دوو دیارده‌ى گه‌ردوونى رووده‌دەن و له‌ هه‌رێمى كوردستانیش یەکێکیان ده‌بینرێت

هەواڵ / زانست :: 01/07/2019‌ :: 2756‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى فه‌له‌كه‌ناسى هه‌رێم  رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌م مانگه‌دا دوو دیارده‌ى گه‌ردوونى رووده‌دەن، به‌ڵام ته‌نیا یه‌كێك له‌ دیارده‌كان له‌ هه‌رێم ده‌بینرێت.

ئه‌ژى چه‌تۆ، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى فه‌له‌كناسى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى داتا و ئەژمارە وردە زانستییەكانى بوارى فەلەكى وا چاوەڕوان دەكرێت كە لە مانگى تەمموزى ئه‌مساڵدا، هه‌ردوو دیاردەى مانگ گیران و خۆرگیران رووبدات.

له‌باره‌ى دیارده‌ى مانگ گیران، ئه‌ژى چه‌تۆ وتى: "سبه‌ى سێشه‌ممه‌ 2ى ته‌مموزى 2019، لە زەریاى هێمن و باكور و ناوەڕاستى چیلى و ئەرجەنتین خۆرگیران روودەدات، هەروەها بەشێوەى نیمچە خۆرگیران لە وڵاتانى خۆرئاواى ئەمریكاى باشور و ناوچەى باشورى زەریاى هێمن دەبینرێت، به‌ڵام لە هەرێمى كوردستان و عێراق ئه‌و دیارده‌یه‌ بەدى ناكرێت". 

له‌باره‌ى دیاره‌ى مانگ گیرانەکە و بینینى له‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى فه‌له‌كناسى هه‌رێم وتى: "له‌ 16ى ته‌مموزى 2019، مانگ گیرانى نیمچەیى لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیاى ناوەڕاست و زەریاى هیندى روودەدات و لە هەرێمى كوردستان و عێراقیش دەتوانرێت بەدى بكرێت".

وتیشى: "لە كاتژمێر 9:43 خولەکی شەو سەرەتاى مانگ گیرانه‌كه دەستپێدەكات و پاشان كاتژمێر 11:13 خولەک بەچاوى ئاسایى دەبینرێت، هه‌روه‌ها كاتژمێر 1:30 بەرەبەیانى دەگاتە بەرزترین ئاست كە %75 دەبێت و كاتژمێر 2:30 كۆتایى به‌ دیارده‌كه‌ دێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure