جیهان به‌كورتى: به‌هۆى به‌رزى پله‌ى گه‌رماوه‌ ترافیك لایته‌كانى شارى ئه‌هواز ده‌توێنه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 03/07/2019‌ :: 9031‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئیقتیساد نیوز – به‌هۆى به‌رزى پله‌ى گه‌رماوه‌ ترافیك لایته‌كانى شارى ئه‌هواز ده‌توێنه‌وه‌
به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى ئیقتیساد نیوزى ئێرانى، پله‌ى گه‌رماى ئێران به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تى پارێزگاى خوزستان، به‌جۆرێك له‌ 50 پله‌ى سه‌دى نزیكبووه‌ته‌وه‌، له‌ شارى ئه‌هوازى سه‌ر به‌ پارێگاى خوزستان ترافیك لایته‌كانى سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌هۆى پله‌ى گه‌رمى به‌رزه‌وه‌ تواونه‌ته‌وه‌و باروگوزه‌رانى خه‌ڵكه‌كه‌ى زۆر خراپه‌.

ئه‌سرار میدیا – سیناتۆرێكى ئه‌مریكى داوا ده‌كا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كانى چه‌ك له‌گه‌ڵ ئیمارات بكرێت
رۆبێرت مێنیندێز سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا داوا ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كانى چه‌ك له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئیماراتدا بكرێت، له‌دواى ئه‌و راپۆرتانه‌ى كه‌ ده‌یسه‌لمێنن چه‌كى ئه‌مریكى نێردراوه‌ بۆ لیبیا.



ئه‌لبه‌یان – ترامپ چاوه‌ڕوانى چاوپێكه‌وتنێكى تر له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون ده‌كات
دواى ئه‌وه‌ى دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سنوورى نێوان كۆریاى باكور و باشور چاوى به‌ كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكى كۆریاى باكور كه‌وت (رۆژى سێشه‌ممه‌ 2ى ته‌مموزى 2019) رایگه‌یاند: "چاوه‌ڕوان ده‌كات به‌منزیكانه‌ چاوى پێى بكه‌وێته‌وه‌و له‌گه‌ڵیدا كۆببێته‌وه‌".


ره‌ئى ئه‌لیه‌وم – ئیمارات ره‌تیده‌كاته‌وه‌ چه‌كى بۆ لیبیا ناردبێت و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و مووشه‌كه‌ ئه‌مریكییانه‌ى ئه‌م دواییه‌ له‌ بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ ته‌رابلوسى پایته‌ختى لیبیا دۆزرانه‌وه‌ ئه‌وان خاوه‌نى نین.


رۆیته‌رز – له‌ هێرشێكى سه‌ر سه‌نته‌رێكى ده‌ستبه‌سه‌رى كۆچبه‌ران له‌ ته‌رابلوسى پایته‌ختى لیبیا 40 كه‌س كوژران
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 2ى ته‌مموزى 2019) هێرشێكى ئاسمانى كرایه‌سه‌ر ده‌وروبه‌رى شارى ته‌رابلوس له‌ لیبیا و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌نته‌رێكى ده‌ستبه‌سه‌رى كۆچبه‌ران به‌ركه‌وت، تیایدا به‌لای كه‌مه‌وه‌ 40 كه‌س كوژران و 80 كه‌سیش برینداربوون كه‌ زۆربه‌یان هاووڵاتى ئه‌فریقى بوون.

 

میهر نیوز - دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان خۆشه‌ویستی جۆ بایدن به‌ شێوه‌یه‌كی بێ وێنه‌ داده‌به‌زێت
هه‌رچه‌ند جۆ بایدن جێگری پێشووی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا تا ئێستاش چانسی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكایه‌، به‌ڵام راپرسییه‌كی نوێ ئاشكرایده‌كات، دوای یه‌كه‌مین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و پارته‌ له‌گه‌ل دیموكراته‌كان، خۆشه‌ویستی بایدن له‌ ناو هاووڵاتیانی ئه‌مریكادا به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌. 


ئاژانسی بۆرنا - یه‌مه‌ن: كرده‌وه‌كانی سعودیه‌ درێژه‌ی هه‌بێت هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی
وه‌زیری ده‌رەوه‌ی حكومه‌تی یه‌مه‌ن رایگه‌یاند: "له‌ به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌ و هێرشه‌كانی سعودیه‌ بێده‌نگ نابین و ئێمه‌ش هێرش ده‌كه‌ینه‌سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان".

 

ئاژانسى ئه‌نادۆڵ – به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى تانكه‌رێكى نه‌وته‌وه‌ له‌ توركیا كسێك گیانى له‌ده‌ستدا
سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 3ى ته‌مموزى 2019) تانكه‌رێكى نه‌وت له‌ شارى ئیزمیرى رۆژئاواى توركیا ته‌قییه‌وه‌ و له‌ئه‌نجامدا كه‌سێك گیانى له‌ده‌ستدا و 16 كه‌سى تریش برینداربوو.


رۆیته‌رز – كه‌سێكى داواكراو له‌ پایته‌ختى تونس خۆى ته‌قانده‌وه‌
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 3ى ته‌مموزى 2019) چه‌كدارێكى داواكراو له‌ شارى تونس له‌ پایته‌ختى تونس له‌كاتێكدا پۆلیس چوارده‌وریان گرتبوو بۆئه‌وه‌ى ده‌ستگیرى بكه‌ن، به‌ڵام داواكراوه‌كه‌ پشتێنى بۆمبڕێژكراوى له‌خۆى به‌ستبوو و خۆى ته‌قانده‌وه‌، داواكراوه‌كه‌ به‌س خۆى مردووه‌ و كه‌سى تر زیانى به‌رنه‌كه‌وتووه‌.


ره‌ئى ئه‌لیه‌وم – ئاگنیس كالامار: سعودیه‌ به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنى خاشقچى
ئاگنیس كالامار بڕیارده‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "سعودیه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌كوشتنى رۆژنامه‌نووس جه‌مال خاشقچى" و به‌ (تاوانى كوشتن له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى) ناوبرد.


گاردیان – كارگه‌كانى چین هه‌زاران ته‌ن گازى كلۆرۆفلۆرۆكاربۆنى نایاسایى ده‌خه‌نه‌ هه‌واوه‌
زانایان رایده‌گه‌یه‌نن، كارگه‌كانى چین رێژه‌یه‌كى زۆر گازى نایاسایى كه‌ زیان به‌ به‌رگه‌هه‌واى زه‌وى ده‌گه‌یه‌نێت ده‌خه‌نه‌ هه‌واوه‌، ئه‌وه‌ش لادانه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ى جیهانى.


نیوزویك – روسیا هۆشدارى ده‌داته‌ سیاسه‌تمه‌دارانى ئه‌مریكا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى ساڵى 2020ى ئه‌مریكادا لۆمه‌ى روسیا نه‌كه‌ن
سێرگى ریابكۆڤ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا رایگه‌یاند: "تۆمه‌تباركردنى روسیا به‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووى ئه‌مریكا بێ بنه‌مان" و هۆشداریش ده‌داته‌ كاندیده‌كانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى 2020ى ئه‌مریكا و ده‌ڵێت: "هه‌رجۆره‌ تۆمه‌تباركردنێكى كرێملن له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژارده‌كانى داهاتوودا زیان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌یه‌نێت".
      

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure