بریندارێكى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2019‌ :: 412‌ جار بینراوە
غه‌ریب مسته‌فا، به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایی

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

دره‌نگانێكى شه‌وى رابوردوو 2ى ته‌مموز، یه‌كێكى دیكه‌ له‌ بریندارانى چه‌كى كیمیایى به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ى گیانى له‌ده‌ستدا، به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ش تائێستا 111 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ "به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كى كیمیایى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى، دره‌نگانێكى شه‌وى رابوردوو یه‌كێك له‌ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوى (غه‌ریب مسته‌فا) كۆچى دوایی كردووه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ركه‌وتووه‌ى چه‌كى كیمیایى له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆى چه‌ندجارێك سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كانى وڵاتى ئێرانى كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر".

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تا ئێستا 111 كه‌س له‌ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كى كیمیایى له‌سه‌ر جه‌سته‌یان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ سه‌دانى دیكه‌ش بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره‌ و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌ هه‌یه‌.

وتیشى: "ئه‌و هاووڵاتییه‌ى كه‌ شه‌وى رابوردوو گیانى له‌ده‌ستداوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى تائێستا دۆسیه‌كه‌ى له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران-ه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌مان، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ وه‌ك به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى له‌ لیستى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ ناوى تۆماربكرێت، چه‌ندجارێكیش داوامان لێكردووه‌ دۆسیه‌كانمان بۆ بهێنێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یگه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ تا شه‌وى رابوردوو گیانى له‌ده‌ستداوه‌".

پ: ئا.ح
بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure