مەملەکەتێکی شەکەت و هەوارێکی لێل

هەواڵ / چاوی تۆ :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 551‌ جار بینراوە

ئارام ئازاد

حوکمکردن بە پێی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو خراپترین جۆری گوزەران بۆ خەلَک فەراهەم دەکات، ئەوەش دەگۆڕێ بە پێی کارامەیی و لێهاتوویی ئەوەی دەبێتە حاکم، بۆیە پێویستە بنەما و پرەنسیپە رامیاریەکان بەو ئاراستەیە بن کە خەڵک رازيی بێ نەک رازیکردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراو. 


هەمیشە خەمی خەڵک ئەولةویەتی کارکردنی هەر سیستمێک یا هەر ئایدۆلۆژیایەکی دەسەڵاتدارە، لەو روانگەیەوە دەکرێ وردبینی لۆژیکانە و بنیادنەرانە بکەینە نزیکترین خاڵی بە یەکگەیشتنی بزووتنەوەی خەڵک و دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیادار، وەلێ لە پای خراپی هەریەک لەو سیستمانەش ئیش کردن بە هەر یەکێکیان باشترە لەوەی سامانی وڵات فەرهود بکرێ بێ ساغبوونەوە بەسەر سیستمێکدا، ئایا دەکرێ دەسەڵاتێک وەک دەسەڵاتی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ سیستمێک و ئایدۆلۆژیایەک (دەوڵەتانی پەیڕەوی یەک فکر و ئایدۆلۆژیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەنجەی دەست ئەولاتر نیين) کارتێکەری نەبێ و مەجالی هیچ جۆرە ڕەخنە و پێشنیارێک نەهێلَنەوە بۆ چینێک لە رەخنەگران لەسەر ئەدای کارکردن و بەرەوپێشبردنی دەوڵەت لە ڕووی ئیداری و تەندروستی و کۆمەلآیەتیەوە، ئەوە لایەنە سیاسيةکەشی لەلایەکی تر جێبهێلَە چونکە هێڵی سوورە و بە چاک و بە خراپ بۆ کەس نیيە بۆچوونیشی دەربارەی هەبێ. هیچ ڕێی تێناچێ کە بێیتو رەخنە لە هیچ بگریت ئەوەش لەبەر ئەوە نا کە هیچ رووی نەداوە و بابەتێک نییە بۆ ڕەخنەگرتن بەڵکو بەهۆی ئەوەی بابەتی ڕەخنەکە بێ مۆرالَە و هیچ هیوایەک لە ڕەخنەگرتن نابینرێ.

شتگەلێکی زۆرمان بیست و کەممان دیت ئەوەی لەم هەوارەش دەگوزەرێ وەک هەبوو و نەبووی دەستپێکی حکایەتەکانی منداڵیە لە قسەکردندا هەبووە و لە عەمەلدا نەبووە، لە عەمەلیشدا بنیادنانی دیموکراتیەت لەسەر ئەساسی فێڵ و چەواشەکردن ئەزموون لەناو دەبات، تەنها لەو پێناو ناوی بنەماڵەیەک یا ئاغایەک یا شێخێک لە حوکمدا بمێنێتەوە ئەوە ناگەیەنێ بێين بەو دیوە جوانەی ئەمرِۆ دیموکراتیەتی تێدا بەرجەستە دەکرێ لە دنیادا پیشانی کۆمەڵانی خەڵک بدرێ و کۆمەڵێک هیوا لە دڵیاندا بچێنرێ و تا بەرەنگاريی دواهەمین ڕۆژیان دەبنەوە بەو هیوایەوە بژین. 

لە میسر کاتێک شۆرِش دژی سیستمی پاشایەتی لەسەر دەستی (محةمةد نەجیب) و (جەمال عةبدولناسر) دەستی پێکرد، دروشمێکی دانایانەیان پەیڕەو کرد کە زۆر ئامانجیان پێی پێکا: (الدين لله و الوطن للجميع) باوەڕداريی بۆ خودا و نیشتیمان بۆ هەموان. بەپێی ئەو دروشمە هەموو کەسێک دەیتوانی ببێتە سەرۆک نەک تەنها نوخبەیەکی پیاوانی ئایینی و لەهەمانکاتدا سیمای سەرۆک تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن یا جوڵانەوەیەکی کۆدەتایی تر دیار نەبوو. 

کێشەی ئەمڕۆ ئەوەیە سیستمی بەرِێوەبردن نە شۆرِشگێڕیيە، چونکە شۆڕش دەمێکە کۆتایی هاتووە، نە لە بەرژەوەنديی چینی کرێکارە و نە سەرمایەداريیەکی بنیادنەرانە و بزنس-ە، بەڵکو تێکەڵەیەکە کە پێموایە ئەو کەسەی حوکمیش دەکات  خودی خۆی لێی تێنەگات، ئەوە لەلایەک. سەرۆکی بیست ساڵی داهاتووش ڕوون و ئاشکرا وةك دیاربوونی خۆر لە ئاسمان دیارە کە لە کێ و کێ تێپەڕ ناکات. 

دەتوانرێ لەو قالَبەدا وێنای ئەو حەقیقەتە بکەین کە تۆ گرنگیت تا ئەو کاتەی داوای مافی گرنگبوونی خۆت دەکەیت، ئیتر گرنگ نامێنیت و نابیت. هەر لەم دیوەدا هەندێک چین و کەس و بابەت گوزارشت لە هەموو شتێک دەکەن و لەهەمانکاتدا گوزارشت لە هیچیش دەکەن، بۆ نموونە ژینگەپارێزێکی وڵات، ئەوەی کە ئەم و ئەو پیسی دەکەن ئەو پاکی دەکاتەوە لەهەمانکاتدا کە هاتە سەر مەسەلەی ئیستیحقاقاتی ماددی لە دواوەی دواوەیە و سفرێکی سادەیە. 

دەبێ مرۆڤ ئیمکانیەتی هەبێ کە بلَێ (نا). ئەوان وشەی نا یان لا گرانە و گەر بە دەستیان بوایە هەر بە جارێک دەیانسرِیەوە چونکە ئەو وشەیە ئەوپەڕی کڕۆکی ناڕەزایەتی نیشان دەدات، ئەوە وەک ژیانی ژەنیارێک دێتە پێشچاو کە ژەنینەکەی لەگەڵ هەموو ئەو ئازار و نەهامەتیانە یەکدەگرنەوە کە لە ژیانیدا چەشتوویەتی و ویستوویەتی بە ژەنین  حەقی ئازار و ناخۆشیيەکان بکاتەوە و دەتوانرێ بە ئاسانی هەست بە رووداوەکانی ژیانی ئەو کەسە بکرێ لە ڕێگەی ژەنینەکەی، لەهەمانکاتدا ئەو ژەنینە پەیامێکی زۆر سادەتری ژەنیار دەگەیەنێ ئەویش ئەوەیە کە منیش ئینسانم و ڕاو بۆچوونم هەیە و ژمارەم لەم مەملەکەتە، بۆیە قبوڵی ناکات کەسێک بێ و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئامێری ژەنینەکەی بدات چونکە تاکە ڕێگەیە بۆ گەیاندنی پەیامە سادەکانی بە بەرامبەر. 

کاربەدەستی ژیری گەندەڵ ترسناکترینە، چونکە هەمیشە نوقسانی لە شتێکی پێرفێکت دەهێڵێتەوە و بە بۆشایی نەگونجاو پڕی دەکاتەوە کە ئەو بۆشاییە کەسێکی بێئاگا و لاوازە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم بەشە نوقسانە بکات و دەنگ و سەدای رەخنەگرانی بەشە نوقسانەکەش بەدەستبهێنێ و لە بەرژەوەنديی خۆی یەکلای بکاتەوە. ئەمە بەشێکە لە فەلسەفەی ژیريی کە بەهرەیە و پێویستی بە مێشکی کارامە هەیە، وەرن سەیری دەوروبەر بکەین بزانین لە واقعی ئەمرِۆ ئەمە بەرجەستەیە یا نا؟ رۆژانە ناوی کەسانێک دەبیستین کە بوونەتە دەمڕاستی خەڵکی ناڕازی، لەهەمانکاتدا کەمێ دوورتر سەیری ڕابوردووی بکە بۆت دەردەکەوێ ئەوەی لەبیر و هزریدا نەبووە خەڵک و موعاناتی خەڵک بووە! بۆیە پێویستە هەموو تاکێک پرسیاری ئەوەی لەلا گەڵالَە ببێت کە بۆچی فلان کەس لەو فەترە زەمەنیە کورتەدا بووە بە مشورخۆری گەل؟ دونیا لە دەقەیەکدا ئاوەژوو نابێتەوە بەڵام بیروڕای فیسار کەس لە دەقەیەکدا ئاوەژوو بووەوە، بۆچی؟. 

دەکرێ وەڵامی ئەوانە و چەندان پرسیاری تر  ئەم مەملەکەتە لە شەکەتی و ئەو لێڵی و قەیرانە فیکریەی تێیکەوتوە دەربهێنێ و بەرگێکی تازەی پڕ زانیاريی بکاتەبەر.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure