ئێران په‌له‌یه‌تى له‌ دروستكردنى چه‌كێكى ئه‌تۆمى و ترامپیش ناتوانێت رێگرى لێبكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/07/2019‌ :: 273‌ جار بینراوە

دواڕۆژ 

جۆن میرشایمه‌ر، مامۆستاى زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌ زانكۆى شیكاگۆ پێیوایه‌ ستراتیجه‌كه‌ى كۆشكى سپى كه‌ بریتیه‌ له‌وپه‌ڕى فشار بۆ سه‌ر ئێران ئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ ترسناكترین شێوه‌، چونكه‌ ئه‌و ستراتیجه‌ پاڵنه‌رێكى به‌هێز ده‌به‌خشێت به‌ تاران كه‌ ببێته‌ هێزێكى ئه‌تۆمى و له‌ هه‌مان كاتیشدا زه‌حمه‌ت ده‌بێت بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ رێگرى له‌و كاره‌ بكات.


دوێنێ ئاژانسى ده‌نگوباسى ره‌سمى ئێران رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و وڵاته‌ سنورى یۆرانیۆمى پیتێنراوى تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى ساڵى 2015 دیاریكرابوون.

میرشایمه‌ر، له‌ وتاره‌كه‌یدا له‌ رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ ده‌كات بۆ ئه‌و راستیه‌یی كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ئارادا نیه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئێران ملكه‌چى داخوازیه‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێت.

نوسه‌رى وتاره‌كه‌ ئاماژه‌ ده‌كات بۆ رووداوه‌كانى رابردوو كه‌ ده‌یسه‌لمێنن زلهێزه‌كان ناتوانن سزایه‌كى گه‌وره‌ به‌سه‌ر نه‌یاره‌كانیاندا بسه‌پێنن له‌ رێگه‌ى ئابڵوقه‌ و هێرشى ئاسمانى و سزاى ئابوریه‌وه‌، به‌ده‌گمه‌نیش روویداوه‌ كه‌ سزادان وڵاته‌ به‌ ئامانجگیراوه‌كانى ناچاركردبێت ملكه‌چى داخوازیه‌كان بن.

بۆ نموونه‌ سزا ئه‌مریكیه‌كان له‌ ساڵانى نه‌وه‌ده‌كاندا بوونه‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى زیاتر له‌ 100 هه‌زار هاوڵاتى عێراقى، به‌ڵام سه‌دام حسێن، سه‌رۆكى ئه‌وكاته‌ى عێراق به‌خۆڕاگرى مایه‌وه‌. 

هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى چه‌كێكى به‌هێزه‌ میلله‌ته‌ گیرۆده‌كان یه‌كگرتووتر ده‌كات نه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ترامپ چاوه‌ڕێى ده‌كات راپه‌ڕین رووبدات و داواى ئه‌وه‌ بكه‌ن سه‌ركرده‌كانیان خۆیان راده‌ستى دوژمن بكه‌ن. 

هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته‌كانیش ئاماده‌نین ملكه‌چى گوشارى زۆره‌ملێ ببن، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌و ملكه‌چبوونه‌ وڵاته‌ به‌هێزتره‌كه‌ داخوازیه‌كانى زیاتر بكات.

ئه‌گه‌ر سیاسه‌تى (ئه‌وپه‌ڕى گوشار) تاقه‌ جارێك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا ترامپ و هه‌ڵۆ ئه‌مریكیه‌كانى تر وا لێكیده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ جارێكى دیكه‌ش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌ڵام تاران هیچ بایه‌خ به‌و ستراتیجه‌ نادات و لێى ناترسێت. له‌ راستیدا ئه‌وه‌ ئێرانه‌ كه‌ به‌كرده‌وه‌ نیشانى داوه‌ ده‌سته‌وه‌ستان راناوه‌ستێت له‌كاتێكدا كه‌ گه‌له‌كه‌ى ده‌مرێت و كۆمه‌ڵگاكه‌ى وێران ده‌كرێت.

میرشایمه‌ر پێیوایه‌ ئێرانیه‌كان هێرشه‌ نهێنیه‌كانیان زیاتر ده‌كه‌ن دژى نه‌وتهه‌ڵگره‌كان و دامه‌زراوه‌ نه‌وتیه‌كان له‌ ناوچه‌ى كه‌نداودا، هه‌روه‌ها هێزه‌ لایه‌نگره‌كانیشیان به‌كارده‌هێنن بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر هێز و دامه‌زراوه‌ ئه‌مریكیه‌كان.

چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئێران هێرشى ئه‌لیكترۆنى ئاڵۆز بكاته‌سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ به‌رامبه‌ردا ره‌نگه‌ ترامپ وه‌ڵامبداته‌وه‌ و گوشاره‌كه‌ زیاتر بكات دژى تاران به‌و هیوایه‌ی كه‌ چۆكى پێدابدات، به‌ڵام ئه‌م رێوشوێنانه‌ ئه‌نجامى پێچه‌وانه‌یان ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ردوولا ئێستا له‌ گێژاوێكى روو له‌ هه‌ڵكشاندا گیریانخواردووه‌ و ئێران له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا به‌رهه‌ڵستى زیاتر نیشان ده‌دات به‌و مانایه‌ى كه‌ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ دروستكردنى جبه‌خانه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى.

نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئێرانیه‌كان پاساوێكى ماقولیان هه‌بووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى له‌ سه‌رده‌مێكى زۆر پێش ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئێستا و چه‌ندین به‌ڵگه‌ى به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانى ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ئه‌و ئامانجه‌یان به‌ده‌ستهێنابێت.

هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران ببێته‌ هێزێكى ئه‌تۆمى، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو رۆژێك پێویستتره‌، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوبردنى لێده‌كات.

رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: سیاسه‌ته‌كه‌ى ترامپ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ گۆشه‌یه‌كدا به‌ستووه‌ته‌وه‌ و هیچ بوارێكى دبلۆماسى روون و ئاشكراى له‌ ئاسۆدا نه‌هێشتۆته‌وه‌. سه‌ركرده‌كانى ئێرانیش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكارى ئاشكرا متمانه‌ به‌ ترامپ ناكه‌ن و دڵنیان له‌وه‌ى هه‌ر رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵدا ئیمزابكه‌ن به‌ ئاسانى لێى په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌.

نوسه‌ر وتاره‌كه‌ ده‌ڵێت: ترامپ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت گرژى و ئاڵۆزییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و سزایانه‌ى كه‌ ئێران سووره‌ له‌سه‌رى پێش ئه‌وه‌ى هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ واشنتۆندا بكات ئه‌وا ترامپ زۆر به‌ توندى له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ هێرشى ده‌كرێته‌سه‌ر. له‌ ناوه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌ڵۆیانه‌ى كه‌ به‌شێكى گرنگى بنكه‌ سیاسیه‌كه‌ى ترامپن، له‌ ده‌ریشه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیل و سعودیه‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure