیانەی کلۆر لە پێکهاتەیاندا هەیە، دای ئۆکسەناید و فیورانەکان بەرهه‌مدێن کە پێیان دەوترێت پێکهاتەی دروستکەری شێرپەنجە، هاوکات سووتانی ئەو پاشەڕۆیانەی کانزا قورسەکانی وەک جیوە و کادمێۆم و ڕەساس لە پێکهاتەیاندا هەیە، گازێکی ژەهرێنەر دروست دەکەن بەهەمان شێوە مەترسیدار و هەڕەشەن.

بەهیواین لەکوردستاندا ڕیسایکڵکردنی پاشەڕۆ پەلەی تێدا بکرێت و لە هەموو شار و شارۆچکەیەک کارگەی تایبەت بۆ ئەو مەستە لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دابمەزرێت و هاووڵاتییش هۆشیار و ژینگەدۆست بێت، هەریەک لەئاست خۆی دوورکەوێته‌وه‌ لەو هۆکارانەی ژینگە هەراسان دەکه‌ن و ئاییندە نادیدە دەگرن.

* پسپۆڕی بواری نەخۆشییە مرۆژەڵیەکان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure