پێوه‌ره‌كانی به‌ناوبانگبوون..!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 30/06/2019‌ :: 263‌ جار بینراوە

كۆسره‌ت جومعه‌ كه‌ریم
هه‌ر كاتێك ته‌نیا خۆم و مۆبایله‌كه‌ی ده‌ستم پێكه‌وه‌ گه‌شتێك ده‌كه‌ین به‌ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كاندا و له‌ گرنگترین ڕووداو و پێشهاته‌كانی ڕۆژ ده‌ڕوانم، هه‌ر كه‌سێك له‌ شاشه‌ی مۆبایله‌كه‌وه‌ خۆیم پیشان ده‌دات، بێ ویستی خۆم ده‌یناسم و خه‌ڵكانێكی زۆریش ده‌یناسن...یه‌كێكیان ده‌روونناساغێكه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆش بێت یان هیچ له‌ مۆسیقا و هونه‌ری گۆرانیوتن بزانێت، به‌ تۆنێكی زۆر نه‌شاز، گۆرانی ده‌ڵێت! یه‌كێكی تر خانمێكه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نووره‌یه‌كی تا سه‌رووئه‌ژنۆ ڕووتی له‌به‌ركردووه‌ و سینگ و ملی پیشان ده‌دات، هه‌موو خه‌ڵكی به‌ منیشه‌وه‌ ده‌یناسین و سه‌یرى وێنه‌ و گرته‌ ڤیدیۆكانی ده‌كه‌ین! یه‌كێكی تر ماڵێكی كردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا درۆ بۆ خه‌ڵك ده‌كات، هه‌مووان به‌ منیشه‌وه‌ ده‌زانن درۆ ده‌كات، هه‌مووان به‌ منیشه‌وه‌ بینه‌ر و بیسه‌ری هه‌موو قسه‌كانین! یه‌كێكی تر بووه‌ته‌ مه‌لا و كه‌سێكی تر بوه‌ته‌ چالاكی بواری ژنان و به‌ تێڕوانینی خۆی به‌رگریی له‌ ژنان ده‌كات، كه‌چی جگه‌ له‌ جوێن و وته‌ی نه‌شیاو زیاتر هیچی لێ نابیستین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌ناوبانگ و خاوه‌ن هانده‌ر و (جه‌ماوه‌ری خۆیه‌تی)!..كه‌سێكی تر به‌خۆی ده‌ڵێت من كاری مۆدێل ده‌كه‌م و به‌وه‌نده‌ پاره‌یه‌ ڕیكلام ده‌كه‌م یان ده‌بمه‌ ئه‌كته‌ر له‌ كلیپێكی گۆرانیدا، ئه‌و  كاری مۆدێل ده‌كات، من بۆچی ده‌بێت بیناسم و لایك بۆ ڤیدیۆ و وێنه‌كانی بكه‌م؟..بۆچی ئه‌وانی تریش واده‌كه‌ن؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ باسكران به‌ناوبانگن و خه‌ڵكی ده‌یانناسێت، لێره‌دا پرسیارێك دێته‌پێش: ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ گه‌وره‌ و خاوه‌ن پێگه‌ن؟ یان به‌ناوبانگبوون كارێكی بچووك و ساده‌یه‌ و زوو به‌ده‌ستدێت؟ 
زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری مرۆڤه‌كان له‌ خواست و ویست و خه‌ونه‌كانیاندا له‌یه‌ك ده‌چن و ویست و ئاره‌زووه‌كانیان هاوشێوه‌ن...هه‌موومان ده‌مانه‌وێت ساماندار بین، خۆشویستراو بین و به‌ناوبانگ بین. ده‌مانه‌وێت پله‌وپایه‌ به‌ده‌ستبهێنین و ببینه‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات، ده‌مانه‌وێت گه‌وره‌ بین و گه‌وره‌ش ببینرێین! به‌ڵام ئایا به‌دیهێنانی ئه‌مانه‌ ئاسانه‌ و هه‌روا به‌ ساده‌یی به‌ده‌ستدێن؟ ئه‌مه‌ پرسیاره‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌...
ده‌وڵه‌مه‌ندبوون هه‌وڵ و ماندووبوونی زۆری ده‌وێ و ڕه‌نگه‌ به‌ هه‌وڵی زۆریش هه‌ر نه‌یه‌ته‌دی! پله‌وپایه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش كه‌سانی تایبه‌ت و جیاوازی ده‌وێ كه‌ ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ و به‌درێژایی مێژوو چینی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌مینه‌بوون، بۆیه‌ بوونی وه‌ها ئاره‌زوویه‌ك بۆ چینی گشتی و زۆرینه‌ ده‌ست نادات. بۆ خۆشویستراوییش هه‌ر به‌ سروشت ناكرێ هه‌موو كه‌سێكت خۆشبوێ و هه‌موو كه‌سێك خۆشیبوێیت! كه‌واته‌ ئه‌وه‌ش ناكرێ، چیمایه‌وه‌؟..ناوبانگ! ئه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌توانین پێی بگه‌ین. ئه‌وه‌ی كه‌ هیچی ناوێ جگه‌ كه‌مێك له‌ گوێ پێنه‌دان! ئه‌و خه‌ونه‌ی هه‌مووان ده‌توانن بیهێننه‌دی له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، به‌ناوبانگبوونه‌! به‌ئاسانی ده‌توانیت ناو و ناوبانگی خۆت به‌ هه‌موو كوچه‌ و كۆڵانێك و ماڵێكدا بڵاوبكه‌یته‌وه‌.
بڕوام پێبكه‌ هیچ شتێك هێنده‌ی به‌ناوبانگبوون به‌ ساده‌یی به‌ده‌ست نایه‌ت! ڕه‌نگه‌ پێت سه‌یر بێت كه‌ واده‌ڵێم، تۆ بڕوانه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ئێستادا به‌ناوبانگن چ كاره‌ن؟ یه‌كێك به‌هۆی درۆی گه‌وره‌ گه‌وره‌وه‌ به‌ناوبانگ بووه‌ و شانازییش به‌ درۆكردنیه‌وه‌ ده‌كات! یه‌كێكی تر به‌هۆی ده‌رخستنی سینگ و سمتی و یه‌كێكی تر به‌هۆی ده‌نگه‌ ناخۆشه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ گۆرانی ده‌ڵێت! كه‌سێكی تر به‌هۆی بوونی به‌ پۆرن ستار و كه‌سێكیتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ هیچ شتێك نازانێت و له‌هه‌موو شتێكدا و له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه‌ ده‌كات، به‌ناوبانگبووه‌! یه‌كێك به‌هۆی شێتییه‌وه‌ و یه‌كێكی تر به‌هۆی جوێندان و یه‌كێكی تریش به‌هۆی نوكته‌بازییه‌وه‌!
بۆ به‌ناوبانگبوون ئه‌گه‌ر 1000 ڕێگه‌ هه‌بێت، ئه‌وا 950 ڕێگه‌یان به‌د و نه‌شیاو و خراپ و ئاسانن، ته‌نیا 50 ڕێگه‌یان له‌ڕێی باشه‌ و ویستی چاكه‌كارانه‌وه‌یه‌ ئه‌ویش كه‌ زۆر ئه‌سته‌م و تاقه‌تپڕووكێنه‌. محه‌مه‌د ڕه‌ته‌یانی نووسه‌ری سعودی ده‌ڵێت: ده‌ته‌وێت به‌ناوبانگ بیت؟ بڕۆ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامێكدا خۆت ڕووتبكه‌ره‌وه‌، به‌ناوبانگ ده‌بیت.
خودایه‌ من نه‌كه‌یت به‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بێ ناوه‌ڕۆكن، به‌ڵام به‌ناوبانگن! خودایه‌ هاوڕێیه‌تی و هاوه‌ڵی ئه‌و كه‌سانه‌شم پێ ڕه‌وا نه‌بینی...ئامین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure