پارتى و یه‌كێتی رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستانی :: 03/07/2019‌ :: 6978‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر


پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر پرسى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك گه‌یشتوونەتە رێككه‌وتنى سه‌ره‌تایى و به‌پێى زانیارییه‌كانیش له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌ فه‌رمى رێككه‌وتنه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ، كه‌وتوون "دوێنێ شه‌و، پارتى وەڵامى پێشنیارەکانى یەکێتى داوەتەوە، بە شێوەیەکى سه‌ره‌تایی رەزامەندیان لەسەر یەکێک لەو کاندیدانە نیشانداوە کە یەکێتى دابوویه‌ شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان، كاتى راگه‌یاندنه‌كه‌شى به‌ فه‌رمى له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنى ناوى كاندیدان بۆ پۆسته‌ وزارییه‌كان و رۆژانى داهاتوو ده‌بێت".

دواڕۆژ زانیویه‌تى "هه‌رچه‌نده‌ پارتى ره‌زامه‌ندى نیشانداوە لەسەر یەکێک لە کاندیدەکان، بەڵام دیار نییە کە ئەو کاندیدە کێیە و به‌نهێنى هێڵدراوه‌ته‌وه‌"، زانیارییه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن "كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌و پێنج ناوه‌ی كه‌ یه‌كێتی بۆ دواجار پێشكه‌شی كردووه‌، هیچ له‌و كاندیدانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ رابووردوودا له‌ لایه‌ن پارتى و یه‌كێتیه‌وه‌ پێشكه‌شكراون".

دواڕۆژ له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ شاندى دانوستانكارى پارتى و یه‌كێتی زانیویه‌تى "هیچ گرفتێك له‌ به‌رده‌م راگه‌یاندنى رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌ماوه‌، به‌پێى رێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تایيه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى، پێویسته‌ یه‌كێتی له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا و به‌ر له‌ واده‌ى یاسایى پێكهێنانى حكومه‌ت، ناوى كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌ وزارییه‌كان پێشكه‌شى مه‌سرور بارزانى بكات".

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان "ئەو كەسەی كە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەردەگرێت كەسێكی سەر بە یەكێتی-یه‌، به‌ڵام وه‌ك كاندیدى لیستى برایه‌تى لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناوەكەی راده‌گه‌یه‌نرێت".

پ: ئا.ح

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە