به‌رپرسێكى یه‌كێتى واده‌ى دانانى پارێزگارى نوێى كه‌ركوك ئاشكراده‌كات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2500‌ جار بینراوە
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پێده‌چێت سه‌ره‌تای هه‌فته‌ى داهاتوو پارێزگارى نوێى كه‌ركوك دابنرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود، جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان باسیده‌كات، ئه‌و له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا ده‌شڵێت: پاش دانانى پارێزگارێكى كورد پۆسته‌كان له‌ توركمان ده‌سه‌نینه‌وه‌ و راكان سه‌عیدیش ده‌ده‌ینه‌ دادگا.


دواڕۆژ: كه‌ى دواین كۆبونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى ده‌كرێت بۆ دانانى پارێزگارێكى كورد بۆ كه‌ركوك؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رده‌وام گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى، تائێستا هیچ شتێكیش نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ بنبه‌ست، ئه‌گه‌رى زۆره‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ى داهاتوو كه‌سێك بۆ پارێزگارى كه‌ركوك دابنرێت، چونكه‌ گفتوگۆى جدى له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌.

دواڕۆژ: باس له‌ دانانى ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار ده‌كرێت بۆ پارێزگارى كه‌ركوك ئایا هه‌ردوولا له‌سه‌رى رێككه‌وتوون؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
به‌ڵى باس له‌و كه‌سه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ یان نا، تا دواین كۆبوونه‌وه‌ نازانرێت كێ داده‌نرێت. 

دواڕۆژ: پاش دانانى پارێزگار ئایا ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییانه‌ى لابراون ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كانیان؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
ئه‌گه‌ر پێشتر له‌ ده‌سه‌ڵاتى پارێزگار بوبێت كه‌ لابراون، دواى دانانى پارێزگارێكى كورد ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر پۆسته‌كانیان، به‌ڵام یاسای ئیدارى كه‌ركوك ئه‌مه‌ دیاریده‌كات، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى رێكبكه‌ون به‌شێكیان خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، هۆكارى لابردنیان سیاسى و ئیدارى بووه‌، له‌ كه‌ركوك پێكه‌وه‌ بین به‌هێزده‌بین، به‌سه‌ر زۆر شتدا زاڵ ده‌بین. 

دواڕۆژ: پێتوایه‌ بوونى پارێزگارێكى كورد به‌بێ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى بكات؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
له‌ شه‌ڕى داعشدا پارێزگاره‌كه‌ كورد بوو ده‌سه‌ڵاتیشى هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پشتیوانى پارێزگارى نوێى كه‌ركوك بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رانمان له‌ به‌غدا، ده‌توانێت به‌بێ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى پیاده‌بكات.  

دواڕۆژ: ئایا پێشنیاركراوه‌ بۆ به‌غدا تا له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌ببرێن؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
له‌ ماده‌ى 140وه‌ تائێستا به‌رده‌وام قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، زۆربه‌ى كات ده‌سه‌ڵاتى كوردى به‌ته‌واوى له‌م ناوچانه‌دا زاڵ بووه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر  هه‌موو لایه‌نه‌كان پشتیوانى پارێزگارى نوێ بكه‌ن له‌مه‌ودوا به‌جدى خزمه‌تى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كرێت، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌م شاره‌ له‌ڕووى ئیدارى و ئه‌منى و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ وێرانه‌.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ئه‌م پۆسته‌ یه‌كلایى نه‌كرێته‌وه‌ دۆخى ئه‌منى و ئیداره‌ شاره‌كه‌ به‌كوێ ده‌كات؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
دۆخى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان زۆر خراپه‌، پارێزگارێكى كورد دانه‌نرێت خراپتر ده‌بێت و ئه‌و پۆستانه‌شى به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌ لاى نامێنێته‌وه‌، به‌قسه‌ داكۆكى له‌ كه‌ركوك ناكرێت، ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن ئه‌مه‌ خاكى كوردستانه‌ ده‌بێت به‌ كردار له‌ناو واقیعی ئه‌م شاره‌دا بن.

دواڕۆژ: ئایا هیچ پۆستێك ده‌درێت به‌ توركمان، به‌تایبه‌ت پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگار؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
ئه‌وانیش ئیستحقاقى خۆیان هه‌یه‌، ئێستا توركمان زۆر زیاتر له‌ كورد پۆسته‌كانى ئه‌مشاره‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، پارێزگارى نوێ هاوسه‌نگى دروست بكات، چونكه‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ به‌ زۆر له‌ كورد سه‌ندراونه‌ته‌وه‌ و دراون به‌ توركمان، پێویسته‌ له‌مه‌ودوا لیژنه‌یه‌ك به‌پێى به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن پۆسته‌كان دابه‌شبكات.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ به‌پێى وته‌كانت پۆسته‌كان له‌ توركمان وه‌رده‌گیرێنه‌وه‌؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
ته‌نانه‌ت ئێستا راكان سه‌عیدیش به‌رگرى له‌خۆى ده‌كات و ده‌ڵێت، من ئه‌و پۆستانه‌م نه‌داوه‌ به‌ توركمان، كورد خۆى به‌جێیهێشتووه‌ یان ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بێگومان پۆسته‌كانیان لێده‌سه‌ندرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌وه‌ به‌ كورد.

دواڕۆژ: دواى رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى چ رێكارێك ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ لابردنى راكان سه‌عید؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
راكان سه‌عید ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراقه‌، پێشتریش جێگرى پارێزگارى كه‌ركوك بووه‌ ئێستاش هه‌مان پله‌ى هه‌یه‌، دواى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك یان وه‌ك جێگرى پارێزگار ده‌مێنێته‌وه‌ یاخود ده‌چێته‌ به‌غدا.

دواڕۆژ: له‌سه‌ر بڕیاره‌ نایاساییه‌كانى راكان سه‌عید دواى نه‌مانى وه‌ك پارێزگار ده‌یده‌ن به‌ دادگا؟
ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود:
له‌رێگه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانمان له‌ به‌غدا رێکكارمان به‌رامبه‌ر راكان سه‌عید گرتۆته‌به‌ر، ئه‌گه‌ر پارێزگارێكى كورد دابنرێت دواتر ده‌یده‌ین به‌ دادگا، چونكه‌ زۆربه‌ى بڕیاره‌كانى سیاسى بوون و له‌ دژى كورد بووه‌. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure