بەشێك لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە دەشێوێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 04/07/2019‌ :: 299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە كێلی گۆڕی چەند شەهیدێكی كیمیابارانی هەڵەبجە دەشێوێندرێت، لایەنی پەیوەندیداریش كردنەوەی بنكەیەكی ئەمنی لەو مەزارە بە چارەسەر دەزانێت.

ئاراس عابد، یەكێكە لە كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "شكاندنی كێلی مەزاری شەهیدەكانمان و ئەو كەمتەرخەمییەی لە گۆڕستان بەدیدەكەین زۆر نیگەرانی كردووین، چونكە ئارامگەی شەهیدان لەهەموو دونیا لەباشترین شوێنەكانە و ساڵانە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت بۆ ئەوەی وەك سمبولێك بەهەمیشەیی بمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە مەزاری شەهیدەكانمان بەم جۆرە دەبینین هەستدەكەین جارێكی دیكە كەكەسوكارمان شەهید دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بۆ ئێمەی كەسوكاری شەهیدان جێگایەكی تایبەتەو بەسەردانیكردنی ئارامی بە دڵ و دەرنمان دەگات، بەڵام كاتێك دەبینین كیلی گۆڕەكان شكێندراوە و سەوزایی ناو گۆڕستانەكە بەرەو لەناوچوون دەچێت وامان لێدێت پەشیمان دەبینەوە لە سەردانیكردنی مەزاری شەهیدەكانمان.

كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی كەمیی میلاكی فەرمانبەرەكانمانەوە ناتوانین پاسەوان و كارمەندی پێویست بۆ چاودێریكردنی مەزاری شەهیدان دابینبكەین، ئەمەش هۆكارێكە كە چەند كەسێكی نابەرپرس بە بێ‌ گوێدانە هەستی كەسوكاری شەهیدان هەستاون بە شكاندنی كێلی گۆڕی شەهیدان و تێكدانی سەوزایی ناو مەزارەكە".

ئاماژەی بەوەشكرد، تاكە چارەسەر ئەوەیە بنكەیەكی ئەمنی لەسەر مەزارەكە جێگیر بكرێت و لەداهاتووشدا داوای دەكەین، بۆئەوەی پارێزگاری لەشوێنەكە بكات، چونكە ئەو كەسانەی كە بەو كارە هەڵدەستن لە درەنگانێكی شەودا ئەنجامی دەدەن، بۆیە ئەگەر بنكەیەكی ئەمنی هەبێت ئەو دیاردەیەش كۆنتڕۆڵ دەكرێن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure