قایمقامی سلێمانی: چیتر رێگە نادەین گەڕەکە کۆنەکانی شار تێکبدرێن

هەواڵ / کوردستان :: 01/07/2019‌ :: 157‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال

كۆبوونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی گه‌ڕه‌ك و خانووه‌ كه‌له‌پورییه‌كانی سلێمانی به‌رده‌وامه‌ و رێوشوێنه‌كانیش بۆ پاراستنیان توندتر ده‌كرێن.


ئه‌مڕۆ دووشەممە (1ی تەمموزی 2019)، له‌ دیوانی قایمقامیه‌تی سلێمانی، ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنه‌رانی شاره‌وانی سلێمانی و شوێنه‌وار و زانكۆی سلێمانی و لیژنه‌ی پاراستنی كه‌له‌پور و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان لەبارەی رێگریکردن لە تێکدانی گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی کۆبووەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بابه‌تی دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان فه‌رمانگه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بوو بۆئه‌وه‌ی میكانیزمی پێویست بگیرێته‌به‌ر و چیتر رێگه‌ نه‌درێت گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سه‌نته‌ری شاری سلێمانی تێكبدرێن و سیمایان بشێوێنرێت و له‌ ناوچه‌ی نیشته‌جێبونه‌وه‌ بكرێن به‌ ناوچه‌ی بازرگانی.

قایمقامی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: پاراستنی ناوچه‌ كه‌له‌پورییه‌كانی سلێمانی ئه‌ركی هه‌موولایه‌كه‌ و شێواندنیشیان زیان به‌ مێژوو و كه‌له‌پوری شاره‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ رێگه‌ ناده‌ین چیتر سیما و شێوازی ئه‌و گه‌ڕه‌ك و خانووانه‌ تێكبدرێن.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا به‌ نووسراوی فەرمی داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی بكرێت ته‌واوی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ سه‌نته‌ری شار و نه‌خشه‌یه‌كی وردی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ بخاته‌ به‌رده‌ستی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكرێت، یان به‌پێی پێویست هه‌موار بكرێنه‌وه‌. لیژنه‌ی پاراستنی خانووه‌ كه‌له‌پورییه‌كانیش كه‌ له‌ نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهاتوون له‌ كاره‌كانی به‌رده‌وام بێت.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure