سەركردەیەكی یەكێتی: لەسەر كەركوك بناغەی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی دانراوە

هەواڵ / کوردستان :: 02/07/2019‌ :: 4107‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: سه‌باره‌ت به‌ پارێزگای كەركوك بناغه‌ى رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتى دانراوە.


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تەموزی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەم كۆبونەوانەی ئەم ماوەیە بەراورد بە كۆبوونەوەكانی پێشتر زۆر جددیتر و باشتر بوون، هەست بەوەكراوە كە هەردوولا نەرمی بەرامبەر یەكدی دەنوێنن و هەست بە لێپرسراوێتییەكی زۆرتر دەكەن بەراورد بەجاران.

وتیشى: "تێڕوانینەكان لەیەكدی نزیكبوونەتەوە، بەڵام ئەو نزیكبوونەوەیەش ئەوەندە نییە كە ئومێدی زۆر گەورەی لەسەر دروستبكرێت، بەڵام دەرفەتێكی دروستكردووە ئەگەر بەردەوام ئەو نەرمی و لێكتێگەیشتنەی هەردوولا بەردەوام بێت، ئومێد هەیە ئەو پڕۆسەیە بەڕێككەوتن بگات".

دوێنێ وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گەشبینی خۆیان بەگەیشتنه‌ رێككەوتن راگەیاند.

سەركردەكەی یەكێتی ئه‌وه‌شى وت: "هەموو پڕۆسەكە پەیوەندی بە پارێزگای كەركوكەوە هەیە و ئەگەر لەسەر كەركوك رێكبكەوین هیچی دیكە نامێنێت لەسەری رێكبكەوین، بۆیە گرێكوێرەكە كەركوكە، پاش كەركوك پێكهێنانی حكومەتی نوێ و وەرگرتنی پۆستەكان دێتە پێشەوە، بۆیە هێشتا لەسەر كەركوك رێككەوتنی تەواو نییە، بەڵام بناغەی رێككەوتنێك لەئارادایە، ئەگەر ئەو لێكتێگەیشتنەی لەسەر ئەو بناغەیە دامەزراوە بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە دەرفەت هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی".

تائێستا باسی چەند ناوێك بۆ كاندیدی پارێزگای كەركوك دەكرێت، ئەسەسەرد وردەكاری چۆنیەتی دیاریكردنی كاندیدەكەی ئاشكراكرد: "ئێمە هەموو جارێك چەند ناوێك پێشكەش دەكەین و داوا لە پارتی دەكەین كامیانی بەدڵ بوو ئەوەیان هەڵبژێرێت، ئەو ناوانەی پێشكەشیان دەكەین هەموو كاندیدی ئێمەن یەكێك لەو كاندیدانە پارتی هەڵیبژێرێت و پشتگیری بكات بۆ ئەوە ببێتە كاندیدی هاوبەشی هەردووكمان".

ئەو سەركردەیەی یەكێتی وتیشی: "پڕۆسەكە لەو چوارچێوەیەدایە واتە ئێمە هەنگاوی یەكەم دەنێین بەپێشكەشكردنی كاندیدەكان، تەواوكەرەكەی ئەوەیە پارتی یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئێمە لاریمان لەهیچ كاندیدێك نییە كە پێشكەشی دەكەین و هەموویان بەكادیری خۆمان دەزانین، بەڵام دوای ئەوەی پارتی رەزامەندی لەسەر یەكێكیان ده‌دات ئەو كاندیدە دەبێتە كاندیدی یەكێتی كە هەمانكات رەزامەندی پارتیشی لەسەرە".

به‌رده‌وامى كۆبونه‌وه‌كانى هه‌ردوو حزب له‌كاتێكدایه‌ پێویسته‌ تا رۆژی 12ی تەموزی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان متمانە وەربگرێت، به‌ڵام یه‌كێتى راده‌ستكردنى ناوه‌كانى بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان به‌ستوه‌ته‌وه‌ به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، بۆ ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانى ره‌زامه‌ندى پارتییه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure