ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى خه‌رجكردنى بڕە پارەیەکی ده‌ركرد‎

هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2019‌ :: 5963‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا به‌ خه‌رجكردنى بڕى 10 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكارانى گه‌ڕاوه‌ى به‌رنامه‌ى تواناسازى، به‌ڵام نوێنه‌رى خوێندكاران ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا گرفت بۆ خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ دروستده‌كات".


سامان عومه‌ر، نوێنه‌رى خوێندكارانى گه‌ڕاوه‌ى به‌رنامه‌ى تواناسازى به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا 10 ملیۆن دۆلار وه‌كو قۆناغى سێیه‌م بۆ خوێندكارانى گه‌ڕاوه‌ى تواناسازى خه‌رجبكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پاره‌كه‌ بۆ سه‌ر حیساب بانكى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ته‌مویل كراوه‌" به‌ڵام وەک خۆی دەڵێت: "وه‌زاره‌ت كێشه‌مان بۆ دروستده‌كات".

له‌باره‌ى ئه‌و كێشه‌یه‌ی بۆیان دروستبووه‌، سامان وتى: "ئێمه‌ نزیكه‌ى هه‌زار خوێندكار به‌سه‌ركه‌وتوویى خوێندنمان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ته‌واوكردووه‌ سه‌رجه‌م مه‌رج و رێنماییه‌كانی خوێندنى باڵامان جێبه‌جێكردووه‌، ته‌نانه‌ت پاكتاویى داراییشمان ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌ت به‌ مه‌رجى گه‌ڕانه‌وه‌ى خوێندكارانى دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات 10 ملیۆن دۆلاره‌كه‌مان بۆ  خه‌رجده‌كات ئه‌مه‌ش پێشلكارییه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ خوێندكاران رەگەزنامەیان له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و ته‌نیا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، به‌شێكى دیكه‌شیان مه‌رجه‌كانى وه‌زاره‌تیان جێبه‌جێنه‌كردووه‌".

سامان عومه‌ر، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر تاوه‌كو رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بڕیارى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كات، ئه‌وا خۆپیشاندان و ناڕه‌زه‌یەتییه‌كانمان ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌باره‌ى گرفتى ئه‌و خوێندكارانه‌، عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌دواداچوون بۆ كێشه‌کەیان دەکەن".

پێشتر و به‌ دوو قۆناغ 20 ملیۆن دۆلارى خوێندكارانى تواناسازى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌، به‌مه‌ش كۆتایى به‌ گرفته‌ داراییه‌كانى خوێندكارانى تواناسازى دێت.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure