په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى زیاتر ده‌داته‌ عه‌بدولمه‌هدى

هەواڵ / عێراق :: 30/06/2019‌ :: 147‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مانى عێراق دوو بڕیارى ده‌ركرد، كه‌ یه‌كێكیان پێدانى ده‌سه‌ڵاتى زیاتره‌ به‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆستى پله‌ تایبه‌ته‌كان.


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى حوزه‌یرانى 2019) په‌رله‌مانى عێراق كۆبووه‌وه‌ و تیایدا ماده‌ى (58)ى یاساى بودجه‌ى گشتى عێراقى بۆ ساڵى 2019 هه‌مواركرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ حكومه‌ت پابه‌ندده‌كات به‌ڕێوه‌بردنى به‌وه‌كاله‌تى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت تا (2019/10/24) یه‌كلایى بكاته‌وه‌.

به‌پێى هه‌مواره‌كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ته‌نها بۆ دامه‌زراوه‌ شارستانییه‌كان ده‌بێت، سه‌ربازیى و ئه‌منییه‌كان ناگرێته‌وه‌.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌: دواى ئه‌و به‌رواره‌، هه‌ر رێوشوێنێكى دیاریكراو به‌وه‌كاله‌ت به‌ پوچه‌ڵ ده‌دانرێت و هیچ شوێنه‌وارێكى یاسایى له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌ دیاریكراوه‌كه‌ نابێت.

هاوكات له‌ دانیشتنه‌كه‌دا محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانى په‌رله‌مانى راسپارد كه‌ ناوى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى له‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان و دانیشتنى ئه‌مڕۆدا نه‌هاتوون له‌ میدیاكاندا بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا 110 په‌رله‌مانتار ئاماده‌نه‌بوون، هه‌روه‌ك دانیشتنى رابردووش به‌هۆى كه‌مى نیسابى یاساییه‌وه‌ ئه‌نجامنه‌درا.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure